پۆڵه‌تیك پرێس
به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ ده‌ڵێت، به بڕیارێكى حكومه‌تى ئێران ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى له شوفێرانى بارهه‌ڵگری ترانزێت وه‌رده‌گیرا كه له ئێرانه‌وه ده‌هاتنه هه‌رێم، راگیراوه.
لیوا مه‌ریوان كه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “به‌پێى رێككه‌وتنێكى نێوان حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى ئێران، هه‌ر بارهه‌ڵگرێك شتومه‌كى ترانزێتى هه‌نارده‌ى هه‌رێم بكردایه، له دیوى ئێران بڕێك پاره‌ى لێ وه‌رده‌گیرا، له چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى ئێران له مه‌رزى باشماخ ئاگاداری كردین فه‌رمانێك له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئێرانه‌وه هاتووه، ئه‌و بڕیاره راگیراوه”.
به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، جه‌ختىكرده‌وه ئه‌و بڕیاره هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى نه‌بووه به حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
پێشتر هه‌ر بارهه‌ڵگرێك كه له ئێرانه‌وه ده‌هاته هه‌رێمى كوردستان و باره‌كه‌ى ترانزێتى بوو، له دیوى ئێرانه‌وه بڕى 50 دۆلارى لێ وه‌رده‌گیرا، پاره‌كه‌ش له‌لایه‌ن كۆمپانیاى “سبك بارى” ئێرانییه‌وه بووه، ئه‌ویش به پاساوى پاره‌ى رێگاوبان.
باری ترانزێتی هه‌موو ئه‌و جۆره بارانه ده‌گرێته‌وه كه‌به‌ناو خاكی ئێران‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له وڵاتانی دیكه‌وه دێت بۆ هه‌رێمى كوردستان، واتا باره‌كان هی ناوخۆی ئێران نین.