ئوچ پاشالەر

ئەم بابەتە 18 جار بینراوە

تەڵعەت و ئەنور و جەمال خۆیان بە عاقڵترین كەسی ئیداری و سەربازی دنیا دەزانی . پێكەوە دوا حكومەتی سەڵتەنەتی عوسمانیان گرتبووە دەست و پێیان دەگوترا حكومەتی سێ پاشاكە ( ئوچ پاشالەر) تەڵعەت سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆبوو . ئەنوەر وەزیری جەنگ بوو ، جەمالیش وەزیری دەریایی و كاروباری دەرەوەشی بەدەستەوەبوو .

كاتێك جەنگی جیهانی یەكەم بەرپابوو ، حكومەتی سێ پاشاكە بڕیاری نەفیری عام ( سەفەر بەلك )ی دا . كۆی دانیشتوانی دەوڵەتی عوسمانی نزیكەی ٢٥ ملیۆن بوو . زیاتر لە ١٠ ملیۆنی عەرەب ، ٧ ملیۆن تورك ، ٦ ملیۆن كورد ، ٢ ملیۆنی تری نەتەوەكانی ئەرمەنی و جولەكەبوون كە بەئایین لە موسڵمانەكان جیابوون .

زۆرینەی جەنگاوەرەكان جوتیاری نەشارەزا و نەخوێندەوارەی ئەو نەتەوانەبوون كە بەزۆر برابوون بۆ بەشداری جەنگەكە . سێ پاشاكە پێیان وابوو هەمووی چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و جەنگەكە لەقازانجی عوسمانیەكان دەشكێتەوە . بۆیە داوایان لەو سەربازانە كردبوو بەشی هەفتەیەك خواردنیش لەگەڵ خۆیاندا بهێنن . ئەنوەر پاشای وەزیری جەنگ بەرەی رۆژهەڵاتی گرتبووە دەست . دەیان هەزاری لەو جوتیارانە بەرەو سنووری ڕوسیا – قەفقاز بردبوو . وەك لیمان فۆن ساندەرزی ئەفسەری ئەڵمانی كە ڕاوێژكاری ئەنوەر بوو باسی دەكات : ئەنوەر بەنیازبوو لەچەند ڕۆژێكدا قەفقاز داگیربكات و ڕوسەكان تێكبشكێنێت . دواتر سوپاكەی لەباكوورەوە بەرەو هیندستان ببات و لەوێش بەریتانیەكان لەناوبەرێت . بەڵام بەچەند رۆژێك هەموو هێزەكەی ئەنوەر شكان و كوژران ، یان لەسەرمادا ڕەقبوونەوە . لەخۆرئاواشەوە جەمال پاشا لەبەرەی شام – میسرەوە بەهەمان شێوەی ئەنوەر دەیان هەزار سەربازی بەرەو میسر برد . دەیویست بەریتانیەكان لە میسر بشكێنێت . لە كەناڵی سوێسدا زۆرینەیانی یان بەكوشتدا یان خنكان .

بەهۆی سەفەر بەلكەوە كە جوتیارەكانیان ڕاپێچی جەنگ كردبوو ، بەرهەمی كشتوكاڵی وڵات بەڕێژەیەكی ترسناك دابەزی . دانەوێڵە بەرهەمی ٪ ٢٥ بوو . پەمبوو ٪٨ بەرهەمهات . مەڕوماڵات ٪١٥ مایەوە . برسیەتی و نەداری كۆی وڵاتی تەنیبوو . نرخی لیرە ١٦٤٠ بار لە نرخی خۆی دابەزی . لەبەرانبەر ئەو شكستانەدا حكومەتەكەی سێ پاشاكە تۆڵەیان لە گەلانی ناو سەڵتەنەت دەكردەوە . ئەنوەر لە شامەوە قەتلوعامی عەرەبەكانی دیمەشق و لوبنان و فەڵەستینی دەستپێكرد . جەمالیش كەوتە جینۆسایدی ئەرمەن و كوردەكان . بە سەدان هەزار ئەرمەنی لەناوبرد . تا لەكۆتاییدا سەڵتەنەتەكەیان لەبەریەك هەڵوەشایەوە . تەسلیم بەهێزە هاوپەیمانەكان بوون .

هونەر تۆفیق

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک