پارتی‌و شیعەكان دژی رێككەوتنن لەسەر كەركوك

پۆڵەتیك پرێس:
ڕێككەوتنی ئەم دواییەی حكومەتی عێراق حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئیدارەی هاوبەشی شاری شنگالی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی هێرشەكانی هێزە عێراقییەكان بۆ سەر پارێزگای كەركوك و شارو شارۆچكەكانی تر لەناو ناوچە جێناكۆكەكان.

لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەهەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی هەمان ساڵ.

ناوچەكانی كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بەدەست هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بوو، كە لەو ناوچانە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدراو بەو هۆیەوە هێزە عێراقییەكان هێرشیان كردە سەری‌و كۆنتڕۆڵیان كرد.

لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانەش، رۆژ بەرۆژ دۆخی ناوچەكانی كەركوك‌و دەوروبەری خراپتر دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی بوونی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت.

لەو وادەیەوە تائێستا چەندین جار یەكێتی نیشتمانی، كە زۆرینەی كەركوكە، داوای كردووە، چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بكرێت‌و حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەبارەی ئەو پرسەوە بكەن.

رێككەوتنی شنگالی نێوان حكومەتی هەرێم‌و عێراق، ئەو هیوایەی دروست كردووە، لەسەر پرسی كەركوكیش رێككەوتن بكرێت

هەرچەندە تائێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە، بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك‌و رێككەوتن لەو بارەوە، بەڵام رێككەوتنی شنگالی نێوان حكومەتی هەرێم‌و عێراق، ئەو هیوایەی دروست كردووە، لەسەر پرسی كەركوكیش رێككەوتن بكرێت.

رێگری گەورەی بەردەم رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر كەركوك، نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتە بۆ كەركوك‌و ئامادەنەبوون بۆ چوونە گفتوگۆ لەو بارەوە، كە لەساڵی 2017وە ئەو پارتە رەتیدەكاتەوە، هیچ گفتوگۆیەك بكەن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.

محەمەد دۆشوانی ئەندامی سەركردایەتی‌و بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس دەڵێت: پارتی لەژێر فشاری توركیا نایەوێت پرسی كەركوك چارەسەر بكرێت، كە ئەوەش كێشەی بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە.

محەمەد دۆشوانی دەشڵێت: پارتی لەدواین هەنگاودا دەستی كردووە، بەفرۆشتنی موڵكەكانی لەكەركوك، چونكە دڵنیایە توركیا رێگەنادات ئەو پارتە بگەڕێتەوە كەركوك.

رێگری گەورەی بەردەم رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر كەركوك، نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتە بۆ كەركوك‌و ئامادەنەبوون بۆ چوونە گفتوگۆ لەو بارەوە

هاوكات لەگەڵ ناڕەزایی پارتی دیموكرات، بەرپرسانی شیعەش لەعێراق ناڕازین سیناریۆی رێككەوتنی شنگال لەكەركوكیش دووبارە بێتەوەو لەو بارەشەوە هۆشداری دەدەن، كە رێگەنادەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتە ناوچەكەو ئیدارەی شارەكە بدرێتەوە بەكورد، كە بەرزترین پۆستی شارەكە پشكی یەكێتییە، ئەویش پۆستی پارێزگای كەركوكە.

بەو هۆیەشەوە، تائێستا چەندین كوتلەی پەرلەمانی، بەتایبەت كوتلە شیعەكان، لەوانە هاوپەیمانی فەتح‌و دەوڵەتی یاسا دژایەتی خۆیان بۆ هەنگاوێكی لەو شێوە دەربڕیوە، جەختیان كردووەتەوە، كە ئەوان رازی نابن بەهەنگاوێكی لەو شێوەیە.

هاوكات لەگەڵ ناڕەزایی پارتی دیموكرات، بەرپرسانی شیعەش لەعێراق ناڕازین سیناریۆی رێككەوتنی شنگال لەكەركوكیش دووبارە بێتەوە

سەرەڕای ئەو هۆشدارییانەش، بەڵام لەلایەن یەكێتی نیشتمانی هەوڵ هەیە بۆ دووبارەكردنەوەی ئەزموونی شنگال‌و لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ پرسی كەركوكیش.

ئێستا هێزە ئەمنییەكانی عێراق پارێزگای كەركوك بەتەواوەتی كۆنترۆڵ كردووە، كە گەورەترین كێڵگە نەوتییەكانی عێراق لەو پارێزگایەیەو پێشتر كێڵگەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام لەساڵی 2017وە لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا