لە پێشەکی کتێبی: ”دین و عەلمانیەت“ەوە

”لە ئێستاشدا قسە و باسێکی ھێجگار زۆر لەسەر عەلمانیەت لە کوردستاندا ھەیە و دەکرێت، ھەم ھەوادارانی عەلمانیەت خۆیان و ھەم دوژمنەکانی لەناو ئیسلامییەکاندا، قسە بەیەکتر دەڵێن و پەلامارێکی ئایدیۆلۆژیی پڕ لە توندوتیژیی ڕەمزیی یەکتری دەدەن. یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم ململانێیە لەوەدایە کە زۆربەی بەشداربووەکانی لە دۆخی بێئاگاییەکی تەواودان لە دنیایەک تێز و ڕوانینی نوێ کە لەسەر مەسەلەی عەلمانەیت و لەسەر مەسەلەی پێگە و ڕۆڵی دین لە دونیای مۆدێرندا، لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ، بەرھەمھاتوون. زۆربەی ئەو قسانەی لە دونیای ئێمەدا لەسەر ئەم مەسەلانە دەکرێت قسەی سەدبارەی بێتام و دۆگمایی پڕ ڕق و پڕ خواستی بە گەمژە و بە نەزان و بە کافر وخائینکردنی یەکترییە. زمانێکی ڕیتۆریکیی و ئینشایی ناقۆڵا ململانێکە بەڕێوەدەبات و لە ڕاستیشدا ھەر خودی ئەو زمانە ئینشاییە بەشێکی گرنگی ململانێکەی دروستکردوە و درێژە پێئەدات. بەشی زۆری ئەو قسانەی دەکرێن، ئەو دیدە دۆگمایی و تەقلیدییانە سەبارەت بە عەلمانەیت و پێگەی دین تێناپەڕێت کە زۆرجار دوو سەدە کاتیان بەسەرداتێپەڕیوە و تا ئێستاش تەپوتۆزی سەدەی نۆزدەھەمیان پێوەیە.

بیرۆکەی ژمارە یەکی ناو ئەم ململانێیە، کە ئەم کتێبە نیشانی ئەدات بیرۆکەیەکی ھەڵەیە، دووبارەکردنەوەی ئەو دۆگما سەرسەختەی ناو فیکری سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کە پرۆژەی مۆدێرنە، واتە پرۆژەی تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە ئایدیۆلۆژیای عەلمانیەتەوە گرێدەدات و زۆرجاریش بەیەکتریان یەکساندەکات. ئەم دۆگمایە دەڵێت مۆدێرنە مانای عەلمانیەت و عەلمانیەتیش مانای مۆدێرنە. ھاوکات دامەزراندنی سیستمی دیموکراسیی و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و قبووڵکردنی پلورالیزمیش ھەر بە بوون و ئامادەگیی عەلمانیەتەوە گرێئەدەن. بەکورتیی، لەم دیدەدا عەلمانیەت پێشمەرجی تازەبوونەوە و پێشمەرجی دیموکراسییەت و پێشمەرجی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و پێشمەرجی دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤە. گەر عەلمانەیت بوونی نەبوو یان بوونی نەبێت، ئەوا ھیچ یەکێک لەو شتانەی باسکران بوونیان نابێت و نایەنەکایەوە. بۆیە مۆدێرنە مانای عەلمانەیت. ئەم دیدە عەلمانیەت خۆیشی، بە سادەییەکی سەرسوھێنەرەوە، وەک جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، یان دین لە سیاسەت پێشنیاردەکات.

بە دیوی ئەودیودا ئیسلامییەکان یەک سەدەی ڕەبەقە قسە بە عەلمانیەت دەڵێن و تۆمەتی ھەمەجۆر و سادە و بێمانای دەخەنە پاڵ. جارێک یەکسانی دەکەن بە بێدینیی و جارێک بە دوژمنی ژمارە یەکی ئیسلام و جارێک بە تێکدەر و شێونێنەری بەھا و فەرھەنگیی دینیی، و جارێک بە خۆفرۆشتن بە خۆرئاوا و جارێک بە دزیی و جەردەیی و کوشتن و بڕین و جارێکی دیکەش بە سەرچاوەی دروستبوونی دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی، لە ناوچەکەدا. ھەرچی خراپەکارییەکانی دونیای مۆدێرن ھەیە دەیدەنە پاڵ عەلمانیەت و لە فۆرمی شەیتانێکی دونیاییدا نمایشیدەکەن، کە دەستەکانی لەگەڵ دەستەکانی شەیتانی ناو دیندا تێکەڵە و بەیەکەوە پەلاماری دین و دینداریی و ئەخلاق و کۆمەڵگا و ڕەسەنایەتیی ئەدەن. بە کورتییەکەی وەکچۆن عەلمانییەکان عەلمانەیت بە سەرچاوەی سەرەکیی ھەموو، یان زۆربەی ھەرەزۆری دەسکەوتە گرنگەکانی دونیای مۆدێرن دەزانن، ئیسلامییەکان عەلمانیەت وەک سەرچاوەی ھەموو، یان زۆربەی خراپەکارییەکانی ھەمان دونیا، نمایشیدەکەن. ئەمیان دەیکاتە چاکەیەکی ڕەھاو و ئەوی تریان دەیکاتە خراپەیەکی ڕەھا.

یەکەمین ئەرکی ئەم کتێبە سڕینەوەی ئەم تێگەیشتن و جەنگە دوو جەمسەر و دوالیستییەیە کە وەک ھەموو دووجەمسەریی و دوالیزمەکانی ناو فیکر و سیاسەت جگە لە کارەسات ھیچیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەم کتێبە دەیەوێت بیسەلمێنێت ھەرد دوو دیدەکە بۆ عەلمانیەت ھەڵەن، ھەڵەی زۆر گەورەش، کە دەشێت دەرەنجامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی زۆر ترسناکیان لێبکەوێتەوە و ڕەچەتەیەکی پڕمەترسیش بن بۆ چەندان پێکدادان و جەنگی خوێناویی و ئایندەیی. ئەم کتێبەیە دەخوازێت نیشانیبدات چۆن تێزەی بەعەلمانیبوونی دونیا لەدایکبووە و بەرھەمھێنەرەکانی سەر بەکام کایەی فیکریی و مەعریفین. ھەروەھا دەخوازێت بەشێکی گرنگیی ئەو ڕەخنانە بە خوێنەران بناسێنێت کە لەم تێزەیە گیراوە و ئەو ئەلتەرناتیڤانەش چین کە بۆ عەلمانیەت پێشنیارکراون.“

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا