داوا دەكرێت سكاڵا لەسەر لێپرسراوی خاڵی سنوری فیشخابور تۆمار بكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە نووسراوێكدا پەرلەمانتارێكی كوردستان داوای لە داواكاری گشتی هەرێم كرد، سكاڵا دژی لێپرسراوی خاڵی سنوری فیشخابوور بەرز بكاتەوە بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە پێنج هەزار ئاژەڵی سوری بە نایاسایی”قاچاخ” و بەبێ گومرگ لە فیشاخبورەوە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان و بەسەرجەم بازگەكانی ئاسایشی دا تێپەڕدەكرێت، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت ئەوان سیستمێكی تایبەتیان هەیە بۆ هێنانی ئاژەڵ و بەرپرس نین لە هێنانی ئاژەڵی قاچاخ .

لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی داواكاری گشتی كردووە پەرلەمانتاری كوردستان عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند: لە رۆژی 8ی نیسانی 2021 ەوە بەرپرسی خاڵی سنوری فیشخابور بە نایاسایی رێگەی داوە هەموو رۆژێك پێنج هەزار ئاژەڵ بێتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەم بڕیارەی خاڵی سنوری فیشخابور یاسا شكێنییەو دەچێتە چوارچێوەی كاری قاچاخ.

ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەیدا داوا لە داواكاری گشتی دەكات، سكاڵای یاسایی دژی لێپرسراوی خاڵی سنوری فیشخابور تۆمار بكەن.

لای خۆیەوە حسێن حەمە كەرێم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمە بۆ هێنانی ئاژەڵ سیستمێكی تایبەتیمان هەیە، لە رووی كارگێڕی و یاسایی و پیادەكردنی تەندروستی ئاژەڵ لە پێناو تەندروستی گشتی، ئەوی دیكە كە بەشێوەی قاچاخ دێت ئێمە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لێی بەرپرس نین.

هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 90 هەزار تۆن گۆشتی سوور هەیە، لە كاتێكدا بەرهەمی ناوخۆی هەرێم توانای دابین كردنی كەمتر 50% ی بەرهەمی ناوخۆی هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا