وتەبێژی پارتی: بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتیدا هەیە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی هەیە، دەشڵێت، “پارتی و یەكێتی لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن لە گفتوگۆ بەردەوامن.”

رۆژی چوارشەممە 08-06-2022، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی هەڵوێستی حیزبەكەی لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عێراق وتی، “هەڵوێستمان لەبارەی پرسی سەرۆككۆمار هەمان شتە، كە دوو رۆژی رابردوو رێبەر ئەحمەد رایگەیاند.”

رۆژی 06-06-2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “تاوەكو ئێستا بابەتی پۆستی سەرۆككۆمار لەو كۆبوونەوانەدا باس نەكراوە كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كراوە، پارتی پێداگرە بۆ سەرخستنی پاڵێوراوی خۆی، من كە پاڵێوراوم بۆ ئەو پۆستە سەربەرزییە، هەوڵدەدەین لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆ لە هەرێمی كوردستان و بەغدا لێكتێگەیشتنی باش هەبێت”.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، مەحموود محەممەد وتی: “پێشكەوتنێك هەیە، لە بەردەوامی ئەو كۆبوونەوانەی كە دەكرێت و ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ یەك بە راشكاویی دەیكەین، ئەمە هەوڵێكە بۆ دەرچوون لەو دۆخەی كە دروستبووە. هەوڵێكە بۆ رێگە دۆزینەوە كە چۆن ئەو كێشانەی هەن چارەسەر بكرێن”.

بە وتەی مەحموود محەممەد، ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە پرسی هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن “پێویستی بەوەیە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و هەر حیزبە و لەلای خۆی و پەرلەمان و دامودەزگا شەرعییەكانیش لەو بابەتە بەشداربن و هەڵسەنگاندن بۆ بیروبۆچوونەكان بكەن، ئەوەی بە قازانجی خەڵكی كوردستان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسییە بە شێوەیەكی ئیجابی، بەو ئاراستەیە بچن”.

سەبارەت بە وادەی بەستنی كۆنگرەی حیزبەكەشیان، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە كرد: “كۆنگرە لە پاییزی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، زۆربەی ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدراوە، ئەوانەشی كە ماون لەم رۆژانەدا دەستپێدەكرێت بۆ ئەنجامدانیان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا