پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شوانێک لەکاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیدا لە قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان مین پێیدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەست دەدات.
رۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024)، موراد باباخانی، جێگری قائیمقامی شاری قەسری شیرین رایگەیاند، هاوڵاتییەک کە خەڵکی ناوچەی سنجاوییە و پیشەی مەڕدارە، بەهۆی تەقینی مین پێیدا گیانی لەدەستداوە.
دەشڵێت، “لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕدا، مینێک کە مێژووەکەی بۆ شەڕی هەشت ساڵەی نیوان ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە، پێیدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەست دەدات”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، رۆژی 26ـی ئادار و لە رووداوێکی هاوشێوەدا، لە بەرزایییەکانی چیاکانی بوولفەت لە شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێ لە ئەنجامی تەقینەوەی مین دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون و یەکێکیان قاچچ لەدەستداوە.
بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان لەکاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بە مین چێندراوە، پاشماوەی ئەو کەرەستە جەنگیانە تا رۆژگاری ئەمڕۆ قوربانی و زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە و بە هەزاران کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.