دەنگی ناڕەزایی لەناو گۆڕان بەرز دەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
دەنگی ناڕەزایی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەرزبووەتەوە، ئەوەش لەبەرانبەر بێ‌ دەنگی‌و بێ‌ هەڵوێستی بزووتنەوەكە لەسەر بەردەوامی سیاسەتی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دوو شەممە كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكە رایگەیاند، كە بەهەمان میكانیزمی دابەشكردنی موچەی مانگی دوو موچەی مانگی سێش دابەش دەكات، كە ئەویش لێبڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەرانە.

پێشتر عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و چەند بەرپرسێكی تری بزووتنەوەكە، رایانگەیاندبوو، وەك لایەنێكی بەشداری ناو حكومەتی هەرێم بەمەرج رازی بوون بە لێبڕینی موچە، مەرجەكەش ئەوەیە تەنیا بۆ یەك مانگ ئەو لێبڕینە پەیڕەو بكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس” ئێستا لەسەر ئاستی باڵا لەناو گۆڕان دەنگی ناڕەزایی بەرزكراوەتەوە، بەوەی بۆچی وەك گۆڕان، رازین بە بەردەوامی لێبڕینی موچە.

هەر بەپێی زانیارییەكان دەنگە ناڕازییەكان داوا دەكەن، كە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی هەبێت‌و بێدەنگ نەبێت لەسەر ئەوەی حكومەت لەسیاسەتی لێبڕینی موچە بەردەوام بێت.

سەرچاوەكەی “پۆڵەتیك پرێس”، كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت باسی لەوەش كرد، كە دەنگە ناڕازییەكان زیاتر بەڕووی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەرزكراونەتەوەو داواش كراوە لەو بارەوە روونكردنەوە بدەن.

هەروەها سەرچاوەكە وتی: ئەگەر خانەی راپەڕاندن روونكردنەوەی پێویست لەو بارەوە نەدەن، ئەگەر هەیە دەنگە ناڕەزاییەكان ناو گۆڕان زیاتر بن‌و ئەوكات ئەگەری تەقینەوەی لێدەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا