داعش‌و ئەردۆغان دوو دیوی یەك دراو

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
بەپێی رای شیكەرەوەكان، حكومەتی توركیا ماوە ماوە هەڵدەستێت بە بەكارهێنانی رێكخراوی داعش بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی ناوخۆیی‌و دەرەكی، بەتایبەت كاتێك قەیرانە ئابوورییەكان و فشارە سیاسییەكان قووڵتر دەبنەوە، لەوكاتەدا داعش دێتەوە ناو مەیدان و هەواڵی دەستگیركردنی ئەندامانیان بڵاودەكرێتەوەو میدیاكانی سەر بە توركیا بەهۆیەوە ئاهەنگ دەگێڕن بەڵام بابەتەكە تەنیا ئەمە نییە.

سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، لە ناوچەی دێرلی لەویلایەتی گیریسون لەباكووری توركیا، مەحمود ئۆزدن ئەمیری داعشیان دەستگیركردووە.

شوێنی شاردنەوەی چەكیان دۆزیوەتەوە

ئەو وەزیرە توركییە باسی لەوە كرد، ئەو شتانەی لە ماڵەكەی ئۆزدندا دۆزراونەتەوە، پلانی پێكهێنانی كۆمەڵەی ١٠ بۆ ١٢ كەسی تێدا بووە بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری “تیرۆرستی” لەتوركیا، وەك چۆن شوێنی شاردنەوەی چەكیان دۆزیوەتەوە، هاوكات پلانێكیان بەردەست كەوتووە بۆ زیان گەیاندن بە ئابووری توركیا و رفاندنی سیاسی و پیاوانی دەوڵەت و گواستنەوەیان بەرەو سوریا.

بەڵام دۆخەكە سەرەونگوم بوو كاتێك دەركەوت ئەو ئەمیرەی داعش لەماوەی ئەم سێ ساڵەی دواییدا شەش جار دەستگیركراوەو لە هەر جارێكدا وەزیری ناوخۆی توركیا ناچاربووە لەڕێی بەیاننامەی فەرمییەوە بڵێت: هیچ بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراومان دژی ئەو ئەمیرە دەستنەكەوتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتی دادوەری لە ئازادكردنی ئەمیرەكەی داعشدا هەڵەی نەكردووە و وتی: ئەوان لەرێی یاساوە بەئەركی خۆیان هەڵدەستن، بەڵام كاتێك هیچ بەڵگەیەك بوونی نەبێت ناتوانن دادگایی هیچ كەسێك بكەن و لە زینداندا بیهێڵنەوە.

ساڵی ٢٠١٤، دۆردۆ ئۆزبۆلات ئەندامی پارتی گەلی جەماوەری توركیا رایگەیاند، حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پاڵپشتی رێكخراوە چەكدارییە توندڕەوەكانی هاوشێوەی داعش و بەرەی نوسڕەی كردووە، بەتایبەت كە رێگای پێداون لە خاكی توركیادا راهێنان بكەن و بە رێگا دەریاییەكانیدا تێپەڕن.

لەلایەكی دیكەوە، رەفیق ئاریڵماز ئەندامێكی دیكەی پارتی گەلی جەماوەری باسی لەوە كرد، حكومەتی توركیا رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ رێگریكردن لە هاتنە ناوەوەی ئەندامانی داعش لەڕێی خاكی توركیاوە بۆناو سوریا.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی دادوگەشەپێدان، كە دژی سوریایە و پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵەی ئیخوان لە میسر هەیە و پاڵپشتی بەرەی نوسرە دەكات، جوڵەكانی رێكخراوی داعش پشتگوێ دەخات.

لایەنەكانی رێكخراوە توندڕەوەكە، توركیا وەك بنكەیەكی لۆجستی بەكاردەهێنن

هەروەها وتیشی: لایەنەكانی رێكخراوە توندڕەوەكە، توركیا وەك بنكەیەكی لۆجستی بەكاردەهێنن بەتایبەت، كە حكومەتی دادوگەشەپێدان هیچ هەوڵێك نادات بۆ رێگریكردن لەگەیشتنی داعش بە خاكی سوریا و هیچ چاودێرییەكیشیان بۆ دانانێت.

ئەبو مەنسور مەغریبی، كە بەرپرسی هەماهەنگی نێوان داعش و هەواڵگری توركیا بوو، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕیHomeland Security Today لەشوباتی ساڵی ٢٠١٩ باسی لەسروشتی پەیوەندی نێوان داعش و حكومەتی توركیا كرد و وتی: چەند تیمێك هەبوون، هەندێكیان نوێنەرایەتی هەواڵگری توركیا و هەندێكی دیكەیان سەر بەسوپای توركیا بوون، زۆربەی كۆبوونەوەكانیان لەبنكە سەربازییەكان، یاخود نووسینگەكانیان لە توركیا دەكرد، ئەوەش بەپێی ئەو بابەتەی گفتوگۆیان لەسەر دەكرد.

باسی لەوەش كرد، توركیا بەشێوەیەكی گشتی ئۆتۆمبیلێك و كۆمەڵێك سەربازی دەنارد و زۆربەی كات دوو بۆ سێ سەربازم لەگەڵ بوو، زۆربەی كاتەكان لە ناوچەی سەركردایەتی تیمی داعش بووم.

ئەوەشی وت: ئێمە وەك رێكخراوی داعش لە ناوچەكانی سەر سنوورین، توركیا وا پشانی دەدات، كە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە سنوورەكانی چڕبكاتەوە، بەڵام لە راستیدا ویستی توركیا گەورەترە لەكۆنتڕۆڵكردنی كوردەكان و سەر سنووری وڵاتەكەی، بەڵكو دەیەوێت دەسەڵاتی لە باكوری سوریاوە بەرەو موسڵ شۆڕبكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، كەرەم سەعید، شارەزای كاروباری توركیا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پەیوەندی نێوان داعش و توركیا دەستیپێكرد كاتێك كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ بە بارمتە گیرا و دوای دانوستانی خێرا لەگەڵ ئەندامانی داعش، ئەو بارمتانە ئازادكران، دواتر ئەو دەنگۆیە زیادیكرد كە باسی لەوە دەكرد، توركیا سود لە داعش وەردەگرێت لە ناوچەكانی سوریا و عێراق بەتایبەت لەو ناوچانەی دەوڵەمەندن بە نەوت، بەجۆرێك توركیا بە نرخێكی هەرزان ئەو نەوتەی دەستدەكەوت و هەناردەی دەرەوەی دەكرد.

توركیا بووەتە رێڕەوێكی پارێزراو بۆ ئەو كۆمەڵە توندڕەوانەی دەیانەوێت بچنە سوریا

باسی لەوەش كرد، توركیا داعش لەپێناو زیادكردنی هەژموونی خۆی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەكاردەهێنێت و لە دژی كۆمەڵەكانی وەك پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كاریان پێدەكات، جگە لەوەش لە دژی وڵاتانی گەورەی وەك روسیا كە لە ئێستادا لە سوریان بەكاریان دەهێنێت، وتیشی: توركیا بووەتە رێڕەوێكی پارێزراو بۆ ئەو كۆمەڵە توندڕەوانەی دەیانەوێت بچنە سوریا.

لەلایەكی دیكەوە، خورشید دلی شارەزا لە كاروباری توركیا رایگەیاند، ساڵانی رابردوو چەندین پەیوەندی لەنێوان داعش و ئەنقەرە ئاشكرابوو، بەنموونە ئەوەی لە ناوچەی باگۆزی سوریا روویدا، كاتێك یەكینەكانی كورد ژمارەیەك چەكداری توندڕەوی رێكخراوەكەیان دەستگیر كرد كە هەندێكیان پاسپۆڕتی توركیایان پێبوو شایەتحاڵی پاڵپشتی توركیا بوو بۆ رێكخراوی داعش.

وتیشی: پەیوەندی گوماناوی نێوان داعش و توركیا ئەو بازرگانییە ئاشكرا دەكات كە بەنهێنی لەنێوانیان بە نەوتەوە كراوە، لەڕێی ئۆپراسیۆنی قاچاخچێتییەوە كە خزمەتی بەرژەوەندی نێوان هەردوولای كردووە، باسی لەوەش كرد، ئەنقەرە بەمەبەستی تێكدانی ناوچەكە لەلایەك و پڕكردنی گیرفانی توركیا لەلایەكی دیكە پاڵپشتی دارایی داعش دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا