پارتی رێگە بەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال نادات

پۆڵەتیك پرێس

بەرپرسانی ئیداری لە قەزای شنگال پارتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگری دەكات لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

فەهد حامد قائیمقامی قەزای شنگال بە وەكالەت بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، پارتی رێگری دەكات لە گەڕانەوەی ئەو ئاوارە ئێزدییانەی لە كامپەكانی هەرێمی كوردستاندان، بەهۆی بەكارهێنانی دەنگی ئاوارە ئێزدییەكان بۆخۆی لە كاتی دەنگداندا و سومەندبوونی لەو رێكخراوە مرۆڤ دۆستانەی هاوكاری ئاوارەكان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستا 70%ی دانیشتوانی شنگال ئاوارەن و بەشێكیان لە دەرەوەی هەرێم نیشتەجێبوون، تەنها 30% خەڵكی لەناو قەزاكەدان.

دەربارەی رێككەوتنی شنگال فەهد حامد وتی ، “قبوڵی ناكەین مستەفا كازمی و مەسعود بارزانی لەسەر حسابی شنگال رێككەوتنی سیاسی بكەن، خەڵكی شنگال جارێكی دیكە نایانەوێت پێشمەرگە و ئاسایشی پارتی بگەڕێنەوە ناوچەكە لەكاتێكدا ئەوان لە 2003 تا 2014 لەو ناوچانەدا بوون كەچی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا شنگالیان چۆڵكرد”.

مانگی 10ی ساڵی رابردو هەرێم و ناوەند لەبارەی شنگالەوە رێككەوتن، بەپێی رێككەوتنەكەش ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە دادەنرێت، هاوكات تەواوی ئەو هێزانەی كە لە شنگالن و سەر بەحكومەتی عێراق نین دەبێت بڕۆنە دەرەوە.

هەردولاش رێككەوتن لەسەر ئەوەی كار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بكەن، بەڵام تائێستا رێككەوتنەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا