پۆڵهتیك پرێس_ نازە سەعید
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ دەڵێت، هەرکەس بەڵگەی هەیە ئێمە پاڵپشتی لە قاچاخچێتی دەکەین با ڕووبەروی یاسایان بکاتەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت” باشماخ لەژێر کۆنتڕۆڵدایە”.
شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە پۆڵەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند، “ههركهسێك تۆمهت دهخاتهپاڵمان كه گوایه ئێمه هاوكار و پاڵپشتیی لە کاری قاچاخچێتی دەکەین، با بهڵگهی ههبێت ئهو كات ئێمهش ئامادهین بۆ روبهڕوبونهوهی یاسایی”.
لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە ئاستی پەرلەمان و حکومەتی عێراق، زۆربوونی کاری قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان باسدەکرێت و تاڕادەیەک ڕای گشتیشی لەسەر دروستبووە، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆران لە میانی بەشداریکردنی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند، “پاش باسکردنی هەبوونی چەند دیاردەی قاچاخچێتی هاوسەرۆکی یەکێتی هاتۆتە سەر خەت و چەند ڕۆژێکە دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و وەستاوە”.
دەربارەی جوڵاندنی کەیسەکانی کاری قاچاخچێتی و ناوهێنانی باشماخ تێیاندا، بهڕێوهبهری گومرگی باشماخ، سەرەرای نیگەرانی دەربڕینی وتیشی، ” میدیاکان بە ویستی خۆیان کار لەسەر بابەتەکە دەکەن و ڕای گشتی دروستدەکەن”.
بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عیراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، جگە لە رادەستکردنی %50ی داهاتی خاڵە سنورییەکان بە بەغداد هاوکات، مانگەنە بڕی داهات و ڕاپۆرتی کاری دەروازەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئاراستە دەکرێت.