یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەرەو كوێ‌؟

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كە ماوەی چەندان ساڵە خول و پاڵەوانێتییەكانی تۆپی پێ لە كوردستان بەڕێوە دەبات لە ئێستادا بە دۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت بەو پێیەی لە نێوان ئەندامانی ڕێكخراوەكەدا كێشەی حیزبی سەری هەڵداوەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا كاتێك سەفین كانەبی سەرۆكی ڕێكخراوەكە لە دەرەوەی وڵات بوو بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی ئەندامانی تری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كە زۆرینەیان ئامادە بوون كە 8 ئەندام بوون كۆبوونەوەیەكیان سازدا تیایدا بڕیاری كۆتاییی هێنان بە خولی نایابی كوردستانیان دا و یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی بە زۆرینەی دەنگی بەڵێی 5 ئەندام بەرامبەر بە نەخێری 3 ئەندام كرا بە پاڵەوانی خولەكە.

دواتر و پاش بڵاو كردنەوەی وردەكاری كۆبوونەوەكە نێوەندی وەرزشی كوردستان لە نێوان قاییل و ناقاییل بەو دۆخە و دەرئەنجام و بڕیارەكە بوونە دوو بەرە بەرەیەكیان پێی وابوو كارێكی باش كراوە بە تایبەت لەم كاتەدا كە ڤایرۆسی كۆڕۆنا هێشتا لە نێو خەڵكدا بڵاوە بەرەكەی تر دژی بڕیارەكە وەستانەوە هەر لە سەرەتاوە سكرتێری یەكێتی تۆپی پێ‌ بووە دەنگی ئەو بەرەیە و ئاشكرای كرد كە ئەو بڕیارە بە زۆرێنەی ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نێو كۆبوونەوەكەدا دراوە هەر بۆیە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون خولەكە بە كۆتا بهێنرێت.

لە لایەكی ترەوە هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە سەر پشكی یەكێتی نیشتمانی ڕایگەیاند: (كۆبوونەوەكە ڕەسمی بووە و بڕیارەكەش بە هەمان شێوە ڕەسمی بووە).

لای خۆشییەوە سەرفین كانەبی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان پاش ئەنجامدانی 4 نەشتەرگەری لە وڵاتی توركیا و سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكان و گەڕانەوەی بۆ كوردستان ڕایگەیاند: (من لە میدیاوە هەواڵی كۆبوونەوەكەم بیست و ئاگادار نیم لە هیچ شتێك دوای گوێ‌ گرتن لە هاوڕێیانم لە یەكێتی تۆپ پێی كوردستان قسەی خۆمم دەبێت).

لەم دۆخەدا ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان تەواوی كارەكانی وەستاوە و پەكی كەوتووە و پێ‌ ناچێت لە ماوەیەكی نزیكدا هیچ جۆرە چالاكییەكی ئەنجام بداتەوە.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا