قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق چەند پرسێك تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ڤیللە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسەكانی ژینگە و ریفۆرم لە دامەزراوەكانی هەرێم و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكان هەم بۆ چارەسەكردنی كێشە ناوخۆییەكان و هەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە ئێستادا لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە جۆرێك كە لە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندابێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر پرسی ژینگە و لێكەوتە مەترسیدارەكانی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان كرا. باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی كرد لە گرنگیدانی بە پرسی ژینگە و راشیگەیاند یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە هاوكاری هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی كێشە ژینگەییەكان.

لەم چوارچێوەیەدا تاوتوێی چەند پلانێك كرا بۆ پێكەوەكاركردنی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تا بە بەرنامەی هاوبەشەوە كاربكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەكان بەجۆرێك كە ئەم پرسە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عێراقدا.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم كرا. جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی هاوكارییەكانی یەكێتی ئەوروپای كرد لە ناردنی راوێژكار و پسپۆڕی ئابوری بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ریفۆرم.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا لەماوەی ساڵانی رابردوودا چاكسازییەكان قۆناغی باشی بڕیوە و گرنگترین هەنگاویش كە جێبەجێ كراوە ئەوەیە لە ئێستادا هەر فەرمانبەرێك خاوەنی ژمارەی كەسیی بێهاوتایە كە ئەم ژمارەیە بناغەی دروستكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنییە و هەروەها بنەمای سەرەكیشە بۆ دروستكردنی سیستمی بانكی پێشكەوتوو لە هەرێمی كوردستاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا