بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت واز لە دروشم بهێنین و بەکردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگردا تێدەپەڕێت و بە خەمێكی قووڵەوە یادی ئەو كارەساتە گەورەیە دەكەینەوە كە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و وتی، “دەبێت لەم رۆژەدا واز لە دروشم بهێنین و بەکردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین”.

باسی لەوەشکرد، “بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەکانی ئەم برینە ساڕێژ بکەین و هیوا بۆ هەڵەبجەییەکان بگەڕێنینەوە. پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکاتەوە”.

وتیشی، “داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستە بداتەوە و خزمەتی زیاتری هەڵەبجەییەکان بکات. دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات”.

جەختی لەوەشکردەوە، “دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگا و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا هاوبەشین و دەبێت کارێک بکەین جارێکی تر هاووڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەهامەتی نەبنەوە. دەبێت هەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەیەک چاو سەیربکرێن و خزمەت بکرێن”.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاماژەی بەوەکرد، “ئازادیی ئەمڕۆ و دروستبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی خەڵکە، ئەرکی ئێمەیە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵبگرین و بەرامبەر قوربانییەکانیان وەفاداربین، سڵاو لە رۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا