پەكەكە چی كرد و دەبێت چی دیكە بكات؟

ئەم بابەتە 32 جار بینراوە

كورد لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا سەرباری ئە‌و ستەم و زوڵم و زۆرەی لەسەری بووە، بەڵام چەندین میرنشین و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری هەبووە كە خۆی حوكمی خۆی كردووە. زمان و كو‌لتووری كورد له ‌پاڵ فەرهەنگی نەتەوەكانی دیكەی خەلافەتەكەدا پارێزراو بووە. قۆناخی نكۆڵیكردن لە كورد و هەوڵی سڕینەوەی سیمای نەتەوایەتی و بە توركستانكردنی نیشتمانەكەی لە هاتنی ئە‌تاتوركەوە دەستپێدەكات.

لەنێوان دەستپێكردنی سیاسەتی سڕینەوه ‌و نكۆڵیكردن لە كورد تاوەكو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە نزیك بە نیو سەدەیەكە، توركیا لەو 50 ساڵەدا ئاستی نكۆڵیكردنی كوردی گەیاندە قۆناخی زۆر مەترسیدار، زمانی كوردی و ناوی كوردی و گوێگرتن لە میوزیك و گۆرانی كوردی قەدەخەكرد، ناوی شارە كوردییەكانی گۆڕی و تەنانەت بەكاربردنی چەندین دەستەواژە و پیتی لەنێو نووسین و ئەدەبیاتی توركیاشدا سڕییەوە.

نەوەیەكی كورد لە شارەكان پێگەیشتن بەهۆی زەبروزەنگی سەر بەكاربردنی زمانی كوردی، زمانی رەسەنی كوردییان نەدەزانی. هەزاران خێزان پەڕاگەندەی شار و ناوچە توركنشینەكان كران و نەوەكانیان هەستی كوردبوونیان نەمایەوە.

ئەوەی لە ناوچەكانی كوردستان و گوند و شوێنە دوورە دەستەكان دەژیان و هەژموونی دەوڵەتیان زۆر بەسەرەوە نەبوو، گەرچی پارێزگارییان لە زمان و دابونەریتی كوردەوارییانەی خۆیان كردبوو، تەنانەت وشەیەكیش فێری زمانی توكی نەببوون، بەڵام دەوڵەت نكۆڵی لە كوردبوونی ئەوانیش دەكرد و وەكو توركی چیایی دەیناساندن. ئە‌گەر ئە‌و هەلومەرجەی لەو نیو سەدەیەدا بۆ فاشیستەكانی توركیا رەخسابوو بۆ سڕینەوەی كورد، چەند دەیەیەكی دیكە درێژەی بكێشابایە، بەدڵنیاییەوە هەنگاوەكانی قەدەخەكردنی زمانی كوردی، گوند و ناوچە دوورەدەستەكانیشی دەگرتەوه ‌و ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئە‌وانە كەمتر دەبوونەوە كە بە كوردی قسەیان دەكرد یان زمانی كوردییان دەزانی.

گەرچی لەو ماوەیەدا بزووتنەوەی سیاسی و تێكۆشانی كورد به ‌پچڕ پچڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و داكۆكی لە كورد بوون هەر بەردەوام بوو، بەڵام هەژموون و قورسایی دەوڵەتی توركیا بۆ سڕینەوەی كورد زۆر لەوان كاریگەرتر بوو. وایلێهات بە ملیۆنان كورد لەنێو توركیادا توانه ‌و هەستی كوردبوون و زانیاریی كوردبوونیان نەمایەوە، بەڵام كاتێك پەكەكە دامەزرا هاوكێشەكان بە جۆرێكی دیكە گۆڕان.

پەكەكە لە قۆناخی یەكەمدا هەستی كوردبوونی بۆ ئەو كوردانە دروستكردەوە كە لە بۆتەی توركدا توابوونەوە، بە ملیۆنان كەس بوونەوە خاوەن هەستی كوردبوون كە پێشتر ئەو هەستەیان لەدەستدابوو. ساڵانێكی زۆری پێویست بوو تاوەكو پەكەكە بچێتە قۆناخی دووەمەوە كە گۆڕینی هەست و قەناعەتی توركەكان بوو بەوەی كورد لە توركیا هەیه ‌و ئەوانە توركی چیایی نین، بەڵكو كوردن، هاووڵاتیی رەسەنی ئەو نیشتمانەن. پەكەكە لەمەشدا سەركەوتوو بوو كە كۆتایی بە سەردەمی نكۆڵیكردنی كورد هێنا و كۆمەڵگەی توركی و دامەزراوە دەوڵەتییەكانیش ناچاربوون دان بە ناسنامەی زیاتر لە 20 ملیۆن كەسدا بنێن كە ئەوانە كوردن نەك توركی چیایی.

هاوكات هێشتا گرێیەك لە توركیا هەیه ‌و نەكراوەتەوە، ئەویش ناسنامەی ئە‌و خاكەیە كە كوردەكان لەسەری دەژین. گەرچی چەند حیزبێكی سیاسی رێگەپێدراوی كوردی هەن كە له ‌چوارچێوەی یاسا و رێسای توركیادا كاردەكەن و پاشگری كوردستان بە ناوی حیزبەكانیانەوەیە، بەڵام هێشتا ناوی كوردستان وەك ئاماژەی نیشتمانی كورد لەو وڵاتە بڤەیە. ئە‌گەر قۆناخی نكۆڵیكردن لە كورد كۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا نكۆڵیكردن لە نیشتمانی كورد بەردەوامە.ئەوەی ئە‌ردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە دەستەواژەیەك هێڵێكی سووری بۆ كێشا و گوتی “ئەوەی باسی كوردستان دەكات، كوردستان لە باكووری عێراق هەیە نەك لە توركیا.”

هاتنی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پوولێك بە وێنەی پاپاوە لەسەر نەخشەی كوردستانی گەورە، چەپ و راستی توركیای وروژاند ‌و دەرگەی بۆ فاشیست و رەگەزپەرستە ناسیۆنالیستیەكانی توركیا كردەوە وەك مەترسییەك بۆ سەر ستراتیجی توركیا وێنای ئەو رووداوە بۆ كۆمەڵگەی توركی بگوێزنەوه ‌و بێڕێزییان بەرانبەر بە كورد و كوردستان گەیاندە ئەو ئاستەی كە بڵێن “كوردستان لەژێر پێماندایه.‌”

ئەو كاردانەوانەی توركیا وەك زەنگێكی ئاگاداركردنەوە پێویست بوو كوردیش لەوە بەئاگابهێنێتەوە كە قۆناخێكی سەخت لەبەردەممان ماوه ‌و دەبێت بیبڕین، ئەویش ناسنامەی جوگرافیای كوردەكانە، ئەو نیشتمانەی كە توركیای لەسەر دروستكراوە، كوردستان.

هەرچەندە ئێستا پەكەكە ئامانج و ستراتیژی خۆی گۆڕیوە و باس لە دیموكراسیی گەلان و تێزێكی فراوانتر دەكات بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، بەڵام پێویستە پەكەكە ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە ئە‌ركێكی لەوە سەرەكیتری لەپێش ماوه ‌و پێویستە وەك پرۆسەیەكی تەواوكاری ئە‌و ئەڵقەیەش لەگەڵ ناسنامەی نەتەوایەتی كورددا گرێبداتەوە كە ئە‌ویش بەخشینەوەی ناوی كوردستانە بەو بەشە جوگرافیایەی نیشتمانی كورد كە لەلایەن توركیاوە داگیركراوە.

هاوشێوەی دوو قۆناخەكەی پێشووتری كاركردنێتی بۆ دروستكردنی ئەو هەستە كوردستانییە لای كورد لە توركیا و قۆناخی چەسپاندن و كۆتاییهاتنی نكۆڵیكردن لە جوگرافیای كوردستان لەلایەن كۆمەڵگەی توركی و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی توركیاوە.

عارف قوربانی

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک