بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال پەیامێکی بڵاوکردەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ سێشەممە3ی تشرینی یەکەم، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پەیامێکی بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامەیەکدا ڕایگەیاند،” ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵ و شانازییەکی زۆرەوە یادی شکۆی نەتەوە و نیشتمان دەکەینەوە، یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە ژیانی خۆی پێشکەشی نیشتمان کرد و رۆژەکانی تەمەنی لەپێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بەسەربرد”.

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵ و شانازییەکی زۆرەوە یادی شکۆی نەتەوە و نیشتمان دەکەینەوە، یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە ژیانی خۆی پێشکەشی نیشتمان کرد و رۆژەکانی تەمەنی لەپێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بەسەربرد.

دڵتەنگین کە كوردستان سەرکردەیەکی خەمخۆر، بەرگریکار، دڵسۆز و بەوەفا و عێراق بونیادنەر و چەترێکی کۆکەرەوەی لەدەستدا، شانازیش دەکەین کە رێبازێکی بۆ بەجێهیشتن کە بۆ هەمیشە چرای رێگە و رێنیشاندەرمان دەبێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و بونیادنانی وڵاتێکدا کە تاکەکانی سەربەرزانە و ئازادانە بژین.

ئێمە یادی سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە، یادی ئەو سەرۆکەی خەمی کوردستانی لە شان گرتبوو و لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی میللەتێکی ستەمدیدەدا خەباتی بێوچانی کرد، خەباتێک کە تاوەکو کۆچیشی کرد بەردەوام و بێبڕانەوە بوو. یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە بونیادنەری عێراقی نوێ و چەتری کۆکەرەوەی ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە بوو کە تەنیا لە سایەی ئەودا کۆدەبوونەوە.

ئەمڕۆ سوێند و بەڵێنی هەمیشەییمان بۆ سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە کە وەک چۆن لە رابردوودا درێژەمان بە رێبازەکەی داوە، لەداهاتووشدا بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتی حەکیمانە و شوێنپێی ئەودا هەنگاوبنێین و لەپێناو سەرفرازیی کورد، فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی و دیموکراسی، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکاندا درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین و مێژوویەک بنووسینەوە کە رۆحی سەرۆک مام جەلال شاد بکەین و ئەو شانازییە بە خۆمان رەوا ببینین کە هەڵگری ئەو سیاسەتە تەندروست و حەکیمانەیە بین.

بەناوی هەڤاڵانی نوێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتییەوە بەڵێن دەدەین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارێزەر و بەردەوامیپێدەری ئەو سیاسەتە دەبێت کە مام پەیڕەوی دەکرد، دەستی ئاشتی و پێکەوەیی بۆ هەموولایەک درێژ دەکەین و جیاوازییەکان دەخەینە خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانەوە. بەبێ بیرکردنەوەی حزبی و دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەت، لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیردا تێدەکۆشین و هەوڵەکانمان لەپێناو یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلی کورددا دەبێت. بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی هاوکار دەبین و بۆ بەرگری لە کوردستان فیداکار دەبین.

دروود بۆ رۆحی سەرۆک مام جەلال.. ئاشتی و ئاوەدانی بۆ کوردستان و عیراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا