لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆم، خێراتر دەبن

هێشتا هەندێك پێیانوایە لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆمی 2017 بەردەوامە، بەو مانایەی هێشتا گەلێك رووداوی پلان بۆداڕێژراوی وڵاتانی هەرێمەكە هەیە نەچۆتە واری جێبەجێكردن، بۆیە سەرباری ناڕازیی بوون و گازندەی زۆر لەحوكمڕانان و حكومەتی هەرێم، دەبێ‌ یٔەو مەترسیانە بەهەند وەربگیرێن.

ئەو ئۆپراسیۆنەی تورك لەقوڵایی باشوری كوردستان، درێژكراوەی لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆمەو شوێن و ناوچەی دیكەش دەگرێتەوە.

حكومەتی عیراق لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هێزێكی زۆری لەشنگال كۆكردۆتەوە، وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو، بەڵام بۆ تورك ئاسان نییە دەربازی یٔەو ناوچانە ببێت.

ئەوەی ئەم ئۆپراسیۆنە لەوانی دیكە جیادەكاتەوە، بێلایەن بوونی هێزە ناوخۆییەكانی كوردستانە (تائێستا) لەم شەڕو روبەرووبونەوانەدا. سەرباری تێبینی، بەڵام ئاماژەیەكی ئەرێنییە بۆ خۆبەدورگرتن لەشەڕی چەكداریی كورد و كورد.

بەر لەدەستپێكی ئۆپراسیۆنی تورك لەچیای گارە، ژمارەیەك كەسایەتی ناسراوی كورد لەهەر چوار پارچە، لەڕێی نامەیەك داوایەكیان ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكە كرد خۆیان بەدور بگرن لەشەڕی چەكداری دژ بەیەكتر. پارتی وڵامێكی دڵنیاكەرەوەی داوەتەوەو پەكەكەش وڵامەكەی ئەرێنی بووە.

بەپێی لێدوانی وتەبێژی رەسمیی پارتی و بەیاننامەی كەجەكە، پێدەچێت پارتی و پەكەكە خۆیان لەشەڕی چەكداری دژ بەیەكتر بەدووربگرن نایانەوێ‌ روبەرووی یەكتر ببنەوە.

جیاواز لەهەموو ئۆپراسیۆنەكانی دیكەی تورك، ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان لەزاری وتەبێژی رەسمییەوە بەروونی رایگەیاند نابنە بەشێك لەو ئۆپراسیۆنەی توركیا، ئەمەش ئاماژەیەكی نوێیە لەسیاسەتی ئەو حزبە بەرامبەر توركیا.

ریشەی ئەم سیاسەتە نوێیەی پارتی، كاردانەوەی دوای ریفراندۆمە. ئەوكاتە پارتی چاوەڕوانییەكی زۆری لەسەر توركیا هەڵچنیبوو، لەلایەك هەماهەنگی و هاوكارییەكی زۆری سیاسیان لەنێواندا هەبوو، لەلایەكی دیكە رێككەوتنێكی نەوتی 50 ساڵیان لەنێواندا بوو، كەچی تورك لەبری هاوكاریی یان لانیكەم بێدەنگ بوون، زۆر توند روبەرووی ریفراندۆم بوونەوەو داینەمۆی ئەو گەلەكۆمەكێیە (چاوەڕوانكراوە) بوون كە لەو كاتدا لەلایەن تورك و وڵاتانی دەوروبەر لەدژی كورد بەڕێوەچوو.

چاوەڕوانیی پشتیوانیی لەنەیاران تێگەیشتنێكی هەڵەیە. ئەوەی لەریفراندۆم روویدا جگە لەخۆ دووبارەكردنەوەی مێژوو شتێكی دیكە نەبوو، ئەوەی گرنگە دان بەهەڵەكەدا بنرێت تاوەكو رێگا دروستەكە بگیرێتەبەر.
ی

ئەگەر بمانەوێ‌ قسە لەچارەسەر بكەین، دەبێ‌ بگەڕێینەوە بۆ روانین بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، كە سازانی نیشتیمانیی و بەیەكەوە كاركردن نەماوەو حكومەت و حوكمڕانیەكەشی متمانەی لای هاوڵاتیان و هێزە سیاسییەكان زۆر لاوازبووە.

ئەوەی پێویستە بیزانین هەمووان لەناو ئەو كەشتیەن كە ئاو دزەی كردۆتە ناویەوە. ئەگەر بیرێكی واقعیانە لەشەراكەت و بەیەكەوە بڕیاردان و چاككردنی حكومڕانیی نەكرێتەوە، بێگومان لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆم خێراتر دەبێت، هەروەك چۆن لەكاتی ریفراندۆمدا، خوێندەواران و ئاگایانی سیاسی بەیەكەوە هۆشداریاندا، بەڵام بڕیاربەدەستان گوێیان نەگرت و سەرەنجام، هەموو هەرێم روبەرووی ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان بویەوەو بڕیاربەدەستانیش سەرباری پەشیمانبونەوە دەرەقەت دۆخەكە نەهاتن و سەرەنجام جگە لە لەدەستدانی ناوچەیەكی بەرفراوان لەرووی سەربازییەوە، هاوكات زیانێكی گەورەی سیاسی و ئابوریی بەر هەرێم كەوت.

سەرتیپ جەوهەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا