شكستی سیاسەتی ئابووری ئەردۆغان

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
رۆژی ٨ی ئەم مانگە، زاواكەی ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەهۆكاری تەندروستی دەستیلەكاركێشایەوە، بەڵام چاودێران هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی دەگەڕێننەوە بۆ شكستهێنان لەسیاسەتی دارایی، كە زیانێكی زۆری بە ئابووری توركیا گەیاند سەرباری دابەزینی بێشوماری بەهای نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی.

بیرات بەیرەك لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەكەی رایگەیاند، لەدوای كاركردنم بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە وەزارەت بڕیارمدا بەهۆكاری تەندروستی واز لەپۆستەكەم وەك وەزیری دارایی بهێنم.

بەڵام بەپێی راپۆرتێكی ئەلعەرەب، سیاسەتی دارایی و ئابووری زاواكەی ئەردۆغان بە بەردەوامی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە رەخنەی لێگیراوە و هەمیشە بەوە تۆمەتباریان كردووە، كە لە باشكردنی دۆخی ئابووری توركیا شكستیهێناوە.

لە باشكردنی دۆخی ئابووری توركیا شكستیهێناوە

لەلایەكی دیكەوە رۆژی شەممە، بولینت ئەرینچ ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژكاری باڵای سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی ئەو دۆخە ئابوورییەی توركیای پێدا تێپەڕ دەبێت هۆشداری دایە زاواكەی ئەردۆغان.

لە گفتوگۆیەكی كەناڵ ٤٢ی توركی بولینت ئەرینچ وەڵامی لێدوانەكەی وەزیری خەزێنە و دارایی دایەوە، كە باسی لەوە كردبوو هیچ كێشەیەك لە ئابووری توركیادا نییە و وتی: بەدڵنیاییەوە كێشە لە ئابووری توركیادا هەیە.

بەدڵنیاییەوە كێشە لە ئابووری توركیادا هەیە

لەماوەی دەستبەكاربوونییەوە لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٨ زاواكەی ئەردۆغان هەوڵی داوە سیاسەتی پارێزگاریكردن لە گەشەی ئابوری پەیڕەو بكات، لەنێویشیاندا سیاسەتی سەپاندنی سزا بەسەر قەرزی هەرزان لەو بانكانەی، كە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن، هاوكات سیاسەتی كەمكردنەوەی باج و پاڵپشتی بانكی ناوەند بۆ كەمكردنەوەی سودی قەرز، بەڵام ئەو سیاسەتە ئابورییانەی، كە دەگەڕێنەوە بۆ كەمی شارەزایی و لاوازی كارامەیی بووە هۆی شكستی ئابووری زاواكەی ئەردۆغان.

چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەردۆغان موراد ئەویساڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی لەكار دوورخستەوە بەهۆكاری دابەزینی نرخی لیرە بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی.

رۆژی شەممە، ئەردۆغان بە نوسراوێكی سەرۆكایەتی ئەویساڵی لەكار دوورخستەوە و لە جێیدا ناجی ئەغبالی وەزیری پێشووی دارایی دامەزراند بە بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكاری لە كار لابردنەكە بكات.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەغبال دەبێتە سێیەم پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیا تەنیا لە ماوەی ١٦ مانگدا، پێشتریش لە تەمموزی ساڵی رابردوو ئەردۆغان موراد چیتنكایای لەكار لابرد و ئەویساڵی خستە جێی و هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر بەرپرسانی بانك لە پاڵپشتی كردنی سیاسەتی گەشەی ئابوری حكومەتەكەی شكست بهێنن ئەوا كەسی زیاتر لە كار دووردەخاتەوە.

ئەغبال دەبێتە سێیەم پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیا تەنیا لە ماوەی ١٦ مانگدا

چاودێران چەندین جار پێشبینی ئەوەیان كرد، لەكار لابردنی زاواكەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە وەزارییەكاندا كارێكی پێویستە بەمەبەستی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابورییەی كە هەڕەشە لە توركیا دەكات، بەڵام ئەردۆغان كۆتایی ساڵی رابردوو وتی: كاتێك كار گەیشتە ئەوەی بابەتەكە پەیوەندیدار بێت بە كارمەندێكی وەزارەت رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.

پێشتریش، ئەردۆغان دانی بەوەدانا، كە وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشەی ئابووری دەبێتەوە، بەڵام هەمیشە خۆی و زاواكەی لەو كێشانە بێبەری دەكات كە دووچاری ئابوری وڵاتەكە هاتووە و هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە هۆكاری سەرەكی كێشەكان پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندە، واتە هەرگیز بوێری ئەوەی نەبوو دان بە هەڵەكانیدا بنێت كە ئەو سیاسەتە ئابورییەی پەیڕەوی دەكات دوورە لە بابەتیبوون و دۆخی بازاڕەوە و هەر ئەوەشە توركیای دووچاری داڕمانی ئابوری كردووە.

لەماوەی ئەمساڵدا، لیرەی توركی بەرێژەی ٪٣٠ بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی بەخۆوەبینیوە، لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی فیتچ پێشبینی دەكات، مەترسییە دارایی و ئابورییەكان لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی نرخی لیرە روو لە زیادبوون بكەن.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش كرد، توركیا سیاسەتی دراوی بەپێی پێویست بۆ پاڵپشتی لیرە چڕنەكردووەتەوە، هاوكات، یەدەگی دراوی بیانی و پارەداركردنی دەرەكی بۆ وڵاتەكە وەك دوو خاڵی لاوازی ئابوری توركیا دەمێننەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک