پۆڵه‌تیك پرێس:
جارێكی دیكه ئاماری توشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له عێراق ڕووی له هه‌ڵكشان كرده‌وه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه پابه‌ندی ڕێكاره خۆپارێزییه‌كان نابن.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا دووهه‌زار و 798 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به كۆرۆنا تۆماركراوه، ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی پێیوانه‌ییه به‌راورد به دابه‌زینی ئاستی ڕێژه‌ی تووشبوون له هه‌فته‌كانی ڕابردوودا.
ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ عێراق بووه‌ته كێشه هه‌ر به‌ته‌نها هه‌ڵكشانی ئاماری تووشبوون نییه، به‌ڵكو وه‌ك حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ئاشكرایكرد، حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنای گۆڕاو له عێراق تۆماركراوه.
لیوا خالید مه‌حنا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له 18ی ئه‌م مانگه له عێراق، سزای توندی ماددیی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه پابه‌ندی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی عێراق نابن.
هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماره‌كانی تووشبوون به كۆرۆنا له عێراق، هێشتا ئاماری گیانله‌ده‌ستدان به كۆرۆنا له ئاستێكی نزمدایه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداریده‌دات له‌وه‌ی، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماری توشبوون له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن به كۆرۆنا ده‌هێنێت.