ئەنجومەنی شارەوانییەكان بە شێوازێكی نوێ‌ دەست بەكاردەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس
دوای 20 ساڵ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، جارێكی دیكە و بەبڕیاری حكومەت ئەو ئەنجومەنانە چالاك دەكرێنەوە، وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: كاری ئەم ئەنجومەنە لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكان جیاوازی زۆریان هەیە و ئەمجارە ئەنجومەنەكان لە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان و نوێنەری چەند سەندیكایەك پێك دێن.

زەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی وت: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكان ساڵی 2000 لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو كە دەبوو بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ بوایەت بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە ئەم ئەنجومەنانە مانەوە، ئەمساڵ وەزارەتی شارەوانی بڕیارێكی دەركردووە جارێكی دیكە ئەنجومەنی شارەوانییەكان بەشێوەیەكی دیكە دەست بەكاربكەنەوە.

زەردەشت رەفیق وتیشی: ئەم ئەنجومەنەی شارەوانی سلێمانی ماوەی چەند ساڵێكە بە شێوەی خۆبەخشانە و بە بێ‌ موچە دەوام و كاری خۆیان كردووە و كاری هاووڵاتیانیان بەڕێوەبردووە.
باسی لەوەشكرد، ئێستا ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر دانراوەتەوە، ئەندامانی ئەمجارەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە بەڕێوەبەری چەند فەرمانگەیەك لەگەڵا نوێنەری چەند سەندیكایەك پێكدێت، لە داهاتوودا ئەنجومەنی شارەوانیەكانی دیكەش كارا دەبنەوە.

وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو، ئەم ئەنجومەن جیاوازە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان، چونكە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستەیەكی چاودێرین ئەنجومەنی شارەوانی پەیوەندی بە راپەڕاندنی كاروباری هاوڵاتییانەوە هەیە لە شارەوانییەكاندا.

بە وتەی زەردەشت رەفیق هەركات ئەنجومەنی نوێی شارەوانییەكان دامەزرا ئەو ئەندامە خۆبەخشانەی ئێستای ئەنجومەنی شارەوانییەكان ئامادەییان تێدایە بۆ ئەو گۆڕانكارییە و پێشتر خۆشیان هەر لە سەردەمی حاكم قادرەوە تا ئێستا چەندجارێك داوای یەكلایی كردنەوەی ئەم بابەتەیان كردووە، یان هەڵبژاردنی نوێ‌ ئەنجام بدرێت یان بەیاسایەك ماوەكەیان درێژ بكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا