ئاوات جەناب: دەسەڵاتدارانی عێراق لە ڕێككەوتننامەكان پەشیمان بوونەتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا بڵاوكردەوە و رایگەیاند: هەر لەسەرەتای ڕەوانەكردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحكومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێكەوتنانە پەشیمان بوونەوە كە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەنراوێك لە وەزیری دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم

ڕاستیەك هەیە كە كەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان بەدەربكات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاكسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ كات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیكەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت.

هەموو ئەو گۆڕانكاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق كراون كە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێكەوتن و لێكتێگەیشتنانەن كە لەپێش پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆكراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری كابینەكە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر دراو دواتریش ڕێكەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێكەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی 4 نیسانی 2023 بەئامادەبونی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد واژۆ كرا.

هەر لەسەرەتای ڕەوانەكردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحكومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێكەوتنانە پەشیمان بوونەوە كە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.

ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست كە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوككردنەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن كەئەوەش درێژكراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێكی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی كورد.

بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو كۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێكیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە كە بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان وەك هاوڵاتیەكی عێراقی نەكراوەو ئەوەش كارێك دەكات كە حكومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بەئەركەكانی خۆی هەستێت، بۆیە سەركۆنەی هەموو ئەو گۆڕانكاریە ستەم كارانەیە ئەكەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشكی كوردستان.

بەداخەوە جارێكی تر بەهۆی ناكۆكی و دووبەرەكی ناوماڵی كوردو بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا كێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەكان جیابكرێتەوە.
ئەو كەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووەو دۆخێكی بەسەر هەرێمی كوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێكی ترە كە ئۆباڵەكەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەكانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە كە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە.

وە ئۆباڵی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی كەلەمەودوا بەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حكومەتی عیراقدایە.

خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق كە بەناوی شەفافیەت و یەكسانیەوە ئەو هەموو كۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە تەنها لە 10% یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بكردایە، هەر هیچ نەبێت لە 10 ساڵی ڕابردودا بۆ یەك جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بكردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەكۆ نایاساییەكانی باركردنی نەوتیان سنوردار بكردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەكەی عیراق چارەنوسی دیاری بكرایە سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەكەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێ ی زەرەر مەندە و ئەگەر پێچەوانەكەی بكرایە سەرەڕای دەست خۆشی ئەو كاتە هەر فشارێكیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوایە لێكدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەكرد ….

خۆزگە بۆیەكجاریش پەرلەمانتارانی كوردم لە بەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێكیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا