پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 32 ساڵەی ڕاپەڕینی هەولێر ڕایگەیاند، هێشتاش میلەتەکەمان بەو ئامانجەی نەگەیشتووە کە زۆر لەمێژە ئازادیخوازانی گەلەکەمان قوربانی لەپێناو دەدەن، ئەمەش تەنها و تەنها بە یەکگرتوویی، یەکڕیزی و بەرنامەی هاوبەشی نیشتمانی وەدی دێت.
ئەمڕۆ هەینی کۆسرەت رەسول عەلی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی یادی 132 ساڵەی ڕاپەڕینی هەولێری کرد و وتی، خەڵکی شارەکە بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە “زوڵم و ستەم، نادادی و جیاکاری قبوڵ ناکات و بەرەنگاری دەبێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، 32 ساڵ لەمەوبەر، وەک بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی بەوپەڕی شانازییەوە لەلایەن بەرەی کوردستانی سەرپەرشتیی رزگارکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا.
باسی لەوەش کرد، بە بەشداریی خەڵکی قارەمان و تێکۆشەر و کۆڵنەدەری هەولێر، رێکخستنە نهێنییەکان، شانە چەکدارەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان توانیمان لە کەمترین کاتدا سەرجەم شارەکە رزگار بکەین و بۆ مێژوو ئەو سەروەرییەمان تۆمار کرد و لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەی شارەکەی خۆمان لە بەردەم قەڵا خۆڕاگرەکەی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.
دووپاتیشی کردەوە، “ئەرکمانە بەخۆماندا بچینەوە و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان.”