پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان بوونەتە هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئاسایشی عێراق و ئێستا لە هەر کاتێکی تر زیاتر پێویستە حکومەتی عێراق فشارەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان لە وڵات، زیاد بکات”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شووباتی 2024، لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، “ئەمریکا بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و ژیانی هاوڵاتییانی سڤیل، بە ئاشکرا ئۆپراسیۆنێکی تیرۆری بۆ کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەرگریی عێراق لەناوجەرگەی ئاوەدانی لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا”.
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرۆکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکای کرد و رایگەیاند، “هێرشی لەم جۆرە هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی گەلانی عێراق و دەستدرێژیی روونە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق، هەروەها بێ ئەرزشکردن و بەکەم تەماشاکردنی گیانی هاوڵاتییانمانە، ئەوەشی زۆر مەترسیدارە ئەوەیە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیادەڕەوییەکی زۆر لەبارەی هۆکار و ئامانجەکانی پشت ئەو جۆرە هێرشانە دەکات”.
لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا لە هەموو کات زیاتر حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بێنێت؛ کە بوونەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و وڵاتەکە رادەکێشنە گێژاوی شەڕ و ململانێکان”. ئەوەشی ووت، “هێزەکانمان لە تەواوی وڵات بەگوێرەی دەستوور مامەڵە دەکەن و ئەو ئەرکانەی خۆیان جێبەجێدەکەن کە پێیان سپێردراوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە تەواوی عێراق و تا دوورخستنەوەی هەموو هەڕەشەکان لەسەر خاکەکەمان بەردەوام دەبن”.
شەوی رابردوو، (چوارشەممە 07-2-2024) ئەمریکا لەرێگەی درۆنەوە هێرشیکردە سەر ئۆتۆمبێلێک لەناوچەی مەشتەلی شاری بەغدا و دواتر دەرکەوت فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی تێدابووە و لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا کوژراون.