ناپەسەندترین گوتار لە ماوەکانی رابردوودا بەرگوێمان کەوتبێت، گوتاری (مەترسی و هەڵوەشانەوەی قەوارەکەی هەرێم) بووە، زۆرترینجاریش ئەم گوتارە ئەو کەسانە هەڵیانگرتووە کە بە پلەی یەکەم خۆیان مەترسییبوون بۆ سەر قەوارەی هەرێم. وشیاری تاکی کوردیش لەهەر ئاستێکدا بووبێت، لەکاتێکدا کە بەشێک نەبوون لەمەترسی بۆ سەر قەوارەکە، هاوکات رێگریشیان نەکردووە لە مەترسییەکی لەم شێوەیە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ئێستا باسی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دەکەن.
هەڵگری ئەم گوتارە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێماندەڵێت، ئەوان هێندە قەوارەی هەرێمیان لاواز و بێهێزکردووە، باهۆزی هەر رووداوێک روو لەناوچەکە بکات، کاریگەری بەهێز و توندی لەسەر هەرێم دەبێت، ئەگینا بەپێچەوانەوە هەرچی شتە جوانەکان و خاڵە بەهێزەکانی ئەم هەرێمی کوردستانە هەیە هاووڵاتی و مرۆڤی کورد بەرهەمیهێناوە و شوێندەستی ئەوانی پێوەیە و ئەگەر موچەی ئەم هاووڵاتیانە لە هەرکوێیەکەوە بێت، مەترسی نابێت بۆ سەر هەرێمەکەمان.
لەناو ئەو هەموو کارەساتەدا کە بەپلەی یەکەم لەسایەی لێپرسراوی پلەباڵای هەرێمدا رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هاتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە، کارەسات نییە. دەبێت تێبگەین کە مەترسییەکە لەئاست خوداپێداوی ئەواندایە نەک شتی دیکەی بێبنەما هۆنینەوەی چەندان حیکایەتی بێمانا.
قەوارەی هەرێم لەو جێگەدا کەوت بە مەترسییەوە کە لێگەڕان وڵاتی دراوسێ خاکەکەمان داگیر بکات و بەویستی خۆی تەراتێنی سنوورەکان بکات، هەر دوێنێ و پێرێ بوو هاووڵاتی سیڤیل و کرێکاری کوردیان شەهید کرد. وا ژمارەی بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتان زیاتر دەبن و زیاتر پەل بە ناوچەکەدا دادەکوتن و سروشتی کوردستان وێران دەکەن و نەوت دەدزن، ئەبێت ئەوە کارەسات بێت یان هاتنی موچە لە بەغداوە؟
قەوارەی هەرێم ئەوکاتە کەوتە مەترسییەوە، فڕۆکەخانەی سلێمانی داخرا، فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردومان کرا و پارێزەرانی هەولێر شەهیدکران، هاووڵاتی کورد لە دوکان و پێنجوێن و گەرمیان و کۆیە بە درۆن شەهیدکران و ئاژانسەکەی ئەوان پێش ئەنادۆڵ، ئاماژەی بە شەهیدەکان دەکرد، ئیدی نازانم ئەوە مەترسی نەبێت، دەبێت چی شتێک مەترسی بێت؟
قەوارەی هەرێم ئەوکاتە مەترسی لەناوچوونی کەوتەسەر کە، گەنجی جوانی خوێنگەرم و خوێندکار و شەهادەداری کورد لەکوردستاندا نەما و سەری خۆیان هەڵگرت، یان چوونە غەریبی یان بوونە پارچە پوشوپەڵاشی دەم شەپۆلەکانی، دەریای ناوەڕاست. ئەگەر دڵسۆزێک هەبوایە تێدەگەشت ئەوە مەترسییە کە ئەو هێزە مرۆییە لەدەست بدرێت یان موچە لە بەغداوە بێت؟!
قەوارەکە لەو کاتەوە مەترسی لەسەرە، مرۆڤی کورد شەو و رۆژ رادەکات و هەڵپەی دێت، هێشتا کرێی خانووەکەیی پێنادرێت، کەچی زۆرینەی شوقە سەکەنییەکان و خانووەکان کرێچی عەرەبیان تێدایە و لەسەیرانگاکانی کوردستاندا رادەبوێرن و موچەخۆری کوردیش دوومانگ و چل رۆژ و پەنجا رۆژجارێک موچەیەک وەردەگرێت.
مەترسییە ئەوەیە، هونەرمەند و ئەکتەری کورد لە برسانا و بەنەبوونی دەمرن و سەردەنێنەوە، کەچی گوندی ئەڵمانی پڕە لە کچەمۆدێل و بیانی و ….هتد، و شەوە ئاهەنگەکانی هونەرمەندە بیانییەکان لە پایتەخت چەندان هەزار دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت.
قەوارەی هەرێم کاتێک هەرەسیهێنا، خێزانی کورد لەبەر نەبوونی و گیرفانخاڵێتی لەیەکتر هەڵوەشانەوە، (وەڵا) دادوەرێکی سلێمانی بە ئامانەتەوە ئامارێکی جیابوونەوەی خێزانی پێوتووم ناوێرم باسی بکەم لەبەر حاڵەتی دەروونی مرۆڤی کورد.
قەوارەکە کاتێک ئەرزشی نەما لەهەولێردا بە رۆژی رووناک هەڵدرایە مامۆستا و پەروەردە ئەتککرا، لەسلێمانیدا نزیکەی شەش مانگ بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن کرا و بەرپرسێکی حکومیی نەیوت داواکەتان راستە و بەدەم داوایانەوە نەچوون، کەچی بۆ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن سەرۆکی حکومەت، دەگاتە هەڵەبجە!.
قەوارەکە کاتێک تێکچوو، چەندان کەموکورتی دیکە لەم هەرێمەدا دەرکەوتن و کەس هەستی نەجوڵا لەئاستیاندا.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد