پێدەچێت پەسەندكردنی بودجەی عێراق بكەوێتە دوای نەورۆز

پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر تا رۆژی دووشەممە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق نەخرێتە دەنگدانەوە، پێدەچێت بكەوێتە دوای پشووەكانی نەورۆزەوە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت، بەشێك لە فراكسیۆنە شیعەكان پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەیان بەستووەتەوە، بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی.

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام نەخراوەتە بەرنامەی كار، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دوا وادەیە بەبڕوای من رۆژی دووشەممەش ناخرێتە بەرنامەی كار”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:”پێدەچێت دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بخرێتە دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی نەورۆزەوە”.

لەلایەكی دیكەوە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”دەبوو سێ‌ هەفتە پێش ئێستا پرۆژەیاسای بودجە بخرایەتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام تا ئێستا وادەیەك دیاری نەكراوە بۆئەوەی بخرێتە بەرنامەی كارەوە”.

شیروان میرزا وتیشی:”هۆكاری نەخستنە بەرنامەی كاری پرۆژەیاسای بودجە نازانین، رەنگە هۆكارێكی پەیوەندی بەو ماددەیەوە هه‌بێت كه‌ تایبەتە بە پشكی هەرێم، ئەوەش پەیوەندی بەكوردەوە نیە لە ئێستادا پەیوەندی بە شیعەوە هەیە، كە رای خۆیان یەك نەخستووە لەسەر پشكی كورد، بەشێكیش لە فراكسیۆنە شیعەكان پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەیان بەستووەتەوە بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی”.

رۆژی 16_1_2021 پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە گفتوگۆكانی هێنا دەربارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بەبێ‌ ئەو ماددەیەی تایبەتە بە پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا، تا ئێستا لایەنە شیعەكان لەناوخۆیاندا یەكدەنگ نین لەسەر دەقێكی دیاریكراو تایبەت بەپشكی هەرێم و حكومەتی هەرێمیش رایگەیاندووە، بەو دەقە رازین كە حكومەت لەناو پرۆژە یاساكەدا دەربارەی پشكی هەرێم دایناوە كە بریتیە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەبەرامبەر 12,67 ی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێم، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراقیش پشتگیریی هه‌مان ده‌ق ده‌كات، به‌ڵام به‌شێك له‌لایه‌نه‌ شیعه‌كان ئه‌و ده‌قه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و داوای ڕاده‌ستكردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌كه‌ن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا