پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆك كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی دووشەممە 6-3-2023 لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئۆدری ئازولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ و وەفدی یاوەری بە ئامادەبوونی ئەحمەد بەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و ئیبراهیم نامێس وەزیری پەروەردە و وادیح بێتی باڵیۆزی عێراق لە فەڕەنسا .
لە میانی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی گرنگیدان بە زیندووكردنەوەی شوێنەوار و كەلەپوری دەوڵەمەندی عێراق و كاركردن بۆ سەرپێخستنەوەی ئەو شوێنەوارانەی زیانیان بەر كەوتووە لە ئەنجامی ئەو وێرانكارییەی بە دەستی تیرۆر كەعێراق رووبەرووی بۆتەوە، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە پێویستیی بەهێزكردنی ئامرازەكانی هاریكاریی نێوان عێراق و یونسكۆ و كاركردن بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست، هەروەها پاراستنی كەلەپوری وڵات و فرەرەنگیی كەلتوری.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا كە عێراق دەوڵەمەندە بە تایبەتمەندییە شوێنەوارییەكانی، بە ئاماژەدان بەو شارە دێرینەی كە بەم دواییە لە پارێزگای دهۆك دۆزرایەوە و چەندین شوێنی دیكەی مێژوویی كە هێشتا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەدا نەدۆزراونەتەوە، جەختی كردەوە لە پێویستیی ئەنجامدانی پشكنینی بەردەوام بە پێكهێنانی تیمێكی كاركردنی هەمیشەیی.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا كە دۆخی ئەمنی لە عێراق سەقامگیرە و كەرتی گەشتیاری لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.
سەرۆك كۆمار تیشكی خستە سەر ئاستی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری لە عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە عێراق ڕەمزی پەروەردە و ڕۆشنبیری بووە و دەبێت دەست بكرێت بە پەرەپێدانی ژینگەی پەروەردەیی.
لە بەرامبەردا ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ، دەستكەوتە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەكانی عێراقی بەرز نرخاند، هەروەها پاراستنی كەلەپورو كەلتووری و مرۆیی و شوێنەواریی وڵاتەكەی بە ئەركێكی گرنگدانا، جەختیشیكردەوە لەسەر ئامادەیی ڕێكخراوەكە بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەك بۆ عێراق لە پێناو پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوری عێراقی.