کورد خوێنی بۆ دیموکراسییەکەی کەرکوک داوە

لە وێستگەی 28 ی تەمووزی 2008 یشدا هەروا خوێنی داوەو بەکردار و هیممەت و گیانبازی ئەم ویستە ئازادیخوازەی بۆ خۆشەویستی بێ مەسڵەحەت و بێ ئەندازەی کەرکوکی دووپات کردۆتەوە.

ئەم وێستگەیە بۆیە دەنگی دایەوە و رەنگی هەیە چونکە بەهۆی میدیای گەشەکردووی جیهان و بە بەرچاوی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتییەوە، یانی وەکو فلکلۆری کوردی دەیڵێ ( عالەم پێی زانی )، کۆشش و ئیرادە خۆی نمایان کرد . دەنا دەیان ساڵ بوو خوێن و خەبات ناونیشانی چیرۆکی کوردو کەرکوک بوو و گش لێی بێ خەبەر بوو .

مورافەعەکەی مام لە گۆڕەپانی مەجلسی حوکم کە خوێنی مەرەکەب و قەڵەم و نەبەردی خەریتە و بەڵگە و زمانی مێژووبوو، رێگایەکی ئاوەدانی بۆ تێکۆشانی مەدەنی و دیموکراسیی و سیاسەت و پێ سەلماندن و پێک سەلماندن کردەوە.لەقوڵایی رۆژگارانیشدا مورافەعەی خوێن و خەم وپەژارە لە مێژە هەبوو ، لە شەهیدانی کرێکارانی گاورباغی ، لە شەهادەتی شەهید مارف بەرزنجی لەبەردەم ستەمی داگیرکەر و پیلانگێڕی کۆمپانیاکانی نەوت و ئوێنی تەورانی و دڕندەیی حەرەس قەومی تا وێستگەی شەهید مامە ریشە و هاورێ شەهیدەکانی لە نەبەردی حەمک ، بۆ زەماوەندی یانزە سوارەکەی قازان بە پێشڕەوی کاک ئەنوەر ، بۆ وێستگەی بڵێسەی گۆڕستان و جووت قاوە لە خۆپیشاندانی سالی ١٩٨٢ .بۆ شەهادەتی سەرکردەکان عەلی عەسکەری و سیروان تاڵەبانی و حەمە غەفور ئاغجەلەری و ئینجا ئازاد هەورامی تا قەڵغانی خوێنینی راپەڕین لە جێپەنجەی شەهیدی سەرکردە عەبدولرەزاق و بۆ هەڵمەتی شەهید حاجی هەڵمەت. ئەمانە ناونیشانن بۆ پشوودرێژی کورد و کۆڵنەدانی لە داستانی کەرکوکدا.

لە گۆڕەپانی 28ی تەمووزدا کورد رێگا بوژاوە راستەکەی هەڵبژارد ، رێگای نوێی ئاشتی و دەربڕین و بانگەوازی لافیتە و دروشمی مەدەنی بۆ داکۆکی لە هەقی دیموکراسیی و لە بنەمای دەستوور و لە نەخشەرێی 140 و لە پێویستی سپاردنی ئەرکی سیاسیی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردی بێ قاچووقوچ . ئەوانی تر رێگای فەرهەنگی خۆسەپاندن و ناعەدالەتی و نا دادییان هەڵبژارد کاریان راست نەبێ.

کورد لەم هەڵوێستانەدا بۆیە تا ئێستا کۆڵی نەداوە و ئیرادەی کول نابێ و ژەنگ هەڵناهێنێ چونکە لەسەر هەقە ، کورد بۆیە ئیرادەی هەیە و سەردەکەوێ چونکە ویستە ئازادیخوازەکەی لەگەڵ دیموکراسیی و راستی مێژوو و مافداریدا یەک دەگرێتەوە.

تەنانەت لە سەردەمی هەڵبژاردن و دیموکراسیشدا کە بە حیساب دەبێ سەردەمی پەنجەمۆر و دەنگدان و دەنگکردن بێت وا دەبینین خوێن دەدا ئەگەر ململانێ رەوا و دادپەروەرەکە ئیجابی کرد. ئەگەر بۆ بەرەنگگاری داعش و فەراغی ئەمنیش بێت دیسان ئاڵای بڵندکراوی شەهیدان لیوا شێرکۆ و لیوا حسێن مەنسووری هەس . کورد لە هاواری کپکراوی مێژووەوە خاوەندارێتی لەم دۆسێیە دەکا و لەسەری دێتە جواب، لێ نەیار هێزی دەوڵەت و عەسکەر و تەعریبی کۆن و نوێ و کەینوبەینی کۆمپانیاکانی نەوت دەخاتەگەڕ و هەر رۆژەو بە لەونێ خۆی دەنوێنێ. فەقەت کورد دەیناسێتەوە و لەناو هەزار داو و تەپکەدا بە موکێشی راستی دەریدێنێ و پێی ئێژێ ،پێیان بڵێ : لێرە نارۆم. ئیشم ماوە و ئەرکم هەیە.

ئەم رۆژە رۆژێکە لە دەیان رۆژی بەرەنگاری ، رۆژی تریش ماون. لەکۆتایی 2023 یش جەولەیەکی ترمان هەیە.
وهێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی بکات.

ستران عەبدوڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا