تێگەشتن لە کەرتی گشتی، گەندەڵی و خەمساردیی جڤات

١-٢
د. رزگارعەبدولکەریم عەبدولعەزیز*
ئەگەر بە شەقامێکی سەرەکی شاردا گوزەر بکەیت، لە پڕ کەسێک دەست بکات بە گیرفانتدا و هەرچی پول وپارەت هەیە بیفڕێنیت، هەڵوێستت چی دەبێت؟ ئەگەر لە ئەزمونێکی کۆمەڵایەتیدا خەڵکی تاقی بکەینەوە و رووبەرووی دۆخێکی هاوشێوەیان بکەینەوە، ئەوا دوور نییە زۆرینەی زۆری خەڵکی پەرچەکرداری زۆر توندیان هەبێت و بە غاردان شوێنی دزەکە بکەون، زۆر جار دەبینین کەسانی دیکەش کە شایەتحاڵی پرۆسەی دزیکردنەکەن بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێننەوە، کار و بەرژەوەندیی خۆیان وەلا دەخەن و لە گەڵ قوربانییەکەدا شوێن دزەکە دەکەون.
ئێستا وا دابنێ ئەو کەسەی دزیی لێدەکرێت و گیرفانی دەبڕن، نە خۆی و نە کەسانی دەورووبەری، هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر گیرفانبڕەکە نابێت، لەم دۆخەدا چی روودەدات؟ لە مەودای دووردا چی بەسەر کۆمەڵگادا دێت؟ بە پێی تێگەشتنی “کانت” بۆ ئەخلاق، لە دۆخی یەکەمدا ئێمە کارێکی ئەخلاقی دەکەین، کاتێک هەوڵی وەستانی پرۆسەی دەستبڕین و دزییکردنەکە دەدەین. بە پێچەوانەوە، لە حاڵەتی دووەمدا، ئێمە لە دۆخێکی نائەخلاقیداین چونکە بەبێدەنگبوون و خوێنساردیمان، وەک تەماشاچییەکی پاسیڤ، برەو بە پرۆسەی دزیی و دەستبرین دەدەین، دواتر شەقامەکان پردەبن لەدز و گیرفانبڕ، بەدڵنییایەوە بۆ ڕۆژانی دواتر پرۆسەی گیرفانبڕین و دزیکردن زیاد دەکات، ژمارەی دز و گیرفانبڕەکان زیاتر دەبن. چونکە ئەو بێدەنگییە دۆخێکی ئەقلی و دەروونی وا دروست دەکات کە خەڵکی هەڵپەرست و لاتولوت زیاتر بەدوای پارەی ئاساندا بگەرێن و ئەمکارەشیان وەک سەرچاوەی ژیانی خۆیان سەیر بکەن، سەرئەنجام لە دۆخێکی ئاوا کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر و شپرەزەیی کۆمەڵایەتی دەڕوات.
ئێستا ئەگەر ئەم دۆخە بە سەر کەرتی گشتی و شوینیکاردا جێبەجێ بکەین، ئایا هەمان دەرئەنجام و هەمان پەرچەکردار دەبینین؟ بۆ نموونە ئێمە لە شوێنیکاری خۆماندا سەدان دزی و گەندەڵی و بەهەدەردان دەبینین، بەڵام تەنها کارێک کە ئەنجامی دەدەین جگە لە بێدەنگییەکی کوشندە زیاتر هیچی دیکە نییە؟ ئیمە ڕۆژانە لە کەرتی گشتیدا زەبری کوشندەمان بەردەکەوێت، گیرفانی خۆمان و نەوەکانمان دەبڕدرێت، پەرچەکرداری ئێمە چییە؟ تەماشاچییەکی پاسیڤ و زۆرجار ترسنۆک و ترسێنراو زیاتر هیچیتر نین؟ سەرچاوەی ئەم جیاوازییە چییە ؟ بۆچی لەسەر شەقام بۆ دزێکی ئاسایی پەرچەکرداری توندمان هەیە، بەڵام بۆ دزێکی پرۆفیشناڵی شوێنیکار کە بە ملیارەها دیناری لە ئەستۆدا بێت، هیچ هەڵوێستێکمان نییە؟!! ئایا هەر ئەم بێدەنگیی و خەمساردییەی جڤات نییە کە کێرڤی گەندەڵی بەرەو هەڵکشان بردووە. ئایا تێگەشتنی هەڵەی ئێمە لە پەپلیک و کەرتی گشتی و خوێنساردی زۆرینەی خەڵک سەبارەت بە موڵکوماڵی گشتی و مەسەلەی بەهەدەردان (بە تایبەت لە شوێنیکاردا) کاری گەندەڵکارانی ئاسانتر نەکردوە؟ بەهەمان شێوەی گیرفانبڕینی سەرشەقامێ، ئەوە بێدەنگی جڤات و خەڵکییە ژمارەی گەندەڵکاران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، گەورەترین زەبرێک لە پاڵ پرۆسەی گەندەڵی داراییدا لە خەڵکی درابێت، دزینی زەینی خەڵکیی و داگیرکردنی ئەقلی ناوەکی خەڵک بووە، ئەوان لە زەینی زۆرینەی خەڵکدا ئەوەیان چەسپاند کە کەرتی گشتی بەشێک نییە لە گیرفانی ئەوان، هەربۆیە کاتێک کەرتی گشتی بە هەزاران شێوە لاقە دەکرێت، نابووت و ئیهانە دەکرێت، کاتێک بەرپرسێکی سادەی دەزگایەکی ئاسایی بە ئەندازەی سەرۆکی دەوڵەتێک گەندەڵی دارایی لەسەرە، خەڵکی نەک هەر بێدەنگن بەڵکو وەک پاڵەوانیش سەیری دەکەن.
لە حاڵەتی بێدەنگبوون لە پەتای گەندەڵی جگە لەوەی لە روویی کردارییەوە بە دۆخێکی نائەخلاقیدا گوزەر دەکەین، ئایا لە رووی تیگەشتن و زەینیشەوە لە هەمان دۆخدا نیین؟ ئایا هیچ کەس لە ئیمە ئەوەی پێ قبوڵ دەکرێت کە ڕۆژانە دزێک لە سەر شەقام گیرفانی ببرێت ئەویش بێدەنگ و تەماشاچیەکی پاسیڤ بێت؟ ئایا لەم دۆخەدا هەست ناکات کەرامەت و کەسێتی لە ژێر پرسیاری جدیدا دەبێت؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەوە بێت کە کەس ئەوەی پێ قبوڵ ناکریت، بۆچی من و تۆ ڕۆژانە گیرفانبرێنی خۆمان و منداڵەکانمان لە کەرتی گشتیدا قبوڵ دەکەین؟ بۆچی لە گەندەڵی شوێنیکار بێدەنگین؟ بۆچی ئەو کەرامەت شکاندنەمان پێ ئاساییە؟
تێگەشتن لە کەرتی گشتی، گەندەڵی و خەمساردیی جڤات
(چارەنووسی هاوبەش و كاری پێکەوەیی)
٢-٢
لەدونیای هاوچەرخدا، حکومەت و کەرتی گشتی، کەناڵی سەرەکی چارەنوسی هاوبەش کاری پێکەوەیی ئیمەیە، هەر وەک چۆن لە کۆمەڵگا کۆنەکاندا، ئەوانەی لەسەر کشتوکاڵ کردن و سیستەمی ئاودێری دەژیان، فۆرمی کاری پیکەوەیییان بریتی بوو لە پارێزگاری کردن لە سیستمەمە ئاودێرییەکە، هەماهەنگی و هاوکاریی و پاراستنی بەرژەوەندیی یەکتر، نەشکاندنی یاسای دابەشکردنی نۆرەی ئاو هتد، زامنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ئابووری و دابیکردنی بژێوی ژیانی ئەوان بووە، بە هەمان شێوەش ئەمڕۆ بۆ ئەوەی بە ئارامیی و دوور لە چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بژین پێویستە کار بۆ پایەدارکردنی کەرتی گشتی بکەین، چونکە ئەوە سەرەکیترین فۆرمی کاری پێکەوەیی و هاوبەشی ئیمەیە، لێرەوە زەروورەتی روبەروبونەوەی پەتای گەندەڵیی خۆی بەیان دەکات، ئێستا دیمەنەکە بەم شێوەیە، کەرتی گشتی موڵکی هەموانە، موڵکی من و تۆیە، گیرفانی ئیمەیە، کەناڵی هاوبەشی کارکردنی ئیمەیە، کاتێک بەرپرسێکی گەندەڵ بە هەموو شێوەیەک ئەم گیرفانە دەبڕیت، ئەم کەناڵە بۆ خۆی قۆرخ دەکات، سیستەمەکە دەشوێنێت، کاتێک لە بری خزمەتکردنی خەڵکی، خۆخزمەتکردن و خۆدەوڵەمەند کردن دۆخی زاڵی نێو کەرتی گشتییە، دەستەگەریی و جاسوسیکردن فۆرمی زاڵی ئیدارەدان و بەرێوەبردن بێت، کاری هاوبەش و پێکەوەیی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی رێکخراو دژی ئەم دۆخە بوەستینەوە، ئەم بێحورمەتییە ڕاگرین، من نازانم بۆچی خەڵکی شەرم ناکەن کاتێك دزی لە پەپلیک دەکەن، بەڵام من و تۆ دەبێت بەشەرمە شەڕی گەندەڵی بکەین؟! ئایا ئەمە خەلەلێکی گەورە نییە لە زەین و تێگەشتنی ئێمەدا، لە شارێکی بچووکی وەک سلێمانیدا بەرپرسی دامودەزگای حکومی هەیە بە ئەندازەی سەرۆک وەزیرانی پێشوویی مالیزیا (نجیب رەزاق) و زیاتریش گەندەڵی دارایی لە ئەستۆدایە، کەچی بە هەزاران خوێندەوار وەک تەماشاچییەکی پاسیڤ تەنها سەیر دەکەن!!! ئێمە لە کوردەواریدا زۆرجار بیستوومانە، شوانێک لە بەرئەوەی نانی شوانی ئەو ڕۆژەی بەدڵ نەبووە کە خاوەن ماڵ بۆی پێچاوەتەوە، گۆچانەکەی فڕێداوە و لە شوێنێکی دیکە بەدوای شوانییدا گەڕاوە!! کەچی ئیمە بە کۆڵێک نازناوی زانستی و بڕوانامەوە ئەو هەموو گەندەڵیی و ئیهانەیە قبوڵ دەکەین، میدیاو میدیاکاران چاوپۆشی دەکەن و کەیسەکانی گەندەڵی دێزە بە دەرخۆنە دەکەن، لە کاتێکدا کاری سەرەکی ئەوان وەک دەسەڵاتی چوارەم پاراستنی کۆمەڵگایە لە سکانداڵ و ئابڕوچونی دارایی و گەندەڵی ( بەتایبەت لە کەرتی گشتیدا). بە کورتی ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتیداین، حەتمییەتی چارەنووسی هاوبەش و کاریی پێکەوەیی ناچارمان دەکات بەرگری لە کەرتی گشتی بکەین، چونکە ماڵی خۆمانە، گیرفانی خۆمان و نەوەکانی داهاتوومانە، هیچ نەبێت بە لای کەمەوە لەسەرئاستی مایکرۆ و لە شوێنیکاردا رووبەرووی گەندەڵی ببینەوە، ئەگەر وا نەکەین، ئەوا کەرامەت و ئیرادەی ئازادمان لە ژێر پرسیار و هەڕەشەدا دەبێت.
*مامۆستا لەزانکۆیپۆلیتەکنیکیسلێمانی و ئەندامی مونتەدای ئابووری کوردستان .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا