بارزانی دانی پێدانا

مەسعود بارزانی دان دەنێت بەوەی بەرپرسیار بووە لەو دۆخەی لە 16 ئۆكتۆبەردا بەسەر كەركودا هات، ئەویش بەو پێیەی پێشتر ئاگاداری پلانێكی عێراق و هەرێمیی بووە دژ بەو ناوچانە، بەڵام بە ئەنجامدانی ریفراندۆم جێبەجێكردنی پلانەكە خێراتر كراوە و ئاشكراشی دەكات كە پێشنیازێكی یەكێتیی بۆ پاراستنی كەركوك لە ئاگری شەڕ، رەتكردووەتەوە.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كتێبی “بۆ مێژوو”دا كە چەند رۆژێكە بڵاوكراوەتەوە، بەشێكی بۆ خستنەڕووی هەندێك لە راستییەكانی پێش رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر تەرخانكردووە كە بە هۆی ریفراندۆمەوە بەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكاندا هێنرا.

بارزانی لە لاپەڕە 109ی كتێبەكەیدا نووسیوێتی: “دوای ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە دەستی داعش و بەر لەوەی گەلی كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات، هەندێك ئاماژە لەهەڵسوكەوت و ئامادەكارییەكانی حكوومەتی عێراقدا بەدی دەكران، بەڵگەی ئەوە بوون كە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش نیازی خراپیان بەرانبەر ناوچە جێ ناكۆكەكان و هەرێمی كوردستان هەیە” هەروەها دەڵێت: چۆڵكردنی تەلەعفەر و حەویجە لەلایەن داعشەوە “پێشانی دەدا كە جۆرێك لە هەماهەنگی هەیە لە نێوان هێزە هەرێمایەتییەكان بۆ گرتنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان و ئامادەكاری بۆ گوشارهێنان بۆ كوردستان”.

لە لاپەڕە 110ی كتێبەكەشیدا دەڵێت، پیلانی پەلاماردانی هەرێم لە ئارادابوو، ریفراندۆمیش بیانوو بوو بۆ خێراكردنی جێبەجێكردنی پیلانەكە.

ئەم دانپێدانانەی مەسعود بارزانی بە تەواوی پێچەوانەی بانگەشەكانی پێشووی خۆی و حزبەكەیەوەیەتی كە دەیانگوت “تەصەورمان نەدەكرد بەغدا كارێكی لەو جۆرە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بكات”، بەڵكو بە ئاشكرا دەریدەخات زانیاری پێشوەخت یاخود لانیكەم گومانیان هەبووە لە بوونی پیلانێكی عێراقی-هەرێمیی دژ بە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بری كاركردن بۆ رێگرتن لە “نیازە خراپە” و یاخود كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی، لە رێی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە كارئاسانی بۆ خێراكردنی ئەو پلانە كردووە و بیانووی پێویستی داوەتە دەستیان.

نەك هەر ئەوەش بەڵكو لە لاپەڕە 113دا دەڵێت: “زۆر بەر لە ریفراندۆم ئەو راستییەم دەزانی كە هێزەكانی عێراقی بۆیان بڕەخسێت پەلاماری ناوچە جێناكۆكەكان و هەرێم دەدەن”. و لە لاپەڕە 114شدا نووسیوێتی: ” ئێمە هەرگیز پێشبینی ئەوەمان نەدەكرد بە چاودێری ئەمریكا و بەچەكی ئەمریكا لە پێشمەرگە بدرێت” ئەمەش لە كاتێكدایە كە چوار لاپەڕە پێش ئەوە باس لەوە دەكات ئاماژەیان لەبارەی بوونی ئەو پیلانە پێگەیشتووە.

مەسعود بارزانی لە لاپەڕە 111 كتێبەكەیدا باسی كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكات كە رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری 2017 لە دوكان ئەنجامدرا و دەڵێت: “لە كۆبوونەوەی دوكان دا برادەرانی یەكێتی باسی پێشنیارێكیان كرد كە بۆ هەماهەنگیی نێوان هەر سێ لا، هێزێكی پێشمەرگە و هێزێكی ئەمریكایی و هێزێكی عێراقی لە سەربازگەی (K1) ی كەركوك جێگیر ببن بۆ ئەوەی شەڕ لە كەركوك دوور بكەوێتەوە. لیوای پاسەوانی سەرۆك كۆماریش شاری كەركوك بپارێزێت”، سەرباری گرنگیی ئەم پێشنیارەی یەكێتی بۆ پاراستنی كەركوك لە ئاگری شەڕ، كەچی بارزانی بە بیانووی ئەوەی “ئەمە راست نییە و پێشتریش لە زۆر شوێن هەماهەنگی هەبووە”، ئەو پێشنیارە گرنگەی رەتكردووەتەوە كە دەكرا ببێتە رێگر لە دروستبوونی ئەو دۆخەی بەسەر كەركوكدا هاتو و ناوچەكەی رووبەڕووی شەڕێكی نابەرانبەر كردەوە.

مەسعود بارزانی لە لاپەڕە 113دا جارێكی دیكە داندەنێت بەوەی هەروەكو چۆن سەرباری هەموو هۆشدارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و بە هۆی كەللەرەقییەوە ریفراندۆمی ئەنجامدا و هەرێمی رووبەڕووی قورسترین دۆخ كردەوە، ئاواش هەلێكی دیكەی بۆ پاراستنی كەركوك لە ئاگری شەڕ رەتكردەوە كاتێك شا عەبدوڵا پادشای ئوردن پیشنیاری كرد لەگەڵ عەممانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كۆببێتەوە و نووسیوێتی: “رۆژی ١٥ی ئۆكتۆبەر، لە كاتی كۆبوونەوەكە شا عەبدولڵای پادشای ئوردن بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە كردم. گوتی تۆ و عەبادی وەرن میوانی من بن. بۆ ئەوەی باسی گرفتەكان بكەین و پێكەوە بگەنە لێك تێگەیشتنێك. عەبادی لە وەڵامی ئەو دەست پێشخەرییەی شای ئوردن دا گوتبووی بە مەرجێك ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبم كە پێشتر بارزانی بێتە سەر تەلەفزیۆن و هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم رابگەیەنێت”، بەڵام مەسعود بارزانی دەڵێت: “ئەو مەرجەی عەبادی بۆ كۆبوونەوە زۆر نابەجێ بوو”.

ئەمەش دەریدەخات كە ئەمجارەش مەسعود بارزانی هەر بە هۆی كەللەرەقییەوە هەلێكی دیكەی لە دەست كورد دا و پاش لە دەستدانی كۆنترۆڵی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، نەك هەر بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمیش رازی بوو، بەڵكو چەندین سازشی دیكەشی بۆ حكومەتی عێراق كرد كە پێشتر تەنانەت باسكردنیشیان بەلای هەرێمەوە هێڵی سوور بوون.

هەروەها سەرۆكی پارتی لەلاپەڕە 115دا جەخت دەكاتەوە لەوەی ئەمریكییەكان پێشتر پەیامی ئەوەیان پێداوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نین “نابێت ریفراندۆم بكەن” و دەشڵێت فرانك بەیكەر باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە عێراق، دۆگڵاس سیڵیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و جەنەراڵ پۆڵ فانك فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكا لە عێراق رۆڵی زۆر خراپیان لە رووداوەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەردا هەبووە و ئاگاداری پیلانگێڕییەكان بوون و هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوكاری سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی هێرشیان ئەنجام دا. مەسعود بارزانی دانیش دەنێت بەوەی هێزەكانی پارتی لە شنگال بە فەرمانی راستەوخۆی خۆی كشاونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی پارتی دەیەوێت لە رێی كەناڵەكانییەوە بەرپرسیارێتی 16ی ئۆكتۆبەر بخاتە ئەستۆی یەكێتی، بەڵام كێتبەكەی مەسعود بارزانی دەریدەخات كە هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی كوردستان و كەركوكدا هات كەللەڕەقی خۆی بوو، پاشان “پیلانێكی هاوبەشی عێراقی و هەرێمیی” كە بە پشتیوانی ئەمریكا و بەریتانیا ئەنجام درا.

ئارام نەجیم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا