من تەپڵ لێدەر بووم

كاتێ دڵی (جیسكار دیستان)ی سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا لەكار كەوت، سێ سەرۆكی خانەنشین كراو لە ناشتنی تەرمەكەی ئامادەبوون. كاتێ (جاك شیراك)یش ساڵی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد. چوار سەرۆكی پێشووتر ئامادەبوون. لە ئەمریكاش ئەمڕۆ پێنج سەرۆكی پێشووتر لە (ترامپ) لە ژیاندا ماون.

لە وڵاتانی دیموكراتە بەختەوەرەكان كاتێ سەرۆك دەورەی سەرۆكایەتیەكەی خۆی تەواو دەكات. بەڕێزەوە دەورو تەسلیم لەگەڵ سەرۆكی دوای خۆی دەكات، بەڕێزەوە دەچێتەوە ماڵەكەی خۆی. ئیتر وێنەكەی دادەگرن و دەیخەنە (مخزن). بۆ خۆشی سەرقاڵی نووسینەوەی یادەوەرییەكانی خۆی دەبێت. جار جارەش لە زانكۆو كۆنگرە نێو دەوڵەتیەكان بۆ وتنەوەی چەند موحازەرەیەك بانگهێشتی دەكەن: هەندێ جاریش سەرۆكە نوێكان بۆ مەسەلە چارەنووس سازەكان ڕاوێژو پرس و ڕایان لەگەڵدا دەكەن.

بەڵام بەداخەوە لە وڵاتانی عەرەبی و، ئەمریكای لاتین و هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات. سەرۆك كۆمار تاهەتایە سەرۆكی كۆمارە، دەورەی تەواوكردنی حوكمڕانەكەی یان كوشتن، یان لە سێدارەدان، یان زیندانی و ڕاكردن و نەفی كردنە. بۆ نموونە لە عێراقدا. كاتێ (عەبدولكەریم قاسم) بە كودەتایەكی خوێناوی قەتل و عامی مەلیك (فەیسەڵ)و دەسەڵاتدارە گەورەكانی ئەو سەردەمەی كرد. خۆشی پاش چوار ساڵ بە كودەتا كوژرا. هەموو سەرۆك كۆمارەكانی دواتر تا ساڵی (2003) یان كوژرا یان لە سێدارەدران، یان نەفی كران.

(كاسترۆ)، وەك شۆڕشگێڕێك بەسەر حوكمڕانێتی (پاتیستا) سەركەوت و بوو بە سەرۆك كۆماری (كوبا) بەڵام تاكو تەمەنی (90) ساڵی لە كورسیەكەی نەهاتە خوارەوە. لەو ماوەیەشدا (638) جار هەوڵی تیرۆرو كوشتنی درا.

# لە عێراق، دوای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی (عەبدولسەلام عارف)ی سەرۆك كۆمار، كە دەڵێن بە دەست فڕۆكەكەیان خستۆتە خوارەوە. (عەبدولڕەحمان)ی برای بوو بە سەرۆك كۆمار. پاش چەند ساڵێك بەعسیەكان كودەتایان بەسەردا كردوو. بەدەست بەستراوی ڕەوانەی شاری (ئەستەمبوڵ)یان كرد. پاش چەند ساڵێك ژیان لە ئاوارەیی. وەكو هاوڵاتیەك ڕێگایاندا بگەڕێتەوە عێراق.

لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا. (عەبدولڕەحمان عارف) خۆی دەگێڕێتەوە: (ئێوارەیەك لەگەڵ ژمارەیەك لە خەڵكە هونەرمەندو ئەدیب و سیاسی كۆن و پیاو ماقوڵانی بەغدا بانگهێشتی كۆشكی كۆماری كراین. هەریەكەو بەشێوەیەك ڕێزیان لێگرتین من لە تەنیشت پیاوێك دانیشتبووم. هەروا بە چرپە لێم پرسی: جەنابت چ كارەی. ئەو پرسیارەكەی منی لا سەیربوو كە چۆن نایناسم، دواتر لە وەڵامدا وتی: (من حاتم العراقی گۆرانیبێژم) ئینجا ئەو لە منی پرسی: مامۆستا جەنابت چ كارەی. منیش وتم: جاران تەپل لێدەری یەكێ لە تیپە مۆسیقیەكان بووم).

ئەرسەلان بایز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک