دواین ئاماری تایبەت بەئاوارەبوون‌و رفێندراوانی دەستی داعش

پۆڵەتیك پرێس
نووسینگەی رفێنراوان و رزگاركراوانی كوردانی ئێزدی لە دهۆك دواین ئاماری تایبەت بە ئاوارەبوون و رفێندراوانی دەستی داعش و رزگاركراون بڵاوكردەوە.

حسێن قائیدی لێپرسراوی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، بەهۆی شەڕی داعشەوە 360 هەزار كوردی ئێزدی ئاوارە بوون و لەئێستادا نزیكەی 150 هەزاریان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئێستا 1293 كوردی ئیزدی گیانیان لە دەست داوە، دوو هەزار و 745 منداڵیش بەهۆی شەڕی داعشەوە بەبێ سەرپەرشت ماونەتەوە.

حسێن قائیدی راشیگەیاند، بێجگە لە دۆزینەوەی چەندین گۆڕی تاكەكەسی لەسنووری شەنگاڵ تائێستا 82 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان دۆزراوەتەوەو 68 مەزار و مەرقەدی تایبەت بە‌ئاینییەكانی ئیزدی، كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تەقێنراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی هەبوونی چەكدارانی داعش لەسنوری شەنگاڵ شەش هەزارو 417 كەس لە ئێزدییەكان رفێنران، كە سێ هەزار و 548 كەسیان پیاو و دوو هەزار و 869 كەسیان ئافرەت بوون و تا ئێستا‌ سێ هەزار و 545 كەس رزگار كراون، بەجۆرێك هەزار و 205 كەسیان ئافرەتن و 339 كەسیان پیاوبوون و هەزار و 45 كەسیان كچ بوون و 956 كەسیان كوڕ بوون تائیستاش دوو هەزار و 768 كەس، كە هەزار و 298 كەسیان ژنن و هەزار و 470 كەسیان پیاون بێسەرو شوێنن و چارەنوسیان نادیارە.

بەوتەی لێپرسراوی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی لەپارێزگای دهۆك ژمارەی كوردانی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان و عێراق 550 هەزار كەسن و زیاتر لە 100 هەزاریان بەهۆی بارودۆخی نالەباری ژیانیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.

لە رۆژی 3/8/2014 بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەرخاكی عێراق و سەر شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری دەوروبەری كوردانی ئێزدی بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان رووبەڕووی ئاوارەبوون و لەناوچوون بوونەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا