ژینگەی چالاكی مرۆیی لە نێوان كێبڕكێ و ململانێدا

ئەگەر لە هەر ژینگەیەكی چالاكی مرۆیی وردبینەوە، ئەو ژینگەیە هەر چەشنێك بێت، بە دڵنیاییەوە وردەكاری ئەو پەیوەندییەی لە نێوان مرۆڤ دروست بووە دەبینیت كە توخمێكی سەرەكی ئەو ژینگەیە پێكدێنێت، كە بە كێبڕكێ دەست پێدەكات و بە سەرچاوەی سەرەكی وزەی داهێنان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەردەوامی ئەرێنی كار دەژمێردرێت، دەرئەنجامیش بەرهەمی ئەو چالاكییانە بەبێ بواردن بەسەر هەمووان بەش دەبێت، ئەو پەیوەندییە لەسەر بنچینەیەكی پتەوی دادپەروەری و دەستپاكی و شایستە دادەمەزرێت و هەموو بەشداربووانی ئەو ژینگە هاوبەشە پێی قایلن، ئەو وردەكارییانەی پەیوەندییە مرۆییانە بۆ ئەوپەڕی شێوەكانی ململانێ كۆتایی دێت، كە بە كۆنترۆڵكردنی ئەو پەیوەندییانە هیچ لەو بنچینە و دەرئەنجامانەی ئاماژەیان پێكرا نامێنێت، لە نێوان ئەو دوو سنوورە دژ بەیەكە، كێبڕكێ و ململانێ، ژیان و چالاكی هاوبەشی مرۆڤ لە نێوانیاندا سنووردار دەبێت، هەروەها لە بزاوتی بەردەوامیشیدا ئەملاو ئەولا دەكات.

پشت بەچی دەبەستێت؟
لێرەدا چیرۆكی مرۆیی لەو پێكهاتە بنچینەییەی كە لەهەر تاكێكدا هەیە دەست پێدەكات، كە خۆی لە سەلماندنی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی زیاتر بوونی دەسەلمێنێت و بە دوورخستنی هەموو ئەوەی لە بوونی كەم دەكاتەوە. لێرەدا پرسیارێكی گرنگ دێتەپێش: تاك بۆ سەلماندنی خۆی و پتەوكردنی پێگەی خۆی لەو ژیانە سنووردارەی پشت بەچی دەبەستێت؟ ئەو كاریگەرییە چییە كە رەنگدانەوەی لەسەر دەبێت چییە كاتێك بنچینە و پێوەرەكانی دەوروبەری یان ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیت دەستنیشان دەكات؟ ئەگەر تاك بۆ سەلماندنی خۆی پابەندبوونی بە ماف و یاسا و پرنسیپ و ئەخلاق و رێزگرتنی ئەوانی ترەوە گرێدا، ئەو سیما باڵایانە باڵی بەسەر رەفتار و مامەڵەی زۆربەی تاكەكاندا كێشا لەو ژینگە هاوبەشی چالاكی مرۆیی تێدا ئەنجام دەدەن، ئەوا لە بەرژەوەندی چەسپاندنی گیانی كێبڕكێ دەشكێتەوە، ئەو ژینگەیە دەتوانێ بەرهەمی داهێنان و پەرەسەندن و هەموو ئەو سەركەوتنانەی تاكە كێبڕكێكارانە بچنێتەوە.

دوو سنووری دژ بەیەك هەن
تەواو پێچەوانەی ئەوە سەرەوە، ئەگەر تاكەكان بۆ سەلماندنی خۆیان دەستبەرداری هەموو پابەندییەكانی سەرەوە بوون، ئەو پێوەرانە لە ژینگەی چالاكی مرۆیی بوونی نەما، ئەو ململانێ باڵا دەست دەبێت و بەسەر ژینگەی چالاكیی مرۆییدا زاڵ دەبێت، جۆرێك پەیوەندیی لە نێوان بەشداربووانی ئەو ژینگەیەدا دروست دەبێت كە نەك هەر بە دڵی هۆشمەند و ژیرەكان نابێت، بەڵكو توڕە و بێزاریشیان دەكات و هەوڵی رێگرتنی فراوانبوونی دەكەن، لەگەڵ گرنگیی هەموو ئەوانە، وەلێ خراپەكانی دوورتر لە ئاستی ئەو ژینگە مرۆییە دەڕوات، بە جۆرێك ئەو ژینگەیە بەرەو داڕمان دەبات و بەرهەمی داهێنان و پەرەسەندن و گیانی كاركردنی تاكەكان لەبار دەبات، تا هەمووی پێكەوە بۆ زەلكاوی دەرئەنجامە كۆتاییەكانی ململانێی مرۆیی نێوان تاكەكان گلۆر بكاتەوە، كە تێیدا زۆرینە دەستبەرداری بەهاو ئەخلاق و پرنسیپ و یاسا و رێزگرتنی ئەوانیتر بوون، تاكەكان هەر بەو دەستبەرداربوونە نەوەستان، بەڵكو دووتر لەوە رۆیشتن، پشتیان بە پێچەوانەی ئەوانە بەست وەك درۆ و گەندەڵی و هەلپەرستی و چاوچنۆكی و تەماحكاری، هەر بۆ نمونە، یەك لە كاریگەرییە قورسەكانی بردنی مافی ئەوانیتر و رێگرتنیانە، بەدەستهێنانی مافێك كە لە بنچینەدا هی ئەوانی ترە، بەرژەوەندیی كۆتایی هەموو ئەو ململانێیە داڕمانی ژینگەی ئەو چالاكییە مرۆییەیە بەرەو دۆڵێك، كە جگە لە شكست هیچیتری لێ چاوەڕوان ناكرێت.

لە واقیعی ژینگە هەمەجۆرە و فرەكانی چالاكی مرۆیی، جگە لەوەی لە نێوان تاكەكانی ژینگەی ئەو چالاكییە هەمەجۆر و جیاوازنە هەیە، دوو سنووری دژ بەیەك هەن كە قسەیان لەسەر دەكرێن، چ ئەوەی گیانی كێبڕكێیە یاخود گیانی ململانێیە، رووبەڕووبوونەوەی نێوان كێبڕكێ و ململانێ بەردەوامە، بەشداربووانی ژینگەی چالاكی هەر لایەكیان هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ژینگەكە دەدات تا بە پێوەر و پرنسیپەكانی ئەو بەڕێوەبچێت، ئەمەش رووبەڕووبوونەوەیەكی توندە زۆر لەمێژە دەستی پێكردووە و بێكۆتایە، سەركەوتنی لایەكیان بە ئاستێكی زۆر پەیوەستە بە هۆكارێكی زۆر گرنگ دەشێ لە بەرژەوەندیی لایەكیان بیشكێنێتەوە، ئەو هۆكارە زۆر گرنگە چییە؟

كاتێك دووچاری گەندەڵی و گەندەڵكاران دەبێتەوە
ئەو هۆكارە پارسەنگی هاوكێشەكە دەگۆڕێت، وا دەكات تیمێك سەركەوێت و پێوەر و پرنسیپەكانی خۆی بەسەر ژینگەی چالاكی مرۆییدا بسەپێنێت، ئەو هۆكارەش ترۆپكی هەرەمی ژینگەی چالاكی مرۆییە لە سەركردە و بەڕێوەبەر و بەرپرسە باڵاكان، ئەوانەن كە هێزێكی گەورەیان لە چەسپاندنی بنچینە و بنەما و سەوابتەكانی هەر گیانێك لەو دوو گیانە دژ بەیەكە هەیە، كاری بەردەوامی ئەو ئاست بەرزە خاوەن بەرپرسیارێتییە، بۆ پاراستنی ئەو بنچینە و بنەما و سەوابتانە كە لایەك بەسەر لایەكی تردا سەردەخات پێویستە، لە هەمان كاتیشدا بەردەوام بە گژ هەر لادان و سەرپێچییەكی ئەو بنچینە و بنەمایانە دەچێتە كە ژینگەی چالاكی رەتی دەكاتەوە، لە حاڵێكدا گیانی كێبڕكێ زاڵبوو، كە بە دڵنیاییەوە خوازراو و جێی ئومێدە، پێویستە لەسەر هەمووان لەسەرووی هەمووشیانەوە ئاستە باڵاكان، هەوڵی زیاتر بۆ چەسپاندنی ئەو گیانە بدەن و لەسەر بنچینە و بنەماكانی كار بكەن، هەروەها كار بۆ بەگژداچوون و بە تاوانزانینی هەموو گیانێكی پێچەوانە و دژە باو بكەن، بێگومان پێچەوانەكەیشی روو دەدات كاتێك گیانی ململانێ زاڵ دەبێت، ئەگەرچی ئامراز و میكانیزمەكانیش جیاواز بن، بەڵام دەرئەنجامی كۆتایی بەو ئاراستە پێچەوانە و ناعەقلانییە، بە مانای كۆتاییهێنان بە گیانی كێبڕكێ و پێدانی سەركەوتنە بە گیانی ململانێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە، كە تاكی بڕوادار بە پابەندبوونی بە ماف و یاسا و پرنسیپ و ئەخلاق و رێزگرتنی مافی ئەوانی تر، نابێت تەسلیمی ئەو واقیعە بێت ئەگەر هاتوو توانای مادی یان چاكسازیی دەوروبەری نەبێت كاتێك دووچاری گەندەڵی و گەندەڵكاران دەبێتەوە، رێكخستنەوەی خۆی و باشتركردنی رەوشی خۆی، دەستكەوتێكە لای كۆمەڵگە بەهایەكی گەورەی هەیە، هیچ زیانێك ناكات ئەگەر هاتوو دژی رەوتێك بوو دواتر نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان تێڕوانین و میتۆدییدا هەبێت، تەنانەت ئەگەر بووە هۆكاری لە دەستدانی دەستهاتێكی هەنوكەیی یاخود زیانی پێ بگەیەنێت، چونكە نە یەكەم كەسە و نە دوا كەسیش دەبێت، ئەوەی گرنگە لێرەدا، پابەندبوونە بە بڕوا و تێڕوانینەكانی وێڕای ئەوەی نمونەیەكی جوان پێشكەش بە كۆمەڵگەكەی دەكات.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا