بەشێک لە میلیشیاکانی عێراق یەکتری پاکتاو دەکەن

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لەم ماوەیەی دواییدا، ناکۆکی لەنێوان سەرکردە و چەکدارانی بەشێک لە میلیشیاکانی عێراق کە سەربە ئێرانن دروستبوو، بەشێکی زۆر لەو ناکۆکییانەش هۆکاری پارە و هەژموون و جیابوونەوە لە هێزێک و چوونە هێزێکی دیکەی لەپشت بوو.

بەنمونە هەفتەی رابردوو، عێراق رووداوی گوماناوی بەخۆیەوەبینی، لەدوای کوژرانی دوو سەرکردەی سەربە حزبوڵـڵا و ئەهلی حەق بەشێوەیەکی ناڕوون بەجۆرێک، چەندین گومان لەبارەی ناسنامەی بکوژان و هۆکاری کوشتنەکەشەوە دروست بوو.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، سێشەممەی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو لە بەغدای پایتەختی عێراق، سەرکردەیەکی میلیشیای ئەهلی حەقیان لەژێر ناوی محەمەد رەحیم شەمەری لە ناوچەی شوعلە لەڕێی چەکی بێدەنگەوە کوشتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنکەوتووانی ئەهلی حەق راشکاوانە تۆمەتیان داوەتەپاڵ میلیشیا رکابەرەکانیان.

لەپاڵ ئەوەشدا، چاودێران هۆشداری ئەوەدەدەن، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و رکابەری گەیشتن بە سامان و هەژموون، ببێتەهۆی بەرفراوانکردنی ناکۆکی لەنێوان میلیشیاکاندا.

هەر میلیشیایەک باڵێکی سیاسی هەبێت رکابەری لەگەڵ ئەوانەی دیکەدا دەکات

لایخۆیەوە موهەنەد جەنابی، توێژەر لەبواری کاروباری کۆمەڵە چەکدارەکان و مامۆستای یاسا لە زانکۆی جیهان رایگەیاند، زۆرجار  ئەو کەس و لایەنانە دەکرێنە ئامانج کە لە وڵاتدا دژی هەژموونی ئێرانن، بەڵام لەناو میلیشیاکاندا زۆرجار بەپاڵنەری پەیوەست بە بەرژەوەندی تایبەت و ناگوێڕایەڵبوون ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەمجار نییە کە پاکتاوی سەرکردەی میلیشیاکان بکرێت، لە ساڵانی رابردووشدا رووداوی هاوشێوە روویدا، بەڵام ئەوەی تایبەتمەندی داوەتە رووداوەکانی ئەم دواییە بریتییە لە زیادبوونی مشتومڕە توندەکان لەنێوان ئەو میلیشیایانە و بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، بەنمونە هەر میلیشیایەک باڵێکی سیاسی هەبێت رکابەری لەگەڵ ئەوانەی دیکەدا دەکات و پێیوایە هەر دەستکەوتێکی رکابەرەکانی لەسەر حسابی جەماوەری ئەو و هەژموونی ئەو بەدیدێت.

بەپێی قسەی موهەنەد جەنابی، ئەم دۆخە لەناو سەدرییەکان و ئەهلی حەق و جوندی ئیمامدا هەیە، وتیشی: بەشێک لە میلیشیاکان و باڵە سیاسییەکانیان هەوڵ دەدەن گرەنتی دەستکەوتەکانیان لەڕێی گرێبەستی حکومی و مامەڵەی گەندەڵانە و دەستگرتن بەسەر موڵکدا بکەن.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی میلیشیاکان و دەستگرتنیان بەسەر موڵکی دەوڵەت لەم ماوەیەی دواییدا، پێشبڕکێی نێوانیان لەسەر بەرژەوەندییەکان دەستیپێکردووە و پێدەچێت ئەمەش هۆکاری پڕۆسەی پاکتاوکردنی نێوانیان بێت.

لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی میلیشیاکان و دەستگرتنیان بەسەر موڵکی دەوڵەت، لەم ماوەیەی دواییدا پێشبڕکێی نێوانیان لەسەر بەرژەوەندییەکان دەستیپێکردووە

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توخمانەی گرێبەستیان لەناو دەستەی حەشدی شەعبی هەیە و پلەی دامەزراندنیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجە 35 هەزار پلەی تێپەڕاندووە، کە ئەمەش بووەتەهۆی زیادبوونی ویستی ئەو میلیشیا و پارتانە بۆ رکابەریکردن لەسەر ئەو پلانە، هاوکات، لەژێر رۆشنایی نەبوونی هاوسەنگی لە دەستکەوتەکان، ئەو ناکۆکییانەی کە هەن زیاتر دەبن.

لایخۆیەوە رەعد هاشم، توێژەر لە کاروباری کۆمەڵە چەکدارەکان رایگەیاند، “ئەو رووداوانەی لەماوەی هەفتەی رابردوو روویانداوە، کوژرانی ئەندامەکەی ئەهلی حەق لە بەغدا یاخود تەقینەوەی بۆمب بە ئەندامەکەی حزبوڵـڵا لە ناوچەی جەرف ئەلسەخر، بەشێکن لە پلانی پاکتاوی ناو میلیشیاکان، ئەم ناکۆکییە قوڵانە بەتایبەتی لە ناوچەی هەژموونی میلیشیاکان دێنەئاراوە، کە لەنێوان خۆیاندا لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی پارە و موڵک و قاچخچێتی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندان”.

لەپاڵ ئەمانەشدا، جەختی لەوەکردەوە، رۆژانی داهاتوو ئەگەری رووداوی دیکەی هاوشێوە هەیە بەجۆرێک، تیمی کوشتار بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە میلیشیاکان هەڵدەستن بە کردنەئامانجی کاندیدانی هەڵبژاردنەکان لەناویشیاندا چالاکوان و ئەو کەسانەی دژی سیاسەتیانن.

هاشم باسی لەوەکرد، ئەم هەوڵانە لای لایەنەکان ئاشکران و خۆشەویستی دەسەڵات و نزیکبوونەوە لە ئێرانیش پاڵنەرن بۆ زیادکردنی پاکتاوکردنەکان بەتایبەت لەدوای نەمانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا