پۆڵه‌تیك پرێس:
لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق داوایكردووه، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان هه‌ردوو بژارده‌ی رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ، یان ھەموو مەلەفی نەوت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی پۆڵه‌تیك له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌دانوستانه‌كانی به‌غدا ده‌ستیكه‌وتووه، له‌كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم و لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق، لیژنه‌كه به‌شاندی هه‌رێمیان گوتووه، له‌نێوان هه‌ردوو بژارده‌ی رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ، یان ھەموو مەلەفی نەوت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆڵه‌تیك ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، شاندی هه‌رێمی كوردستان پێیوایه هه‌ردوو بژارده‌كه یه‌كێكه، چونكه هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌مه‌رجی رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕازیبێت، ئه‌وا ده‌بێت داهاتی فرۆشتنی نزیكه‌ی سه‌رجه‌م نه‌وتی هه‌رێم بداته به‌غدا.
له ئێستادا لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان ماوه‌یه‌ك مۆڵه‌تی داوه‌ته شاندی هه‌رێم، بۆئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و دوو بژارده‌یه هه‌ڵبژێرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وا سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر جێگیركردنی یه‌كێك له بژارده‌كان له پڕۆژه‌یاسای بودجه ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆڵه‌تیك.
ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ شاندی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته مه‌ترسی، جێگیركردنی هه‌ركامێك له‌و پێشنیازانه‌یه له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021، به‌وه‌ش هاوشێوه‌ی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی، به‌بێ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پشكی كورد پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش تێده‌په‌ڕێندرێت.