بایدن یان ترامپ.. هەڵبژاردنی ئەمریكا لەچاوی عێراقییەكاندا

پۆڵەتیك پرێس:
محەمەد لەعێراق دەژی و كاردەكات، مەبەستیشی نییە بۆ گەشت بچێتە ئەمریكا، بەڵام چەند رۆژێكە بە وردی چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات.

رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو 3ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەرێوەچوو، كە هەریەكە لەجۆ بایدن لەدیموكراتەكان‌و دۆناڵد ترامپ لەكۆمارییەكان كاندیدن بۆ سەرۆكی نوێی ئەمریكا.

هەرچەندە، عێراق‌و ئەمریكا هەزاران میل لەیەكەوە دوورن، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكەو سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا، كە لەواشنتۆن دەچێتە كۆشكی سپی، زۆر كاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی داهاتووی بەغدا.

ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریكا زۆر كاریگەری لەسەر داهاتووی عێراق دەبێت

محەمەد نموونەیەكی سەدان هەزار عێراقییە، كە رۆژانە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و دەزگاكانی راگەیاندنەوە چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردن دەكەن‌و تەنانەت لەو بارەوە چەندین بۆچوون دەردەبڕن‌و زۆرجار بۆچوونەكانیش مشتومڕی لێدەكەوێتەوە.

محەمەد خۆی پشتگیری دۆناڵد ترامپ دەكات، بۆ ئەوەی ببێتەوە بەسەرۆكی ئەمریكاو دەڵێت: پشتگیرییەكانی بۆ ترامپ لە “خۆشەویستی بۆ ترامپ پەیوەندی بەكەسایەتییەوە هەیە”.

لەعێراق تەنیا محەمەد نییە، كە پشتگیری دۆناڵد ترامپ دەكات سامر، یەكێكی ترە لەچالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و لەدەیان پۆستدا پشتگری خۆی بۆ دۆناڵد ترامپ راگەیاندووە.

ئەو لەمیانی پۆستێك نووسیویەتی: سەرۆكێكی ئەمریكیمان دەوێت، كە حكومەتی مەلاكان لاواز بكات، وەك ئاماژەیەك بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران‌و شیعەكان لەعێراق.

سەرۆكێكی ئەمریكیمان دەوێت، كە حكومەتی مەلاكان لاواز بكات

سامر هەروەها نووسیویەتی: تا حكومەتی مەلاكان لاوازتر بێت، شانسی دۆزینەوەی چارەسەر لە عێراق گەورەترە.

پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەش، هەن لەعێراق رقیان لەترامپەو باس لەوە دەكەن، كە ترامپ وتاری رق‌و كینە لەعێراق بڵاودەكاتەوەو هیوا دەخوازن لەم هەڵبژاردنە بدۆڕێت‌و جۆ بایدنی ركابەری بردنەوە تۆمار بكات.

هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمریكا لەرۆژی سێ‌ شەممەی رابردووەوە بەرێوەچوو، بەڵام تا رۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە ئاشكرانەبووەو تائێستاش دیارنییە، كە كێ‌ دەبێتە سەرۆكی نوێی ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا