قائیمقامی سلێمانی: چیای گۆیژە بۆ هەموومانە با پێکەوە بیپارێزین

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی گۆیژە لە سوتان دەستیپێکرد و بۆ رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی دارستانەکانی گۆیژە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیش هەماهەنگی دەکەن و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت هاوکاربن.

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەتایبەت لەو ناوچانەی بەهۆی نزیکبونەوەی وەرزی هاوین و بەرزبونەوی پلەکانی گەرما ئەگەری کەوتنەوەی ئاگری لێدەکرێت، ئەمرۆ سێشەمە 9ی ئایار، لە دیوانی قایمقامیەت لیژنەی فریاگوزای خێرا بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرێوەبەران و نوێنەری بەڕێوبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە دانانی پلانێکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەگەرەکانی هەر ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە شاخی گۆیژە و هەماهەنگیکردنی دامودەزگا فەرمییەکانی سنوری ئیدارەی شاری سلێمانی تاوەکو پاڵپشت و هاوکاری یەکتربن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.

ئاشکرایکرد، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی هەمەلایەنە کرا لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ئەو ناوچانەی مەترسی دروستبوونی ئاگرکەوتنەوەی خێرای لێدەکرێت، لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی، کە پێویستە پێشوەختە بگیرێتەبەر تاوەکو هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕونەدات، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی ورد کرا بۆ ئەوپێشنیارانەی کە لەلایەن لیژنەکەوە خرانەڕوو.

هاوکات، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا هەڵمەتەکان بۆ دروستکردنی ئاگربڕ دەستپێبکەن و هەتا ئەو کاتەی مەترسی کەوتنەوەی ئاگر نامێنێت تیمی تایبەتی پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتن و شارەوانی و دارستان و پاوان بەردەوام چاودێری شاخی گۆیژە دەکەن و هەماهەنگی لەنێوانیاندا دەبێت.

لای خۆیەوە قائیمقامی سلێمانی، سەرەڕای جەختکردنەوەی لە پاراستنی شاخی گۆیژە لە سوتان، ڕایگەیاند: “پاراستنی شاخی گۆیژە ئەرکی هەموو لایەکە، بەشێکی لە ئەستۆی دامودەزگا فەرمییەکانی سنوری ئیدارەی شاری سلێمانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە و بەشەکەی تری بەستراوەتەوە بە ئاستی ڕۆشنیری ئەو هاوڵاتی و گەشتیارانەی کە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان ڕوو لە شاخی گۆیژە دەکەن”، وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە هاوکاربن تاوەکو پێکەوە بتوانین خزمەتێکی زیاتر بە شاری سلێمانی بکەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا