ئاماری مانگێکی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین بڵاوکرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنی و منداڵ و ئافرەت، بەهۆی هێرشەکانی هەردوولاوە بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ 7ـی تشرینی دووەم، تەندرووستی فەڵەستین رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی مانگی رابردووی سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.

بەشێکی زۆر لە بریندار و کوژراوەکان تا ئێستا نەتواندراوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی کەرتی غەززە دەربهێندرێن و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

ئیسرائیلیش لای خۆیەوە، ئاماری قوربانییانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “لەهێرشەکانی حەماس بۆسەر باشووری ئیسرائیل و ناوچە کۆمەڵگە نشینەکانی جوو لە نزیک سنووری کەرتی غەززە لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، زیاتر لە 1400 کەس کوژراون و 240 هاوڵاتیی مەدەنیش بەدیل گیراون”.
ئیسرائیل دەڵێت، ئەمە کوشندەترین هێرشە تا ئێستا کرابێتە سەر ئەو وڵاتە.

لەپاش هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین’ی لە غەززە راگەیاند.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە، بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی ئەمریکی ووت، “ئیسرائیل تۆڵەیەکی بەزەبر دەکاتەوە و ئامادەین بۆ جەنگێکی قورس و درێژمەودا”.
گەمارۆدانی کەرتی غەززە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە رامەڵڵا، کە لە سەرچاوەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حەماسەوە وەرگیراوە، زیاتر لە 10 هەزار کەسی کوشتووە.

زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی لە کەرتی غەززە نیشتەجێن، نزیکەی نیووەی ئەم ژمارەیە لە ئێستادا ئاوارەی باشووری کەرتە بوون و چاوەڕێی کردنەوەی دەروازەی رەفەحن بۆ دەربازبوون و چوونە ناو خاکی میسڕەوە.

ئیسرائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکاتە سەر کەرتی غەززە، کە لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی مەدەنی لەو شارە ماونەتەوە و نەیانتوانیووە ناوچەکانیان جێبهێڵن.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە مانگی یەکەمی جەنگەکەدا زیاتر لە 2700 هێرشی ئاسمانییان کردووتە سەر کەرتی غەززە.

نانتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرئیل رەتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازیبێت، بەڵام ووتیشی، “ئامادەین ئاگربەستی کاتی رابگەیەنین تاکو هاوڵاتییانی مەدەنی رێڕەوی سەلامەتییان بۆ دەکرێتەوە و هاوکارییە مرۆییەکانیان پێ دەگات”.

وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانیش، لە هەوڵی راگرتنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانن لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوای فەڵەستین. بەڵام بەهۆی دژبوونی ئەمریکا بە راگەیاندنی ئاگربەست لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تا ئێستا نەتواندراوە کۆدەنگییەک لەبارەی ئەو پرسەوە درووستبکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا