نوێترین زانیاریی لەسەر چوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی بۆ بەغدا لەبارەی پرسی مووچەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە شاندێكی باڵای هەرێم بۆ پرسی مووچە بچێتە بەغدا و سەرۆکی هەرێمیش دەڵێت، دەبێت بەغدا پرسی مووچە تێکەڵی بابەتی سیاسی نەکات، بەڵکو دەبێت وەکو حکومەتێکی فیدڕاڵی مامەڵە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی پۆڵەتیک پرێس، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، و بەیاوەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن. بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەکە لە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پەرلەمان دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لەکاتی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێم رایگەیاند، “پشوودرێژیمان نیشانەی لاوازیمان نیە”

ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکوومەت لەکاتێکدایە، پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا لەوپەڕی خراپیدایە و هەردوولا یەکتر تاوانبار دەکەن بە سەرپێچیکردن لە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی عێراق و حکومەتی هەرێم بەغدا بەوە تۆمەتبار دەکات کە مووچە و قوتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بڕیووە. لەبەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵی دەڵێت، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست نەکردووە.

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، لە چاوەڕوانی دانیشتنە یەکلاییکەرەوەکەی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەکاتێکدا مووچەی مانگەکانی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە و خەریکە مانگی ئەیلوولیش تێدەپەڕێت و هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە دەستینشان نەکراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا