تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم بەرێژەی 50% كەمیكردووە

پۆڵەتیك پرێس:
ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، بەراورد بە چەند رۆژی پێشوو، بۆ نزیكەی 50% كەمی كردووە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش دەڵێت: هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ توندكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی، ئەمەش وامان لێدەكات بەردەوام بین لەسەر توندكردنەوەی رێكارەكان.

بەپێی راگەیەندراوی ژمارەی 248ی وەزارەتی تەندروستی، كە رۆژی شەممە، 31 تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان 600 و 89 كەسبووە، لە كاتێكدا بەپێی راگەیەندراوی ژمارە 247، كە رۆژی هەینی 30 تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەكە هەزار و 2 تووشبوو بووە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوی ژمارە 246، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 29ی تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا هەزار و 285 كەس بووە، كە ئەمەش دەریدەخا رێژەی تووشبوون لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەنزیكەیی 50 لەسەدا دابەزیوە.

لەبارەی هۆكاری دابەزینی رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رێكارەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا توندكراوەتەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەكان‌و شوێنە داخراوەكان، ئەوەش ئاماژەیەكی باشە، كە رێكارەكان تونددەكەینەوە و هەندێك شوێن، كە پێویست نین دایدەخەین رێژەی تۆماركراوی رۆژانەی تووشبووان كەمدەبێتەوە، ئەوەش بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ ئێمە لەسەر رێگای راست دەڕۆین كاتێك رێكارەكان توند دەكەینەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی: رێكارەكان لەوەی ئێستا هەیە توندتردەكەینەوە، ئەو شوێنانەی لەئێستادا پێویست نین و داخستنییان كاریگەری ئەو تۆی نابێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دایاندەخەین، بەڵام ئێمە یەك كێشەمان هەیە، خەڵكی خۆمان ئەوەیان دەوێت یان هەموو شوێنەكان بكەینەوە، یان هەمووی دابخەین، ئەوەش لە هەموو دنیادا نییە هەموو شوێنەكان بەتەواوی كراوەبن ئێستا وای لێهاتووە كردنەوەی شوێنەكان سنورداركراوە.

لەچەند رۆژی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی وەك رێكاری خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرد، گرنگترین بڕیاریش بەستنی ماسك بوو، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت، لیژنە تایبەتەكان سزای پێبژاردنی بۆ دەكەن.

بڕیاریشە رۆژی یەك شەممە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای كۆرۆنا ئەنجامبدرێت‌و بڕیار لەبارەی دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەو خوێندنگەكان بدرێت، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تائێستا دەستپێنەكراوە.

لەو بارەوە ئاسۆ حەوێزی وتی: ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ دۆخی قوتابخانەكان پێشكەش دەكەین لەژێر رۆشنایی ئەو راپۆرتەی ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسی پرۆسەی خوێندن دەدرێت، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەنێو قوتابیان بەتایبەتی تەمەنی شەش و حەوت ساڵ زۆربووە و ژمارەی مامۆستایانی تووشبوو بە كۆرۆنا زۆربووە.

تائێستا لەهەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووە بە ٧٦٠٢٥ كەس، لەو ژمارەیەش ٤٢٨٠٩ كەس چاكبوونەتەوەو ٢٤٥٥ كەسیش مردوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا