لابردنی فلتەر و گۆڕەری هەوا لەلایەن كارگەكانەوە، ژینگەی هەرێمی شێواندووە

پۆڵەتیك پرێس

پابەندنەبوونی بەشێك لەكارگەكان بەرێنماییە ژینگەییەكانەوە بەتایبەت لابردنی فلتەرو گۆڕەری هەوا كاریگەری خراپی لەسەر پیسبوونی هەوای هەرێم هەیە، داواشدەكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی توندتر لەبەرامبەر ئەو كۆمپانیایانەدا بگرێتەبەر.

بەپێی رێنماییەكان نابێت كۆمپانیاكان هیچكاتێك فلتەرو گۆڕەری هەواكانیان لاببەن، چونكە ئەوە زیانی زۆر بە بەرگە هەوا دەگەینن و هۆكاری سەرەكین بۆ پیسبوونی ژینگە.

داوا دەكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی توندتر لەبەرامبەر كۆمپانیاكاندا بگرێتەبەر

بە وتەی چالاكانی ژینگە كارگەكانی چیمەنتۆو قیرو ئاسن لەو كارگانەن زۆرترین پێشێلی رێنماییە ژینگەییەكان دەكەن، داواش دەكەن لایەنی بەرپرس بەدەم چارەسەری ئەو گرفتانەوە بڕوات.

مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، زۆربەی كارگەكان وەك پێویست رێنماییە ژینگەییەكانیان پەیڕەو نەكردووە، پاشەڕۆی كارگەكان بەجۆرێكن كە بەشێكیان زۆر زۆر مەترسیدارن بەتایبەت كارگەكانی ریسایكلین، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لەمانە بپرسێتەوە و بەدواداچوونی جددی بۆ بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشی هەرە زۆری كارگەكان چەندین مەترسیان دروستكردووە، ئەو دووكەڵەی كارگەكان مەترسیدارە كاریگەری هەیە لەسەر ئاوی ژێر زەوی و خاك و مرۆڤ و ژیانی باڵندەكانیش، چونكە ئەو مادە پاشماوانە بەشێوەیەكی نازانستی بێتە دەرەوە كاریگەری قورس لەسەر ژینگە دروست دەكات.


بەرپرسانی فەرمانگە ژینگەییەكان باس لەوەدەكەن ئەوان چەند لیژنەیەكیان هەیە كە بەردەوام چاودێری كارەكانی كۆمپانیا دەكەن، هەر كۆمپانیایەكیش سەرپێچی هەبێت ئەوا سزایان دەدەن.

سوبحان حسێن لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، كارگەكان چ چیمەنتۆ چ ئاسن چ قیر، هەموو ئەم كارگانە پێویستیان بە دانانی فلتەر دەبێت، بەڵام هۆكاری لابردنی ئەو فلتەرانەش لەلایەن كارگەكانەوە ئەوەیە ئەم فلتەرانە كارەبایەكی زۆر خەرج دەكەن و پارەیەكی زۆر لەسەر كارگەكە دەكەوێت، بۆیە هەیانە ناو بەناو فلتەرەكانیان دەكوژێننەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، فلتەرە رێگرە لە پیسبوونی ژینگە، بەڵام زیانی كوژاندنەوەی فلتەر ئەوەیە هەموو ئەو مادانەی لە بەرهەمهێنانی مادەكانەوە دروست دەبێت دەچێتە بەرگە هەواوە بەوەش تەپوتۆزی كارگەكان و گازەكانیش بەشێوەی جۆراوجۆر زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و بەبێ فلتەر هەموو مادە خراپەكان دەچنە هەواوە و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.

سوبحان حسێن وتیشی، “ئێمە لە فەرمانگەی ژینگە چوار لیژنەمان هەیە، سێ لیژنە لە بەیانیاندا بەگوێرەی كارگەكان كارگەی بچوك و ناوەند و گەورە بەسەر دەكەنەوە، لیژنەیەكیش هەیە ئێوارانە بۆ دوای دەوام بۆ چاودێری كارگەكان لە ئێواران و شەواندا، لیژنەكە شوێنەكە دەبینێت، بەگوێرەی حاڵەتەكە سەرەتا ئاگاداركردنەوەیەكی دە رۆژیان پێدەدرێت دواتر ئاگاداركردنەوەی دووەم و دواتر ئاگاداری كۆتایی، دواتر دەچێتە غەرامە و ئەگەر هەر دووبارە بووەوە كارگەكە دادەخرێت”.

 

ئەو فلتەرانە كارەبایەكی زۆر خەرج دەكەن و پارەیەكی زۆر لەسەر كارگەكە دەكەوێت، بۆیە هەیانە ناو بەناو دەيكوژێننەوە

زیانی كوژاندنەوەی فلتەر ئەوەیە هەموو ئەو مادانەی لە بەرهەمهێنانی مادەكانەوە دروست دەبێت دەچێتە بەرگە هەواوە، بەوەش تەپوتۆزی كارگەكان و گازەكانیش بەشێوەی جۆراوجۆر زیان بە ژینگە دەگەیەنێت

لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان باس لەوەدەكەن، رۆژ بەرۆژ لە هەرێم ژمارەی كارگەكان روو لە زیادبوون دەكەن، بۆیە ئەوان بەدواداچوونی تەواو بۆ كاری كارگەكان دەكەن و هەوڵی بەسزاگەیاندنی سەرپێچیكاران دەدەن.

لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەبارەی ئەم پرسەوە تا ئێستا هیچ سكاڵایەكیان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام لە لیژنەكەیان بەدواداچوونی بۆ دەكەن.

دەشڵێت، “لە زۆر شوێنی هەرێمی كوردستان كارگەكان پابەندی رێنماییە ژینگەییەكان و پاراستنی ژینگە نابن، ئەمەش پێویستی بەگرتنەبەری رێكاری توندتر هەیە، چونكە ژمارەی كارگەكان روو لەزیادبوونە، ئەركی ئێمە تەنها بەدواداچوون نیە، بەڵكو سەرپێچیكارانیش رووبەڕووی سزا دەكەینەوە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا