نەورەس محەمەد: شیعر ڕزگارکەرم بووە لەو دیوار و شەقام و بینینانەی مرۆڤانی دیکەی پێ دیل بووە

پۆڵەتیک پرێس

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم به‌مزوانه‌ کۆمەڵە شیعری (شقارتە) لە نووسینی خاتوو ( نەورەس محەمەد) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی بردنەوەی ئەم خەڵاتە نەورەس محەمەد ده‌ڵێت: دڵخۆش بووم بە بردنەوەی شقارتە کە بەشداری پێشبڕکێیەکەم کرد، بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر یەکەم ئەزموونم لە لایەن و کەسی شارەزا و بە ئەزموونەوە بخوێندرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، بێ ئەوەی بزاندرێ کێم، بێ ئەوەی ڕەگەزم، تەمەنم، یاخود لە چ چینێکی کۆمەڵایەتیم.. ئەوکات ئاسوودەتر و دڵنیاتر دەتوانم بنوسم، ئەوکات خوێنەرانیش لەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە ڕزگاریان دەبێ کە نەورەس کچە بۆیە دەخوێندرێتەوە. هەرچەندە ئەو بردنەوەیە مانای ئەوە نییە کە تەواو گەیشتوومەتە ئاستێک و پێویستم بە خوێندنەوە و ئەزموونی دیکە نییە، نا بەڵکو بەرپرسیارەتی زیاترم دەکەوێتە سەرشان. ئەگەر شقارتە خەڵاتیشی نەبردبا ئەوکات دەبوومە کەسێکی پێداگر، نەبردنەوە پاڵنەرێکی بەهێز دەبوو تا ئەزموونی زیاتر و نوێتر تاقیبکەمەوە .

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە شیعری شقارتە وتی: لە شقارتەدا هەوڵمداوە وێنەی ئەو ڕێگا و ئازار و بەربەستانە بهێنمە نێو زمانەوە کە دەکرێ هەر مرۆڤیک لە ژیانیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە کە خەون دەبینێ، ئایا کۆمەڵگە و داب و نەریت بۆچی لەنێو خۆیدا لولمان دەدا و کۆت و بەندمان دەکا؟ بۆچی نوکی زمانیان لە ئێسکەکانمان دەخشێنن؟

وەک نەورەس دەڵێت:  “شقارتە” بیرهێنانەوە مرۆڤبوونە، پێش ئەوەی ڕەگەزێک بێت، هەر شیعرە و ئازارێکی قوڵی لەخۆیدا هەڵگرتووە، ئازار و ئیستاتیکا لە شقارتەدا یەکدەگرن و ململانێی نێوان من و ئەوان دەکات.

نەورەس محەمەد لەبارەی ژانەری شیعرەوە بۆ بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێس دواو دەڵێت: بە بڕوای من شیعر یەکێکە لە ژانەرە قوڕسەکان، کە پێویستی بە ئامادەگی تەواوی هزر و بوونی شاعیر هەیە لەکاتی نوسیندا.. پێموایە شیعر دەبێ مرۆڤ بخاتە بیرکردنەوەی قوڵەوە، پرسیار لای خوێنەر دروستبکات و خوێنەر ببێت بە بەشێک لەو چیرۆک و هەستەی لە پەنا شیعرەکەدا شاردراوەتەوە.

نەورەس زیاتر لەسەر شیعر دەدوێت و وتی: شیعر بۆ من هەتوانی برین و سوککردنی بارقوڕسییەکانی ژیان بووە، ڕزگارکەرم بووە لەو دیوار و شەقام و بینینانەی مرۆڤانی دیکەی پێ دیل بووە. شیعر چاو و زمانی خەڵکی لێکردمەوە، هەرکاتێک وا هەستم بکردایە دۆستێکم نییە تا زمانمی لا واڵا بکەم، شیعرم دەدۆزییەوە تا ئەو دۆستە بێ.

ئەحمەدی مەلا کە یەکێک لە دادوەرانی هەڵسەنگاندنی شیعر بوو، لەبارەی هەڵبژاردنی “شقارتە” وەک براوەی خەڵاتی نووسیار دەڵێت: دەقەکانی “شقارتە” ئازارن، بەڵام شیعرێندراون، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە، چونکە نووسینەوەی ئازار هەمیشە خۆی لە دەستی دەقی شیعریی رادەپسکێنێ. دەگوترێ  شاعیر کەسێکی دڵشکاوە لە بنەڕەتەوە، بەڵام نووسینەوەی ئەم دڵشکانە ئاسان نییە، یا هەندە ئاسانە کە نابێ بە شیعر. شیعری ئێمە، هێشتا لە ناڵە و لاڵانەوەی سەدەی نۆزدەم خۆی قورتار نەکردووە، ئەمە پەیوەستە بە مێژووی کەلتووریمان، بە سیستەمی پەروەردەمان، بە چێژی چەقبەستوومان، لەهەموو حاڵەتێکدا شیعر نابێ ناڵین بێ بەسەر تەرمی خۆمان، بەڵکو رامان بێ لە بوون، لە ئازار، لە بوونی ئێمە لێرە.”

نەورەس محەمەد: لە دایکبوی شاری هەولێر لە ساڵی ١٩٩٧ . خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی کوردیدا. شیعرەکانی خۆی لە چەندین ماڵپەڕی شیعری و کەلتووری بڵاوکردۆتەوە. هەروەها بەشداری زۆربەی کۆڕی شیعری شاری هەولێری کردووە.

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٠ساڵی یەکەم ٢٠٢٠ خولی (محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەڕاڵی پایز) ئەم خەڵاتە ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا