كەركوك، كوردبوون و یەكێتیبوون

باڵای كەركوك و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێندەی یەكتر كەڵەگەت و هێندەی كوردبوونیش لە خەمی یەكتردان، مرۆڤ لەم شارەدا لەگەڵ قوومە شیرەكانی منداڵیدا چێژی كوردبوون و یەكێتیبوون پێكەوە دەكات، بەبێ ئەوەی پەروەردەی سیاسی و لۆژیكیش قبوڵی ئەوە بكات منداڵ ببرێتە كۆبوونەوەی حزبی و رێكخستنەوە، منداڵەكانی كەركوك فێردەبن ئاڵایەكی سەوز بكەن بە پاسكیلەكانیاندا و وێنەیەكی رابەری گەورە مام جەلالیش هەڵبواسن و بە كوردی بدوێن. چەندە مرۆڤی ئەم شارە ئازار بدرێت و هەڵبوواسرێت!، یەكێتیبوون لەدەروونیان ناكەوێتە زەوی و خاڵی ناكرێنەوە لەم رۆحە پڕ خرۆش و باڵایەی یەكێتی، لێرەدایە كە ئەوان شەڕی یەكێتیبوون دەكەن، واتە شەڕی كوردبوون دەكەن و بەپێچەوانەشەوە. كاتێك رێگە نادرێت لە كەركوكدا پرسی هەڵبژاردن و پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلابكرێتەوە، بۆخۆی ترسە لەو واقیعەی كە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، واتە لەلایەن كوردەوە. هەر ئەمەشە وادەكات یەكێتیبوون لەلای كەركوكییەكان گەورەبێت هێندەی كوردبوون.

پاشان ئەمەش وادەكات كە كاتێك یەكێتی بەهێزە واتە هەموو كورد بەهێز بێت لە كەركوكدا.

یەكێتیبوون لە كەركوكدا، شاهیدبوونە لەسەر ناسنامەیەكی گەورە كە پێیدەگوترێت كوردبوون، كاتێك سەیری وێنە گشتییەكە دەكەین، بەو شێوەیە واقیعمان پیشاندەدات كە، تاكی كوردی كەركوكی لەنێوان حزبە كوردییەكاندا پەنجەمۆر لەو حزبە دەدەن كە كوردبوون پێش حزبییبوون و بەرژەوەندییە حزبییەكانیان دەخەن. باشترین ناوچە بۆ بەحزبیكردنی تاك؛ كەركوك بووە، چونكە شاهیدیدانی كەركوكییەكان بۆ یەكێتی، نەتەوەییبوونەكەی بووە. ئەم شوناسەی یەكێتی لەدڵ و دەروونی كەركوكییەكاندا بەچەندان گیرەی مێژوویی داگوتاوە و شۆڕبووەتەوە بۆ چەندان وەچە. ئەمەش تەنها بە هوتافی سادە و خەیاڵپڵاوی نابێت، بەڵكو واقیعی دەنگدان و نوێنەرانی كورد لەو شارەدا روونی دەكاتەوە شارێكی كوردیی ــ یەكێتییە، ئەم دوو چەمكە هێزی بەرگری و ناوبانگی بە كەركوك بەخشیووە. وەك چۆن پێچەوانەكەشی راستە.

كەركوك سەرەڕای ئەو چاوچنۆكی و تەماحكارییەی كە لەسەری هەیە و ناونراوە “خاكی دوور”!، كەچی هێشتا لەنێوان دوو ناسنامەدایە. لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و “هەڵهاتن” لە كەركوك، كە ویسترا ئەو شارە لەسەر سینییەكی ئاڵتوونی بكرێتەوە بە “خاكی نزیك”! و چیرۆكی یەكێتی و كورد و كەركوك كۆتایی بێت، قسە هاتەسەر پۆستی پارێزگاری نوێ، “ئەردۆغان” وتی “پۆستی پارێزگاری كەركوك مافی توركمانەكانی ئەو شارەیە”، هەر زوو (حەیدەر عەبادی) رایگەیاند “ئەوەی ئەردۆغان دەیڵێت جگە لە زارهەڵدان هیچی دیكە نییە، پۆستی پارێزگار مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە”، لە كەركوكدا دروشم قسە ناكات بەڵكو واقیع دەدوێت و خۆیمان پیشان دەدات، 16ی ئۆكتۆبەریش هەڵهاتن و پیلانێك بوو دژی یەكێتی، بۆیە یەكێتی 80 شەهیدی دەبێت، ئەم شەهیدانە نەك پێگەی یەكێتی لە كەركوكدا لاواز نەكرد، بەڵكو پێگەی یەكێتی و كوردیشی بەهێزكردەوە و جارێكی دیكە كورد و یەكێتی بەرگرییان لە خاكی كەركوك و كورد كرد. ئەم خوێنڕشتنە راستە ئازاربەخشە بەڵام دەستكەوتە لەسەر بەردەوام بەزیندوێتی هێشتنەوەی ناسنامەی كەركوك وەك شارێكی كوردیی و (برایەتی).

مێژوو پێماندەڵێت: لە كۆنەوە بۆ ئەمڕۆ، كەركوك و كەركوكییەكان بە ئازاردان و پەستان و سزا دەستبەرداری شوناسی خۆیان نابن، هەركاتێك كەركوكییەكان زیاتر هەستیان بە پیلانگێڕیی و داوی شەیتانانەی نەیارەكانی كردبێت لە دژیی، ئەوا زیاتر هۆگربووە بەو شوناسە نەتەوەیی و حزبییەوە كە ناوی (كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ە. ئەم دوو وشەیە بۆ كەركوكییەكان بەدرێژایی مێژوو تەریببوونە بەیەكتر، هەریەكێك لەم دوو وشە گەنجینەیەكی باش بوونە بۆ خزمەتكردنی ئەوی دیكەیان، لەسایەی یەكێتیبوونێكی بەهێزدا كە كەركوكییەكان شاهیدی لەسەر دەدەن، كوردبوونێكی راستەقینەشمان بینیووە كە زۆر جیاوازە لەو كوردبوونە دەستكردە پڕ سیحر و هەڵخەڵەتێنەرانەیەی لەلایەن هێز و پارتی دیكەوە بۆ كوردایەتی لە كەركوك هەیە. كەركوك نەك هێزی بەرەنگارییە بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی، بەڵكو هێزی جیاكردنەوە و دیاریكردنی حزبی كوردییە كە كام حزب نەتەوەیی كاردەكات و كام حزب خەمخۆری ئەم نیشتمانەیە.

جەزابییەتی ئەم شارە وەهایە، دوو پێڕ ناتوانن لێی هەڵبێن و رابكەن لێی، ئەوانیش كەسی نەتەوەیی و حزبی نەتەوەییە، نەك لێی هەڵنایەن و راناكەن بەڵكو لە ناخۆشترین كات و لە سەختترین ئازاردا، زیاتر دەستلەملانێی یەكتر دەبن و زیاتر بۆلای یەكتر دەگەڕێنەوە و وەفا و كەرەم بۆ یەكتر دەنوێننەوە. بەپێچەوانەشەوە هەموو جارێك ئەو كەس و حزبانە لێیهەڵهاتوون و رایانكردووە كە هیچ هێزێك و هیچ عەتفێك لەنێوان ئەوان و كەركوكدا نەبووە و نابێت، بگرە زۆرجاریش دەستێكی دەرەكی _ هەرێمیی بوونە بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد و یەكێتی لە كەركوكدا. بەمانایەكی دیكە، سیفاتی مێژوویی و سروشتی ئەم شارە وەهایە كۆلكەی هاوبەشی لەگەڵ هەر حزبێكی كوردیی نەبێت، قبوڵی ناكات و فڕێی دەدات بە دەرەوە. ئەو گەرموگوڕییەی كەركوكییەكان لەگەڵ یەكێتی هەیانە وێنەدانەوەیەكە لەنێوان هەردوولادا، هەم كەركوكییەكان لە خەمخۆرێتی یەكێتی بۆ كەركوك و هەم یەكێتییش لە دڵسۆزی كەركوكییەكاندا بۆ كورد و یەكێتی دەیبینێت و هەستی پێكردووە و لەمێژوودا ئەم واقیعە چەندانبارە بووەتەوە.

هەر حزبێكی كوردی بەچاوی ئابووریی و زێڕی رەش و گەنجینەیەكی دەوڵەمەند لە كەركوكی روانیبێت، ئەوا كەركوك بەچاوی نادۆست و نانەتەوەیی و نادڵسۆزیی پاڵیپێوەناوە و فڕێیداوەتە دەرەوەی خۆیی و قبوڵی نەكردووە. جوانی ئەم شارە لەوەدایە، جگە لە كوردبوون و دڵسۆزیی، لەگەڵ هیچ حزبێكی كوردیی پەیوەندیی دروست ناكات، بەواتا لەگەڵ هەر حزبێكیش عاشقایەتی و دۆستایەتی بكات، ئەوا پەنجەمۆری كوردایەتی كەركوكە بۆ ئەو حزب و كەسە كە كەركوك قبوڵی دەكات.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا