کوردایەتی پارەدارکردن ئەو پڕۆژەیەیە کە نەتەوەییبوون دەخاتە خزمەت پارەوە و ئەوەندەی سەوداومامەڵەیەکی قازانج و سوودە هێندە خەونی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرهەم ناهێنێت، کەواتە لێرەدا (نەتەوەییبوون) و برسێتیش دەبنە دوانەیەکی بەدوای یەکدا هاتوو، هیچ برسییەکی راستەقینە نییە بەسکی برسێتی و سفرەی خاڵی و گیرفانی بەتاڵەوە لافی نەتەوەییبوونێکی بێمانا لێبدات و خۆگیڤدانی نیشتمانیانەی ناڕاست کوانووی برسێتی گەرم بکاتەوە و کەنووی خاڵییشی پڕ لە ئارد بکات.
دەرئەنجامی هاوکێشەی ئەم کوردایەتییە یەکسانە بە بەرهەمێنانی سفر واتە (درۆ)، چونکە مرۆڤ لە برسێتیدا و بۆ تێربوونێکی کاتی دەشێت و واریدە درۆ بکات، درۆ لەگەڵ خۆیی و درۆ لەگەڵ چواردەوری خۆی، جا بۆیە هەڵهەڵەی ئاخێنراوی بێمانای نەتەوەییبوون لە کوردستاندا لە دوو شت تێپەڕ ناکات، یان درۆیەکی گەورەیە بەناوی نەتەوە و نیشتمانەوە دەکرێت ئەو کەسانە دەیکەن کە برسییانە، یان تەنها ئەو گروپ و پارت و کەسانە ئەم دروشمە زۆر دەڵێنەوە کە کوردایەتی راستەقینەیان عەیبدارکردووە.
ئەو نەتەوەییبوونە بەتاڵەی هەندێک کەس و لایەن بەناوی نەتەوایەتی راستەقینەوە کردوویانە، سەرلەبەری مەترسیی بووە بۆسەر کوردایەتی راستەقینە، بۆیە زۆر دووریش نییە بە مەبەست ئەو بازرگانییە بە کوردایەتییەوە بکەن و بۆئەوەبێت چیتر کەس بڕوای بە کوردایەتی راستەقینە و نیشتمانیەت نەمێنێت و میللەت نائومێد ببێت لە ناوهێنانی نەتەوەو نیشتمان و پیرۆزیەتە نەتەوەییەکان.
ئەم کوردایەتییە پارەدارکردنە لەو شوێنەدا سفر دەبێتەوە لە حەقیقەت کە ناتوانێت ببێتە خاوەن گوتارێکی باڵای نەتەوەیی و هەڵگری خەونی گەورەی مێژوویی، لەسایەی ئەم کوردایەتییەدا وێنەی پیرۆزیەتی نەتەوە و نیشتمان دەچێتەناو سەفەقات و سەودا و مامەڵەیەکی بازرگانییەوە و بەپێی بڕی دەستهات و پارە ئەو کوردایەتییەش هەڵکشان و داکشان دەکات، هەتا ئەم کوردایەتییە هەڵکشێت واتە دەستهاتی تاک حزب و تاک بەرپرس زۆر دەبێت، لەوەش سەیرتر ئەم کوردایەتییە تا ئەبەد ناتوانێت قەیرانە جۆربەجۆرەکانی نەتەوەیەکی وەک کورد، لەبیربباتەوە و ژیانێکی شایستە بۆ هەموان دابین بکات.
ئەگەر ئێستا سەیری واقیعی کوردستان بکەین، ئەو دۆخەی هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتی تێیدا دەژین و ئەو لینکە بچڕاوانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا دروست بووە تا دەگاتە پرسی بودجە و موچە، لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی کوردایەتی پارەدارکردنە، بەغدا پارە بنێرێت و نەینێرێت، کوردایەتی پارەدارکردن دەکرێتە شیعاری هەندێک کەس و لایەن و جگە لەخۆیان و دەست و پێوەندەکانیان کەسیش قازانج لەو کوردایەتییە مادییە ناکات.
ئەم کوردایەتییەی کە لە تەختی شاردا دەبیسترێت گەلێک جودایە لەو کوردایەتییەی لە سەختی شاخدا هەبوو و زیاتر ناوی لێنرابوو قۆناغی شۆڕش، ئەگەر سەیری هەڵوێستی نەیارەکان و دوژمنە سەردەستەکانی کوردیش بکەین بەرامبەر کوردایەتی راستەقینە، ئەوەندەی ترسیان لە کوردایەتی شاغ و شۆڕشی نوێی گەلی کورد هەبووە، هێندە لەئێستادا ترسیان لە کوردایەتییەک نییە کە ئێمە ناوماناوە کوردایەتی پارەدارکردن، لەڕاستیدا روونە ئەم کوردایەتییە بە چ داوێک دەگیرێت، کوردایەتییەکە نەک کۆکەرەوە و کۆلکەی هاوبەشی نێوان تاکەکانی نەتەوە نییە بەڵکو جەستەی نەتەوەیی کوردی کردۆتە چەندان بەشەوە و پێش هەرشتێک رۆحی نەتەوەیی لەجەستەی تاک وەرگرتۆتەوە و توڕەی کردووە بەرامبەر زۆر شتی دیکەی نەتەوە و نیشتمانەکەی.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد