پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی
سازدانی: دیار لەتیف
بەیان سەلمان ڕۆماننووس و شاعیر و وەرگێڕ، ژنەنووسەری ڕژدی کورد، لە هەزار و نۆسەد و شەستویەک لە کەرکووک هاتووەتەژیان. ساڵی١٩٨٦کۆلێژی ئابووری و بازرگانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. ساڵانێک لەڕانییە مامۆستا بووە و ساڵانێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان کاریکردووە. لە کۆتایی دەیەی نەوەدەکانەوە چووەتە فەرەنسا و لە پاریس دەژی. کاری نووسین و وەرگێڕان دەکات و دامەزرێنەر و سەرنووسەری ماڵپەڕی ترانسکلتوورە. لە تاراوگە چەندین بڕوانامەی لەبواری ئەدەبی هاوچەرخ و ئەدەبی فەرانسایی بەدەستهێناوە. هەر لەپاریس ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٨ لە کەناڵی تیشک بەرنامەی کلتووریی بەنێوی چرکە بەڕێوەدەبرد. بڵاوکراوە کتێبەکانی جگەلە زمانی کوردی بەزمانی عەرەبیش وەشانکردووە. خاوەن چەندین وەرگێڕانی فەرانسایی بۆ کوردییە. بەیان سەلمانی پڕکار و وردکار، یەکێکە لە دەنگە هێمن و قووڵکارەکانی ژنەنووسەری کورد.
لەم دیدارەدا لەبارەی زۆر پرسی ئەدەبی لەگەڵ بەیان سەلمان دواوین و دەدوێین
دیار لەتیف: ڕۆمانی “بوراق”؛ چەمکێکی ئاینیی وەرگرتووە و مەغزای پشتەوەی ئەم ناونیشانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بوراق چیرۆکی ونبوونەکان و کۆمەڵانێک دەگێڕێتەوە، کە کەوتوونەتە ناو ماشێنی هەلاجیی بەعسییەکانەوە. ئایا ئەم ڕۆمانە هەڵگری خەونێکە، کە پێویستە گۆزاری بکات و لێرەوە گوزارشت و سەربارێکیترت هەیە؟
بەیان سەلمان: ئەو ناونیشانە بە مەبەستەوە دەستنیشانم کرد. درووستە لە واتایەکی ئاینییەوە هاتووە، بەڵام بۆمن سەرچاوەی ئەفسانەیە. یاریم لەسەر ناوی گەڕەکێک کرد بە بولاخ ناسراوە. هەردوو وشەکەم تێکەڵ کرد بۆ ئەوەی لایەنی ئەفسانە و ناوی ڕاستی ئەو گەڕەکە لەیەک بدەم. وایە ڕووداوەکانی بۆ سەردەمی حوکمی بەعسیەکان دەگەرێتەوە. خەڵکی ئەو سەردەمە، سەرەتا لە حوکمڕانی ئەحمەد حەسەن البکر و دواییش سەدام حوسێن، کەسانێک لە خۆیانەوە دیار نەدەمان، بەڵام هەمووانیش دەیانزانی کە ڕفێندراون، یان لە (قەسر النهایە) زیندان کراون، یان بێسەروشوێن کراون، یاخود کوژراون. چیرۆکی ئەو کەسانەیە کە تێکەڵ بە ژیانی پیرێژنێکی بە ئەسڵ مەسیحی ئەرمەنیی بووە و دوا ساتەکانی مردنیم تێکەڵ بە ژیانی کەساییەتیە سەرەکییەکە و ڕووداوەکانی تر کردووە، کە هەمووی لە ڕێگای بیرکردنەوەی ئەو کەسایەتییە دەوروژێندرێن. هەروەها دۆخی ئەو سەردەمەی ڕووداوەکان تێیدا ڕوویان داوە.
دیار لەتیف: وەک ئەوەی لە ڕۆمانی “نەوەکانی مادایی”دا هەیە، گەڕانەوەیە و باسکردنە لە کۆیلەیەتی و داگیرکاری، ئاخۆ دەتانەوێ ئەوە بەرباس بدەن کە مرۆڤ خووڕەوشت و سرووشێکی حەزجوڵاو بەرەو زۆرداری و ستەمی هەیە؟
بەیان سەلمان: زۆر بە کورتیی، دەتوانین بڵێین نەوەکانی مادایی پێشبینیکردنێکی تاڵە بۆ چارەنووسی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو. باس لە سەردەمێک دەکەم کە کارەسات و نەهامەتی گەورەیان بەسەردا هاتووە، ئێستاش مرۆڤی ئەم ناوچانەی ئێمە لە هەڕەشە و مەترسی بە دوور نین، بەڵام هەتا چەند دەتوانن بەرگریی بکەن؟ هەتا کەی مرۆڤەکان بێ ئاگا دەبن لەوەی دراوسێکەت چی لە پشتییەوە شاردۆتەوە! مرۆڤ بە ئاگا نەبێت بێگومان دەبێتە کوێلە، زمانی تێکدەشکێندرێ و مێژووی دەسڕدرێتەوە. هیچ سەردەمێکیش لەوە بەدوور نییە. پێشکەوتنی گشتیی لە جیهاندا دۆخی نەگۆڕیوە، پتر ئاڵۆزتری کردووە. ئەوەتا خۆمان لەناو ئەو دۆخانەدا دەژین! کورد مەحکومە بەوەی هەر ساتێک ڕووداوێکی کارەساتاوی بێتە پێشێ و هەموو دۆخەکە بگەڕێتەوە ئاستی سەرەتای سەرەتا.
دیار لەتیف: لە ڕۆمانی “یاداشتی عەتر و ئاگر”دا بە کەسایەتییەک بەرجەستەمان دەکەیت، وەک ئەوەی شکست مانایەکی کاتییە و هەمیشە هەوڵ بۆ بەگەڕخستنی خەونگەل دەدات و دەبێتە نموونە و پێشەنگ بۆ کەسانیتر، ئایا چیترمان پێدەڵێت گەر سەرنجێکیترت بۆ خستنەڕوو هەبێت؟
بەیان سەلمان: کەسایەتیەکانی ناو ئەو ڕۆمانە وێڕای شکست، هەڵەسنەوە. وێڕای هەلومەرجی ژنبوون و تەنیایی وجوودی هەر بەردەوام دەبن لەوەی ژیان واتای لەلایان هەبێت. زۆر گرنگە مرۆڤ بتوانێ لە هیچ و لە بەدبەختیی واتای گەورە بدۆزێتەوە و ببێتە وزەیەکی هاندەر بۆ خۆی و بۆ دەوروبەری. باجە و دەوڵەت وەکو دوو پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لەو کەسانن کە هیچ ڕایان ناگرێت. ئەو مرۆڤەی لە دۆخێکی نالەباردا قەتیس دەبێ ناتوانێ خۆی بۆچوونی تەندرووستی بۆ دەوروبەری هەبێت. ئەو ژنانە بە پێچەوانەوە ژیلەمۆی ڕووداوەکانی دەوروبەریانن. ئەوانن کە ژیان لەلایان بەهای هەیە بە هەموو ناخۆشییەکانەوە. ئەوە سیفەتی مرۆڤی تێکۆشەریشە.
دیار لەتیف: پێگەی ناونیشان لە ڕۆماندا و بەتایبەت ڕۆمانی کوردی چۆن هەڵدەسەنگێنیت و پاشان پێشەوەی بپرسم، دەمەوێ بێژم ناونیشانی “یاداشتی عەتر و ئاگر” بزوێنەر و سەرنجبەر دێتەپێشچاو. دەپرسم، ئایا پایەی ناونیشان لای ئێوە لە چ ئاستێکدایە؟ چەند گرنگی بە ڕەگەزی ناونیشان دەدەن و لاتان جێی بایەخە؟
بەیان سەلمان: بەڵێ زۆر گرنگە، چونکو بەشێکی خوێننەوە پشت بەو ناونیشانە دەخوێندرێتەوە. ناونیشان بۆ خودی نووسەر وەکو سەرەتای داوەکەیە کە دەیگرێ و ڕێنمایی دەکات بۆ داڕشتنەوەی دەقەکە، تەنانەت کە دواتر ئەگەر خواستت بێت بیشیگۆڕی هیچ لەوە ناگۆڕێ کە سەرەتا ڕێی خۆش کردووە بۆ چوونەناو چیرۆکەکە. بۆیە ناونیشان بۆ هەموو نووسەرێک وەکو بناغەیەکە، گرنگە زۆر بیری لێ بکرێتەوە پێش ناونان. بۆ “یاداشتی عەتر و ئاگر” دەیان ناونیشانم بۆ هەڵبژارد هەتا هاتمەسەر ئەوەی بە دروستم زانی، چونکو هەردوو تەوەری ئاگر کە کەرکوک پێی ناسراوە و ڕووداوە گرنگەکانی ڕۆمانەکە و ژیانی کەسایەتییەکان لە هەڵقوڵانی نەوتەوە لە عەردەکانیان دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیان. بەشەکەی تری پابەندە بە عەترێک (بێگومان بە ئەنقەست نەمکردووە بە بۆن) کە بە نێوەندییەوە رووداوەکان یاداشت دەکرێن. عەتر فاکتەرێکی گرنگە لەو ڕۆمانە بۆ وروژانی یادەورییەکانی کەسایەتییەکان.
دیار لەتیف: شارێک خەیاڵێکی شاعیرانەی تێدا نەبێت، ڕۆیشتنیش پێیدا دڵتەنگکەرە، خاڵییە وەک بەریناییەک بەتاڵ لە ژیان. ئایا ئێمە شارمان نییە، خاوەن کۆمەڵێک بلۆک و چیمەنتۆ و قیرین!؟ کۆمەڵگەی نیشتەجێی ئۆردووگاین و لەژێر ناوی شاردا؟ هەمیشە حیزب لە ژینگەی ناشارییدا گەشە دەکات و زاڵدەستە. حیزبی کوردی سوودمەندی سەرەکییە لەو پاشاگەردانییە نائاوەزییە دەرە شارستانەی، کە ڕێگرە لە بەردەم تاکی هۆشیار و دامەزراندنی بنەمایەکی تاکگەرایی شارییانەدا. حیزب گرنگی بە کۆمەڵان دەدات، ئیشی ڕشتنی ژەهری ئایدۆلۆژیاکەیەتی بەناو خەیاڵدانی جەماوەردا. حیزب جەماوەری دەوێ نەک تاک. شاری ڕاستەقینە لە وێنای حیزبدا دوژمنە.
بەیان سەلمان: پێم باشترە بڵێم دەسەڵات بە گشتیی ژەهرێکە و دەپرژێندرێتە سەر ژیانی هەموو کەسێک بۆ ئەوەی ملکەچ بێت و لە بڕوای ئەوانەوە ”لادەر نەبێت”. دەسەڵات، کاتێ دەبێتە نوێنەری فەرمیی دەوڵەتیش لە حوکمڕانی، فۆرمێکی تیرۆریست لە خۆی دەگرێت. چونکو پرەنسیپی مرۆڤ تیرۆر دەکات، نەک ئامانجی کەسەکان بهێنێتەدی بە خواستی ژیانێکی شکۆمەند. دەسەڵات هەمیشە دەترسێ لە کەسی یاخی، بچووکترین ڕووداو لەلای دەبێتە دیاردەی زەق و بە پیلانگێڕان تەماشای دەکرێت. لەبەر ئەوە کە باس لە شار دەکەین، باس لە شوێنێکە، کە تاکەکان بتوانن ژیانیان تێیدا بە ئاسوودەی بەسەر بەرن. بوێرن بیروڕایان دەربڕن، تەنانەت ئەگەر دژی دەسەڵاتیش بن، ئەوە خراپکارییەک نیە و ئەوەندەی مەبەست چاککردنی دۆخ و هەڵومەرجی خەڵکە، مەبەستی بەدفڕیی لە دوا نییە، چونکە مەبەست چاککردنی ژیان و هاوتەباییە لە نێوان هاوڵاتییان، نەک تێکدانی. بێگومان ئەگەر تاکەکان هەست بە ئازادی نەکەن، بواری دەربڕینی خۆشەویستی نەبێت، شەوان لەگەڵ هاوڕێیانیان کاتی خۆش بەسەر نەبەن، پیشەیان نەبێ بتوانن بە ڕێز و شکۆی خۆیان خەرجیەکانیان دابین بکەن… ئەوە لە کۆنسێپتی شار لادەدات و وەک گوتت دەبێتە ئۆردوگایەکی نیوچە کراوە کە مرۆڤ دەکاتە ناو وەهمی نیشتجێبوون لە شار.
دیار لەتیف:بۆچی توێژینەوەی قووڵ و فرە لقمان لەسەر شار لە ڕۆمانی کوردیدا نییە؟ دەگەینە ئەو باوەڕەی کە شار لە ڕۆمانی کوردیدا وەک پێویست نەڕسکاوە، شارێک بە ڕووخسار و کڕۆکی شارێتی و تازەگەرییەوە. ئایا ئەوە کێماسی ڕۆمانی کوردی نییە، کە نەیتوانیوە وێنای شار لە گێڕانەوەسازیدا بخاتە یادگە و هەرێمی بینینەوە؟ یان هەر لە سەرەتاوە نەمانتوانیوە شارمان بە پێوەرەکانی شارێتیبوون هەبێت و ئەوەی هەیە ڕووکەشە و هەربۆیە ڕۆمانەکانمان گرتەیەکی تەڵخی شارمان بۆ دەگوازنەوە کە وەرگر تێر ناکات؟
بەیان سەلمان: دەبێ لە زانکۆکان، واتە بواری ئاکادێمی بیر لەو جۆرە کار و نووسینانە بکەنەوە. بە بڕوای خۆم توانیومە بابەتی شار لە هەر یەکێک لە ڕۆمانەکانم بخەمە کار، بە بۆچوونی جیاواز و سەردەمی جیاوازیش. شار پێکهاتەی فیکرییە و پێگەیەکی کۆمەڵاتی گرنگە بۆ گەشەکردنی تاکەکان. گرنگ نییە باس لە کام شار دەکەیت، گرنگ ئەوەیە ستروکتووری شاری تێدا بەدی بکرێت. بۆیە لەلای خۆمەوە، لە “یاداشتی عەتر و ئاگر” کەرکوک بە تەواویی ئامادەیە، وەکو شارێکی گرنگ خۆی سەپاندووە، گرنگە لە ڕووی هەڵقوڵانی نەوت و چینە کۆمەڵایەتیەکان و پێگەی زانستی کەسایەتیەکان و هاوپەیوەندی و ئاخافتنی هەمەجۆر لە نێوان هەموو پێكهاتەکانی بە کورد و عەرەب و مەسیحی و جولەکە و تورکمان و کاکەیی و سوبی… لە بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملوک دەچمەوە سەردەمی شاری بەغدا کە ئەو دەمانە لە گەرمەی گەشەکردنیدا بوو. لە “دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان” دەچینەوە سەر سەردەمی دێرینی بەسرا وەکو شارێکی گرنگی گەشەکردنی بازرگانی. لە “باڵندەکانیش دەنیشنەوە” دەچینە ناو شارێکی وەکو پاریس… ئەو ئامادەبوونەی شار لە خۆڕا نییە، پوختەی بۆچوونی سەردەمەکەش دەخاتە بەر دید و بۆچوونی خوێنەران.
دیار لەتیف: گێڕانەوەی شار لە ڕۆمانی کوردیدا سەرمەستە بە یادەوەری و گەڕانەوە بۆ منداڵیی و سۆز بۆ لەدەستچوونی کات و جێیەکی بارگاوی بە یادەوەری، سڕینەوەی ئەو کاتجێ و یادگاریانەی کە نووسەری کورد وەک بەهایەکی مەزن لێی دەڕوانێت. شار لە کۆی قۆناغەکانی ڕۆمانی کوردیدا بە ئێستاوە، پێوەری شاری مۆدێرن تا چەند ڕەنگی داوەتەوە؟
بەیان سەلمان: نیوەی ئەو پرسیارەم وڵامدایەوە، بۆ نیوەکەی تری دەڵێم، یادەوەریی، دوور و نزیکیش، واتە لەوانەیە دوێنێکە ڕووداو هاتبێتەپێش و ئەوەش دەبێتەوە بە یادەورییەکی نزیک؛ زۆر گرنگە بۆ هەڵسوڕانی کارێکی ئەدەبی. گرنگە بزانی چۆن ئەو یادەوەرییە دەوروژێنێ، چۆن دیسان تاوتوێیان دەکەی و کەرستەکانی دەکەیتە بابەتێکی ئەدەبی پشت بە پێگەی ڕۆشنبیری نووسەرەکە، ئەزموونی و خوێننەوەکانی بۆ فیکر و دەقی تر. یادەوەریی ڕووت بەهای نییە تیشک بخەیە سەری، بەڵكو چۆن ئەمڕۆ ئەو یادەوەرییە دەبینی. هەر بۆیە بەشێکی ڕۆماننووسەکان دیمانە و چاوپێکەوتن ناکەن، چونکە دەترسن لە دەرچوونی زانیاریی تایبەتی بە ژیانیان کە بۆ نووسینەکانیان بەکاری دەبەن. کێشە لەوەیە ئەو نووسەرانە لە وەهمدان. چونکو وەکو گوتم یادەوەریی وەک (کەرستەی خاو) بەهای نیە، بەڵکو کاتێک دەیکەیتە کاری داهێنان. مەبەستم لەوەیە، تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش بخاتە بەر دەستی خوێنەر لە چاوپێکەوتنێکی وەکی ئەمە، ئەگەر بەراستی داهێنەر بێت ناترسێت، چونکو دەکاتە ئەوەی هەرگیز هیچی نەگوتوە سەبارەت بە ڕاستی ئەوەی لە ڕۆمانەکانیدا بەکاری دەبات. ئەوەی ناو ڕۆمان دەقی ئەدەبیە نەک داڕشتنەوەی یادەوریی، ئەگینا بە ژیاننامە و خودنووسینەوە ناوی دەبەین، ئەوەی لە دیمانەدا ئەنجامی دەدات بۆچوون و بیروڕایە لە بارەی کاری کۆمەڵێ سەرنجی ئەدەبی.
دیار لەتیف: ئایا چی قسەیەکت هەیە لەسەر ئایندەی ڕۆمانی کوردی و بەپێچەوانەوەش قسەیەک لەسەر ڕابردووی ڕۆمانی کوردی؟ ئایا دەقی ڕۆمانی کوردی وەک ئەوەی ڕۆڵان بارت لە کتێبی”s/z“دەستنیشانیکردووە دەقی نووسەرانەو دەقی بەردەنگانە. دەقێک، کە بەرهەمهێنە و دەقێکیتریش یەک ڕەهەند و نا چالاک لە بەرهەمهێنانی مانا، دەقێک کارگەیی و دەقیکیتریش بەرخۆر. ڕۆمانی کوردی لە کام وێستگە بەرهەمهێنە و لە کوێدا شەمەندەنەفەرێکی پەککەوتووە بە فارگۆنێکی پڕ سەرنشینی وێژەوانی غەمگینەوە؟ ئایا دەقی ڕۆمانی کوردی لە پاش پرۆسەی 2001، تا ئەم ساتەوەختە دەلاقەی نوێی بەڕووی نەشونمادا کردووەتەوە؟ یان لە گۆشەیەکی قەتیسماودایە و تەنانەت تاریکیش!؟ ئایا تاچەند پێویستە ڕۆمان بۆ خوودی سەر بەخۆیی خۆی بگەڕێتەوە وەک لەوەی سەر بە ڕێبازێک بێت؟
بەیان سەلمان: ئەوانە پرسیارگەلێکی زۆرن پێکەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم، بە تەنیا من نیم تاکو حوکمی ڕۆمانی کوردی بکەم لە ڕابردوو، بەڵام دەتوانم بڵێم لە داهاتوودا ڕۆماننووس و ڕۆمانی زۆر لەدایک دەبن. هەموو ئەوە ناکاتە کواڵەتییەکی پێشنیارکراو، بەڵكو ئەزموون زۆر دەبێ بە حوکمی کرانەوەی جیهانی بەسەر یەکدا و پێشکەوتنی ئامرازی هاوپەیوەندی و فیربوونی زمانی جیهانی تر. هەر بوون بە ڕۆماننووس واتە دەبییەوە بە کەسایەتی چونکە ئەزموونی هەر یەکێک لە کارئاکتەرەرکانی ناو ڕۆمانەکەت دەکەیەوە، تەنانەت بە دار و بەرد و بوونەوەریش. مادەم نموونەکەی رۆلان بارتت هێنایەوە، منیش لە دوای ئەو جەخت لە گرنگیی ئەوەی پێی دەڵێ “لیزیبلیتێ” lisibilité واتە ئەوەی دەخوێندرێتەوە، ئەوەی خوێنەرێک دەیخوێنێتەوە لێی تێبگات. جاری وایە نووسەر خۆی شتێکی نووسیوە بەڵام نازانی بۆ! هەر بە هەمان واتاکەی بارت، گرنگە دەق پڕاوپڕ بێت لە واتا. دەقێک لاسای دەقی تر بکاتەوە دەق نیە، چونکو ناکاتە ئەوەی خۆی دایهێناوە. ئەوەش جودایە لە ئیستلهامکردن، واتە ئەوەی دەقی تر وەک شوێنەوار بەسەر هزری و خەیاڵیدا بەجێی دەهێڵێ. ئافراندن مەرجێکی دونیای ڕۆماننووسینە، مەرجێکی رەهایە بۆ وەرگرتنی دەقێک ئەگەرچی کەمێک دوایش بکەوێ، ئەمە ناکاتە ئەوەی کە دەقێکە (ناخوێندرێتەوە) بەڵکو دەقێکە درەنگ کۆدەکانی هەڵەهێنێ و کلیلەکەی دەدۆزییەوە، ئەوەش زۆر جیاوازە لە بیرۆکەی دەقێکی خراپ.
دیار لەتیف: لە بواری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆشنبیری و وێژەییدا، ژنانی کوردی سەدەی بیستمان، پۆلێکی پەراوێز دەبینرێن بەتایبەت لە گەرمەی دەرچوونی ڕۆژنامە و گەشەی بزاوتی گێڕانەوەی پەخشانی و نەشونمای وێژەییدا، باشوور لە بیستەکانەوە دەستپێدەکات، تا کۆتایی پەنجاکان. دواتر دەیەیەک دۆخی وێژەیی و ڕۆژنامەگەری بەرەو سڕبوون دەچێت، لە دەسپێکی هەفتاکان دوو بزووتنەوەی وێژەیی کارنامەی نوێگەری ڕادەگەیەنن، خۆ دەبینین ژنان کەمترین ڕۆڵیان تێیدا نابینرێتەوە. ئەمە بۆ فەرامۆشکاری و قۆرخی نێرسالارانەی پیاوانی ڕووناکبیرانی وێ سەردەم دەگەڕێتەوە، یانژی ستەمی کۆمەڵایەتیانەی نەریت و ئایین، یاخود هەر بەڕاستی هۆکاری نەهاتنە پێشەوە بۆ خوودی ژنان خۆیان گەڕاوەتەوە؛ دەگەڕێتەوە؟ دەخوازم بپرسم و تەنانەت تامەزرۆی هەڵهێنانی ئەو ڕازەم، بۆچی لەناو کورد و تایبەتترێک باشوورییەکان، بەدرێژایی سەدەی بیست، ڕووبەڕووی قڕوقەپ ڕۆماننووسی ژن دەبینەوە!؟ ئاخۆ هەنووکەش ئاستی نووسەری ڕۆماننووسی ژن، دڵخۆشکەر و هەڵکشاوانەیە؟ کاتێک دەڵێم هەڵکشاو، مەبەستم پێوەری ژمارەیی نییە، پێوەری هونەریم پێ گرنگە.
بەیان سەلمان: ژنی ڕۆژنامەنووس و نووسەری ژن بە گشتیی، پێویستە لە ڕاستییەک تێبگات، ئەگەر دەیەوێ بە ڕەنجی شانی خۆی بگاتە پلەیەک دەبێ خۆی هەوڵی بۆ بدات، بۆی تێبکۆشێت، کار و بەرهەمی داهێنەرانە بەرهەمهێنێت. نەک بۆ بڵاوبوونەوەی شیعرێکی لاواز ئامادە بێت بەرانبەری بدات. گرنگە ئەو جۆرە ژنانە بزانن کاتێ ئەوە دەکات هەرگیز نایهێنێتە پێشێ. بێجگەلەوەش دەیان کەسی باش ماوە کە هاوکاریی بکەن بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانیان، با درەنگیش بگات. کەسێک پەلەپەل دەکات ئەنجامەکەی بەسەریدا دەشکێتەوە. لە کۆمەڵی باوکساڵار نابێ کچان چاوەڕوانی مەرحەمەتی ئەو جۆرە پیاوانە بن کە پێشوەخت داویان بۆ ناونەتەوە. من هیچ کاتێک ئەوەندە ژنی ڕۆژنامەنووسم نەبینیوە وەک ئەوەی ئەمڕۆ، بەڵام دەنگیان وەک نوزەیەکە، ڕۆژنامەنووسی وەکو هەموو بوارێکی نووسین داهێنانە، دەبێ زۆر بخوێنێتەوە، ئامادەبێت خۆی لە بابەتی گرنگ بدات و بۆی تێکۆشێت، نەک بابەتێک بنووسێت دەیان جار بەرهەم هێندراوەتەوە!
دیار لەتیف: وەک پایەیەکی پیاوانە، پێگەی ڕووناکبیری ژنان گۆشەنشین خراوە، هەرچەندە ڕەنگدانەوەی ئەم دیاردە تەنیا بۆ کورد و لەناو کورددا نییە، فرەگەلێک لە نەتەوەکان دەگرێتەوە، ئامادەیی ژنێکی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، دەبێتە دەرچەی ڕووخانی مەزنترین ئیمپراتۆری ئۆرووپایی، قەیسەری ئەڵمانیایە. ئێمەش مەستوورەی کوردستانیمان هەیە، ناوێکی پرشنگدارە لە مێژووی ڕۆشنبیری و وێژایەتیمان، سەرنجێک بدەین لەو شیعرەی نالی هەجووی دەکات، تێڕوانینی پیاوانی منەوەری ڕۆژگاری پێشوومان بۆ دەردەکەوێت. دەبینین مێژووش هێندە لەگەڵ ژندا نییە، ناوی ژنانی هزربەرهەمهێن، پاشکۆی بیرمەندان و نووسەرانێک دێت! کاتێک ئۆنتۆڵۆژیای شیعری فارسی دەنووسرێتەوە، ناوێکی ڕەونەقداری وەک فرووغ فەروخزاد، دەسڕدرێتەوە و نەبان و تیرۆر دەکرێت.
بەیان سەلمان: مێژوو هەتا دوێنێکە پیاو بەتەنیا نووسیوێتییەوە. پیاوێک بەرهەمی سیستەمێکی باوکسالارە و لە سەر سەیرکردنی ژن بە کەم پەروەردە کراوە. کە دەشڵێین پیاو، واتە مرۆڤ بە هەموو باشیی و نەخۆشییە دەروونیەکانیشی، لەبەر ئەوە ئاساییە کە ناوی ژنانی داهێنەر ئەگەر هەشبوون نایەتەپێشێ و ناوروژێندرێ. بەڵکو ژێر دەخرێ بۆ ئەوەی ژن لە ئاستی خۆی بمێنێتەوە. هەموو ئەو بۆچوونانە لە دوای شەڕی جیهانی گۆڕانیان بەسەردا هات، ئەو دەمانە ئیتر پیاو چوون بۆ بەرەکانی شەڕ و کارگەکان پێویستیان بە دەستی کاری ژن هەبوو، لەوەدوا ژنان دەستیان بە وتووێژی جیدی کرد بۆ مافەکانیان و لەو وڵاتە ڕۆژئاواییانە پێگەی ژن هەڵسەنگێندرا. ئێستا سەدان ژنی پسپۆر و زانا و فەیلەسوف و نووسەری و توێژەرەوەی زۆر گەورە هەن و ناتوانن بەلایاندا بڕۆن بێ ئەوەی شپقەکانیان بۆ هەڵنەبڕن. ژنی لای ئێمە دەبێ بگاتە ئەو ئاستە. بەڵام کێشە لەوەیە کە ئێمە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەرمان نییە تاکو کار بکاتە سەر گۆڕینی هەلومەرجی مرۆڤ بەگشتیی.
دیار لەتیف: ئاخۆ چونکە ڕۆمان دەرگاکانی واڵایە بەسەر بەرینی گێڕانەوەی ناکۆتکراوی ڕەگەزە ڕەوانبێژییەکان، وەک لای شیعر دەبینرێت، ئاسانترە بۆ خۆبەیانکردن و کرانەوەی زۆرتر بەسەر خۆتدا و هەڵڕشتنی ژیننامە و گرێیە دەروونیی و جڤاتییەکان، وادەکات ژنان دووربن لەم ڕەگەزە وێژەییەی ناوی ڕۆمانە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ناپێشکەوتووین و تاکگەرایی نیمان و دەستەکۆ دەژین و بیردەکەینەوە، بۆیە دەرفەتەکە تەسک و دژوارترێکە بۆ ژنان ڕووبکەنە کایەی ڕۆماننووسین. ئایا ئێستا دۆخی کۆمەڵگەی کوردی باشتر و تەندرووستترە؟ یان ئەوەی کۆمەڵگە هیچکات دۆخی جێگر بە خۆیەوە ناگرێت. کۆمەڵگەی پەروەردەیی ڕاهێنراو ڕێی تێدەچێت، بەڵام یەک ئاراستە لە تێگەشتن بۆ کۆمەڵگە دەمانخاتە بەردەم هەڵەبڕیاردان لەسەر کۆمەڵگە. بۆ نموونە دەکرێت ژنکوژی لە دەیەی ئەمڕۆ بەراوردی دەیەی ڕابردوو، ڕێژەی کەم ببێتەوە، یان بووبێتەوە، ئەوەش بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی هۆشیاری گشتییەوە و چاندنی زانین و پەروەردە و بالگاشی میدیایی و ڕۆژنامەییانە و هەڵمەت و بڵاوکراوە، ڕێژەکە دابەزێنین. بەڵام دەرەنجام کۆمەڵگە هەموی خوێندەوارنین، هەموویان خاوەن تۆڕەکانی ڕاگەیاندن نین و جگەلە بەرهەڵستی ڕەوتە ئاینییەکان و هۆزگەرییەکان. بەڵام ئاخۆ تاچەند بەڕاستی دۆخی ئەمڕۆمان ئاوارتەییانەیە؟
بەیان سەلمان: پێگەی نووسین بۆ هەندێک ژن سەختە، لە کۆمەڵێکی باوکساڵار و نێر پەرستدا، فیگوری پیاو نووسەرێکی ستەمکار بەرهەمدەهێنی، نەک ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە کە گاریگەریی هەبێت لەسەر گۆڕینی کۆمەڵ. مەرج نیە بەرهەمەکانیان لەخۆیان بدوێن، بەڵکو قومار بە وێنەی خۆیان دەکەن. پیاوی نووسەری کورد، هەروەکو پیاوانی تری دراوسێکانی کوردن، ئەگەر نەڵێم نەیارەکانیان، لە پیاوێکی خێڵەکی ستەمکارترە، نەک تەنها بەرامبەر بە ژن بەڵكو بەرامبەر بە نەوەی نەوجەوانانیش. لە ڕووکەشدا کۆمەلێ پیاو بە قات و بۆینباغ دەبینی، بەڵام لە ناوەڕۆک و ئەقڵییەتدا مەحکومە بە هەلومەرجی نێرێک کە کۆمەڵ هەقی پێ دەدات ئیگوسەنتەریزمی خۆی بەسەر دەوروبەریدا بسەپێنێ. کەسێکی خۆپەرست و هەلپەرستی لێ دەردەکات، بەڵام نابێ بڵێین هەموو پیاو و هەموو نووسەرێکی پیاو، هیچ دۆخێک بە ڕەهایی بوونی نییە، چونکو بەراستی هەموویان نین، دەیان پیاوی چالاک بە جیدی بۆ پرسی ژنان تێدەکۆشن، ئەوەش گرنگە وەبەرچاو بگیرێ. ژن لە کۆمەڵی کوردی و کۆمەڵگەکانی دەوروبەردا مامەڵە لەگەڵ ئەو فیگورە نیگەتیڤەی پیاو دەکات، کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی ناڕەوا دروستی کردوون و “رەشمەی” داوەتە دەستیان نەک “قەڵەم”. ئەو دۆخە وایکردووە پیاوانی کاراما و لێهاتووی بواری نووسینی ناشرین دەرکەون. بۆیە ژن دووبەرانبەری پیاوێکی ستەملێکراوی ئەو سیستەمانە تێدەکۆشێت. خۆشبەختانە کە گەنجانێکی زۆر، بە کوڕ و بە کچ، کەم تا زۆر ئەمڕۆ لەو ڕاستیانە نزیکبوونەتەوە و داهاتوو بۆ مرۆڤی راستەقینەیە، بۆ ئەوانەی درووست دەکەن، نەک ئەوانەی تێک دەدەن و دەرووخێنن.