پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دووەم سەربازی ئۆكرانیا لەلایەن جوداخوازەكانەوە كوژرا و كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئەوروپاش گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرت.
سوپای ئۆكرانیا رایگەیاند، سەربازێكی دیكەیان لەلایەن جوداخوازەكانەوە كوژراوە، بەم جۆرەش ژمارەی كوژراوەكانی ئۆكرانیا ئەمڕۆ شەممە گەیشتە دوو سەرباز.
ئاژانسی هەواڵیی “تاس”ی روسیش رایگەیاند، دوو موشەك ئاڕاستەی ناوچەیەكی روسیا كراوە كە هاوسنورە لەگەڵ ئۆكرانیا.
سوپای روسیا، بەهۆی هێرشی سوپای ئۆكراینەوە بۆ سەر ناوچەی رۆستۆڤ لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، چەند كەسێك بریندار بوون و سوپای ئۆكرانیاش هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.
بەهۆی زیادبوونی گرژییەكانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئەوروپا، گەشتەكانیان بۆ ئۆكرانیا راگرتووە.
رۆژ بە رۆژ هەڕەشەی داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن رووسیاوە زیاد دەبێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رۆژی هەینی چووە بەردەم میدیاكان و دوایین زانیاریی هەواڵگری ئاشكراكرد، وتی: دەكرێت هێرشەكە لەم هەفتەیەدا رووبدات.
لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا ئاماژەكان لە نزیكبوونەوەی هەڵگیرسانی شەڕ دەچن، لە هەرێمی دۆنێتسكە، خەڵكی سڤیل بەرەو سنوورەكانی روسیا هەڵدێن، سەركردە جوداخوازەكانی نزیك لە روسیا بە خەڵكیان وتووە، لەلایەن ئۆكرانیاوە هێرشیان دەكرێتە سەر، ئەمریكاش دەڵێت، ئەوە سیناریۆ و پڕوپاگەندەی روسیایە بۆ هەڵبەستنی پاساوی شەڕ.
سەرەڕای هەڕەشەكانی سەر وڵاتەكەی و هۆشدارییەكانی ئەمریكا بۆی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رۆژی شەممە گەشتی بۆ ئەڵمانیا كرد و بەشداریی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا كرد، لەوێ لە وتارێكدا داوای لە هەموو لایەك كرد رێگە لە شەڕ بگرن و وتی، ئەگەر شەڕ ببێت كارەسات دەخوڵقێت، هاوكات خەڵكی ئۆكرانیا چارەسەرێكیان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن.