رەخنە لە پێناو چی و بۆچی دەگرین؟

پرۆسێسی رەخنەگرتن و قبوڵكردنی، باشترین چەمك و پێوەری ناسینی ئاستی كۆمەڵگەیە. هەر كۆمەڵگەیەك توانای قبوڵكردنی رەخنەو رەخنە لە خۆگرتنی هەبێت، دەبێتە بنەمایەكی بەهێز، كە ئەمجۆرە كۆمەڵگەیە لە قۆناغی خێڵایەتی و سوننەتی، دەربازی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی ببێت.

پسپۆڕ و بیرمەندانی بواری رەخنەسازی دەڵێن، رەخنە باشترین چەمك و ئامرازە بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و دەستنیشانكردنی هەڵەكانی تێكستی كۆمەڵایەتیە، وەك ئاینی، ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی. هەر كۆمەڵگەیەك هەناسەی درێژی رەخنە قبوڵكردنی هەبێت، كەواتە هەناسەی دیالۆگ و یەكتر قبوڵكردنیشی بۆ دروست دەبێت.

ئەگەر بمانەوێ كۆمەڵ بەرەو بنیاتنانەوەی كەسایەتییەكی بەهێز و متمانە بەخۆبوو ئاراستە بكەین، دەبێ لە كلتوری (هەموو راستییەكان لای منە رزگاربین)، چونكە تاقیكردنەوە زانستییەكان و عەقڵیەتی كراوە و پێشكەوتوو، دەمێكە قسەكردن و پێوانەی رەهای بەجێهێشتووە. كلتوری خۆبەراست زانینی رەها، لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان بوار بۆ دیالۆگ و یەكتر قبوڵكردن ناهێڵێتەوە و عەقڵی رەش و سپی دروستكردووە. بە جۆرێك، كە من تەنیا شتە سپییەكانی لای خۆم و رەشەكانی بەرامبەر ببینم. بەداخەوە ئەم تێگەیشتنە لە ناو هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی ئێمەدا بونی هەیە، ئاین، سیاسەت ئەدەبیات و رۆشنبیری. ئەمەش وایكردووە، لە جیاتی ئەوەی ئەم توانا و وزەیە بۆ یەكترشكاندن و دژایەتی بەكاری دێنین، بۆ رەخنە گرتن لە خۆمان بەكاری بێنین و دەستنیشانی هەڵەكانی خۆمان بكەین باشترە، چونكە بەم هەنگاوە یەكەمجار خزمەت بە خۆمان دەكات، ئەوجا كۆمەڵگا.

ئەوەی ئێمەی لە دۆخێكی ناهەمواری چەقبەستوو هێشتۆتەوە، نەبوونی عەقڵیەتی رەخنەگرتن و رەخنە قبوڵكردنە. هەر وەك مێژوو پێمان دەڵیت، ئەو رەخنەی وڵاتانی رۆژئاوا ژیانیان لە سەر بنیاتنا و خزمەتی مرۆڤایەتییان پێكرد، بەشێكی گەورەی بۆ پرۆسسی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن دەگەڕێتەوە.

شاناز هیرانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا