بەریتانیا چیرۆكی كوژرانی بەناز مەحمودی كردە زنجیرەی تەلەفزیۆنی

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

كەم نین ئەو چیرۆكانەی رۆژانە لەبارەی توندوتیژی و كوژرانی كچان و ژنانی كوردەوە بەهۆكاری جیاجیا لە هەرێم و وڵاتانی جیهاندا دەبیسترێن، هەر چیرۆكێك لەوانە شایەنی ئەوەیە بكرێنە فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی و بكەونە بەر چاوی تەواوی جیهان.

چیرۆكی كوژرانی بەناز مەحمودیش یەكێكە لە چیرۆكە تراژیدییەكانی دیكەی ژنانی كورد لە بەریتانیا و كرایە زنجیرەی تەلەفزیۆنی و بڕیارە ٢٨ و ٢٩ی ئەیلول پەخش بكرێت.

ساڵی ٢٠٠٦، بەناز مەحمودی ٢٠ ساڵ بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە لەلایەن باوكی و مامی لە لەندەن كوژرا.

دواتر پێنج ئەندامی خێزانەكەی بە تۆمەتی تاوانی كوشتنی بەناز سزای توندیان بەسەردا سەپێنرا.

 

چیرۆكی كوژرانی بەناز مەحمود یەكێكە لە چیرۆكە تراژیدییەكانی دیكەی ژنانی كورد لە بەریتانیا و كرایە زنجیرەی تەلەفزیۆنی

باوكی بەناز لەدوای دادگاییەكە، سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئاری برای سزای ٢٣ ساڵ و محەمەد حەمە سزای ١٧ ساڵیان بەسەردا سەپێنرا، هاوكات، محەمەد عەلی و عومەر حسێنی كوڕە مامی سزای زیندانی هەتاییان بەسەردا سەپێنرا.

دوای چەند ساڵێك لەو رووداوە زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئۆنەر “Honour” لەسەر چیرۆكی راستەقینەی كوژرانی بەناز بەرهەمهێنرا، زنجیرەكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، لەلایەن گوینەس هیوز نوسراوە و لەلایەن ریچارد لاكستن كاری دەرهێنانی بۆكراوە.

 

ساڵی ٢٠٠٦، بەناز مەحمودی ٢٠ ساڵ بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە لەلایەن باوكی و مامی لە لەندەن كوژرا

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ دەستكرا بە بەرهەمهێنانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی “Honour”، لە سەرەتادا وا بڕیاربوو لە كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوبكرێتەوە، بەڵام دواتر دواخرا.

لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ كەنالی “BBC” پایزە مەحمود خوشكی بەناز باسی لەوەكرد، دوای كوژرانی خوشكەكەی هەموو رۆژەكانی بووەتە دۆزەخ.
پایزە خوشكی بەناز بوو، كاتێك خوشكەكەی لە باشوری لەندەن كوژرا ئەو لە تەمەنی هەرزەكاری دا بوو، پایزە دەڵێت، “كوشتنی بەناز یەكەم و كۆتا تاوان نییە لەژێر ناوی شەرەفدا، ئەو بەر لە كوژرانی پێنج جار پەنای بردە بەر پۆلیس تا داوای یارمەتی بكات”.

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ دەستكرا بە بەرهەمهێنانی زنجیرەکە و لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت

بەناز و پایزە لە تەمەنی ١٧ و ١٦ ساڵیدا بەزۆر بەشوودران، لە ئێستادا پایزە وەك چالاكوان دژی هاوسەرگیری منداڵان كار دەكات.

لەلایەكی دیكەوە، بەپێی راپۆرتی میدیاكانی بەریتانیا، هەتا ئێستا بێخاڵی خوشكیان كە لە دادگاییەكەی باوكیدا وتەی لێوەرگیراوە و بەڵگەی داوە، خۆی حەشارداوە و نادیارە.

“هیوای گەورەم بەوەیە ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییە گفتوگۆی راستگۆیانە لەلای ئەو كەسانە بهێنێتە ئاراوە كە تەماشای دەكەن، ئەگەر دووچاری حاڵەتی لەو شێوەیە هاتن بزانن چۆن بەشێوازێكی دروست مامەڵە بكەن و پەنا ببەنە بەر پۆلیس و بەبێدەنگی نەمێننەوە”، پایزەی خوشكی بەناز وادەڵێت.

بەناز مەحمود لە لەندەن دەژیا، بەهۆی ئەوەی لەتەمەنی منداڵیدا بەشوودرابوو، بڕیاریدا جیابێتەوە، دوای ئەوەی لە هاوسەرگیرییەكەی پەشیمان بووەوە و كەسێكی دیكەی بۆ ژیانی خۆی هەڵبژارد، بەوهۆیەوە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ماڵی باوكییەوە دووچاری ئەشكەنجەدان و خنكاندن بە گوریسی پلاستیكی بووەوە.

ئەو رووداوەش لەوكاتەدا دەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتی بەریتانیا و وڵاتانی دیكەی جیهان لێكەوتەوە.

بڕیارە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە زنجیرە درامای ئۆنەر “Honour” كە چیرۆكی سەرەكی لێكۆڵینەوەیە لە دۆسیەی كوژرانی بەناز مەحمود بڵاوبكرێتەوە.

 

ترەیلەری زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا