داوادەکرێت لە مانگی رەمەزاندن کرێی کرێنشینان وەرنەگیرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان داوادەکات، لە مانگی رەمەزاندا خاوەن دووکان، خانوو و شوقەکان کرێی کرێنشینەکانیان وەرنەگرن و داوایەکیش ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی دەکات.

بەرهەم سەردار، کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، “بەهۆی خراپی دۆخی هاوڵاتییان و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، داوا لە خاوەن خانوو، شووقە و دووکانەکان دەکەین کرێی مانگەکەیان لە کرێنشیینەکانیان وەرنەگرن”.

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: تا ئێستا مۆڵەت بە 220 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە کێشەی کرێنشینانی هەرێم چارەسەر بکات، بۆیە ئێمە هیچ هیوایەکمان بە حکومەت نەماوە و داواکانمان ئاراستەی خەڵکی بەویژدان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی کرێنشینان.

بە ووتەی بەرهەم سەردار، پێشتر چەندین جار داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە لە باجی یەک ساڵی خاوەن خانووەکان خۆشبێت چونکە بە ووتەی خۆی، “لێخۆشبوونی یەک ساڵ لە باجەکان، بە واتای ئەوە دێت کە حکومەت کرێی یەک مانگی کرێنشینانی داوە”، بەڵام تا ئێستا حکومەت ماوەی چوار ساڵە هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە.

باس لەوەشدەکات، داوایان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە لە ووتارەکانیاندا باس لە دۆخ و گوزەرانی خەڵک بکەن و داوا لە خاوەن خانووەکان بکەن لە کرێی کرێنشینان لەو مانگەدا خۆشببن، بە ووتەی خۆی، “هاوڵاتییان تا رادەیەکی زۆر باش بەدەم داواکارییەکانیانەوە هاتوون و قبووڵیان کردووە”.

بەگوێرەی ئامارێکی پدەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 200 هەزار کرێچی لە هەرێمی کوردستان هەن و سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان دەڵێت: هیچ ئومێدێکمان بە حکومەت نەماوە ژیانی کرێنشینان چاک بکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا