ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکی نوێیان کردە سەر حوسییەکانی یەمەن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکی دیکەی هاوبەشیان بۆسەر ژمارەیەک پێگەی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامدا و پنتاگۆن دەڵێت، “هێرشەکان بەردەوام دەبێت”.

درەنگانی شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هەشت پێگەی حوسییەکانی یەمەنیان کردووەتە ئامانج لەنێویاندا کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی گرووپەکە لەژێر زەویدا خاپوور کراوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) راگەیەندراوێکی هاوبەشی لەبارەی هێرشەکانەوە بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، “ژمارەیەک هێرشی وورد و پێویستمان کردە سەر حوسییەکانی یەمەن و هەشت پێگەی گرووپەکەمان بە مووشەک خاپوور کردووە”.

پنتاگۆن لە راگەیەندراوەکە ئەوەشی وتووە، هێرشەکان بۆسەر حوسییەکانی یەمەن بەردەوامی دەبێت، “ئامانجمان ئەوەیە کە ئاشتی و ئاسایش بۆ دەریای سوور بگەڕێنینەوە، بەڵام دەمانەوێت سەرکردایەتیی حوسییەکان دڵنیابن کە هەرگیز دوودڵ نابین لە پاراستنی گیانی کەسانی مەدەنی و بەردەوامیی شەپۆلی بازرگانیکردن لە دەریای سوور”.

ئەمە هەشتەمین هێرشی ئەمریکایە بۆسەر حوسییەکانی یەمەن و دووەمین هێرشی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە لە پاش سەرهەڵدانی گرژییەکانی دەریای سوور.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هێرشەکە بە هاوکاری وڵاتانی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا ئەنجام دراوە.

تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێک لەلایەن حوسییەکانەوە لەبارەی هێرشەکان بڵاونەکراوەتەوە، دواین جار لە رۆژی 11ـی ئەم مانگە و پاش یەکەمین هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا، حوسییەکان بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیەکی ”توند”یان دا.

دەریای سوور رێگای هاتووچۆی نزیکەی %15ـی کۆی بازرگانییەکانی جیهانە و بە رێڕەوێکی گرنگیی بازرگانیی جیهانی ئەژمار دەکرێت. حوسییەکان  کە کۆنتڕۆڵی رووبەرێکی زۆر لە خاکی یەمەنیان لەژێردەستدایە، لەسەرەتای راگەیاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییە زەمینییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، بەردەوام ئەو کەشتیانە دەکاتە ئامانج، کە خاوەندارییەتییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا