بیركردنەوە لە ژینگە؟

ئەم ڕۆژانە لە جێگایەك ئەوەم بەرچاو كەوت كە نزیكەی ٢٠٠ ڕێكخراوی ژینگە پارێزی لە كوردستان بونی هەیە. بەڕاستی ئەمە دیاردەیەكی سەیرە. دیارە زۆری ڕێكخراو لە هەموو بوارێكدا دیاردەیەكی تایبەتی هەرێمی كوردستانە، كە هەمیشە بیانییەكان لێم دەپرسن، ئایا ئەم هەموە پێویستە؟ بۆ هیچ كارێك لەم بوارانەدا دیارەنیە؟ بەم پێیە بونی ڕێكخراو پەیوەندی بە بونی كارەوەنیە.

ژینگە بۆ دونیای ئێمە بوارێكی نوێیە. ئاستی مامەڵە لە گەڵ ژینگەدا زۆرە. بەڵام بیركردنەوەی ژینگەیی ئێجگار ڕادیكاڵە. مرۆڤی ئاینی و مرۆڤی مۆدێرنیش هەردوو لە سەر ئەو بنەمایە پەیوەندی لە گەڵ ژینگەدا دەكەن كە دەبێت بە سەریدا زاڵبیت. ئەم دیدە لەو ڕەوشتەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەبێت سروشت دەستەمۆبكرێت. ئەم دەستەمۆییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گەشتوەتە ئاستێك كە چیدی باس لە سروشت ناكرێت وەك بونێكی سەربەخۆ. ئەمە چەمكێكی تایبەتی هەیە كە پێی دەڵێن anthropocentrism یان مرۆسەنتەرێتی.

لە ڕاستیدا من ئەوەندە شارەزای ئەم بوارەنیم، بەڵام مرۆڤ كاتێك بیر لە حوكمڕانی دەكاتەوە ناچارە بیر لە ئەم بوارەش بكاتەوە.

ژینگە دۆستی كاتێك بەرجەستە دەبێت كە مرۆڤ پەیوەندی خۆی لە پەیوەندی ستونییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئاسۆیی. لە بیری ئاینیدا خودا لە سەروی هەموانەوەیە، پاشان مرۆڤ دێت ئینجا سروشت. ئەم پلە بەندەییە وەهایكردوە كە مرۆڤ بە مافی خۆی بزانێت یان بە مافی خودایی خۆی بزانێت كە دەبێت ئاژەڵ بكوژێت، سروشت بەكاربهێنێت. لە هەمانكاتدا سروشت بونێكی تایبەتی بە خۆی نیە، بەڵكو خودا سەرپەرشتی دەكات، بۆیە مرۆڤ ئەركی ئەوەی نیە بایەخی پێبدات بەڵكو تەنها دەبێت بەكاری بهێنێت.

لە پەیوەندی ستونیدا مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەك و پێكهاتەكانی تر لە پەیوەندییەكی ئاسۆیی تەریبدان. كەس باڵاترنیە لە كەس. ئەمە وەرچەرخانێكی پارادیمییە بە ئاسانی نایەتەدی. بەڵام بونی ڕێكخراوی زۆری بێ فەلسەفە و دید، قەرەباڵخی و جەنجاڵی بێ سود دروست دەبێت. بە هیوام ئەوانەی شارەزای ئەم بوارەن كاری زیاتری لە سەر بكەن. ئەم كورتیلە نوسینە تەنها بۆ ختۆكەدانە.

ئایا ژینگە دەخوێندرێت؟

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا